تەنها داخستنی یانەکان بەسە ؟

هیوا حسن

کورد میللەتێکی بەئەخڵاق و بەشەهامەتە و هەمیشە لەخەمی پاراستنی داب و نەریتە جوانەکەی کوردەواری بووە ، مێژوو شاهیدە کە لەخراپترین دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریدا کۆمەڵگای کوردی دەستی گرتووە بە بەها ئەخڵاقیەکانیەوەو نەچووەتە ژێر باری کارە خراپەکاندا، بۆیە ئەتوانین بڵێین بەدڕەوشتی و کاری نەشیاو نامۆ بووە بە کەلتورو داب و نەریتی میللەتەکەماندا.

لەچەند رۆژی رابردوودا بەبڕیارێکی سەرۆکی یەکێتی چەند مەلهاو سەنتەرێکی شەوانەیان لەشاری سلێمانی داخست، دیارە ئەمە رەنگدانەوەیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناو بووە خواست و باسی سەر کەناڵ و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و قسەی زۆری لەسەر کراو هەندێ دژو هەندێکیش پشتیوانی بوون، هەر بۆیە منیش وەک هاوڵاتیەکی ئەم ووڵاتە پێم خۆشە چەند قسەیەک لەسەر ئەم بابەتە بکەم و دەندەشەیەکی هەمەلایەنەی بۆ بکەم بەم شێوەیەی خوارەوە:

یەکەم: ئەگەر لەڕوی یاساییەوە بڕوانینە ئەم بڕیارە ، ئەمە بڕیارێکی تەواو حزبیەو هیچ بڕگەیەکی یاسایی لەخۆ نەگرتووە لەکاتێکدا یەکێتی ئەیتوانی لەڕێگای جێگری سەرۆکی حوکمەت یان جێگری وەزارەتی ناوخۆوە یان لەڕێگای پارێزگارو قائیمقامی ناوەندی سلێمانیەوە بەبڕیارێک ئەم کارەی بکردایە،ئەوکات هەم بڕیارەکە گشتگیر ئەبوو بۆ هەموو ئەو شوێنانەی دیکەش کە تاکو ئێستا دەستی بۆ نەبراوە،هەمیش بەرگێکی یاسایی لەخۆ ئەگرت و کەسیش نەی ئەتوانی قسەی لەسەر بکات .

دووەم: هەروەک لەسەرەتاوە باسمان کرد کورد میللەتێکی بەئەخڵاقەو ئەم کارە نەشیاوانە نامۆیە بە کۆمەڵگاکامان ، بۆیە ئەو لەشفرۆشانەی لەو یانانەدا هەیە زۆربەی هەرە زۆریان لەووڵاتانی دراوسێکانمانەوە هاوردە کراوەو مۆڵەتی یاساییان وەرگرتووە، ئەکرا هەر لەسەرەتاوە رێگری بکرایە لەو لێشاوە سۆزانیەی کە هاتبونە ناو هەرێمی کوردستانەوە.

سێیەم: گومانی تێدا نییە کردنەوەی ئەو هەموو سەنتەری مەساج و یانە شەوانیانە بەرپرسێکی باڵای لەپشتەوەیەو وا بەئاسانی دەستبەرداری ئەو کارەیان نابن ئەگەر سزا نەدرێن بەبێ گوێدانە ئەوەی لەچی ئاستێکی حزبی و پلەو پایەیەکدایە.

چوارەم : ئەگەر ئەم بڕیارە بۆ ماوەیەکی کاتی نییەو بۆ موجامەلەی هەندێ لایەن و کەسایەتی ئایینی نییە پێویستە هەنگاوەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردە ناشرینیانە بەرفراوانتر بکرێت و هەموو ئەو سەنترو قومارخانەو شوێنانەش بگرێتەوە کە هەتا ئێستاش دەستیان بۆ نەبراوە وەک باخی هەندێ لەبەرپرسەکان کە هیچی کەمتر نییە لە یانە شەوانەکان.

لەکۆتاییدا ماوەتەوە بڵێم هەموو بڕیارێکی باش ئەگەر لەڕێگای دام و دەزگا فەرمیەکانی حکومەتەوە بێت قورسایی و پشتیوانی زیاتری ئەبێت و رای گشتی بۆلای خۆی رائەکێشێ، بەپێچەوانەوە ئەگەر لەلایەن سەرکردەو حزبی سیاسیەوە بێت هەم ناتوانرێ وەک خۆی جێبەجێ بکرێت ، هەمیش پرسیارو شک لای خەڵکی دروست ئەکات، واتا ئەم بڕیارە لەناوەڕۆکدا گرنگەو جێگای دەستخۆشیە  بەڵام لەبەر ئەوەی ناوەندی بڕیارەکە حزبیە ،بۆیە هەرکات بەرژەوەندی حزب وابخوازێت رەنگە زۆر بەئاسانی لەو بڕیارە پاشگەز ببنەوەو ئەو دیاردە ناشرینانەش بەرفراوانتر بکرێت.

24/12/2022



وتارەکانی تری نوسەر