ژینا سمبوڵی بەرخودان

هیوا حسن

هەر کارێک گەر بەزۆرو لەڕێگای هێزەوە بەسەر کەسێک یان میللەتێک گروپێک سەپێنرا ، دەرەنجام لە هەڵکەوتنی فرسەتێکدا کاردانەوەی توندی لێ ئەکەوێتەوەو بێ گوێدانە ئاین و نیشتمان و مەزهەب سوکایەتی بەو کارە زۆرەملێیە ئەکەن و بەڕویاندا دەچنەوە ، بۆ نمونە میللەتی کورد دەیان ساڵە خەبات بۆ رزگاری نەتەوەیی ئەکات بەڵام کاتێک دەسەڵاتی کوردی زوڵم و ستەم لەمیللەتەکەی ئەکات ئەبینین کە چۆن خەڵکی نەفرەت لەخەبات و مێژوی گەلەکەی ئەکات و تەنانە سوکایەتی بە پیرۆزیەکانی نیشتمانیش ئەکەن، نمونەیەکی زیندوی دیکە کاتێک شیعەکان لەژێر دەسەڵاتی سیاسیەکانی شیعەدا لەناوەڕاست و خواروی عێڕاقدا ژیانێکی سەخت بەڕێ ئەکەن بینیمان چۆن لەساڵی 2021 گەنجی ڕاپەڕیوی ئەو ناوچانە ئاگریان لەهەندێ مەرقەدە پیرۆزەکانی شیعە بەرداو سوکایەتیان پێکرد.

کاتێکیش جمهوری ئیسلامی ئێران بەزۆر و لەڕێگای هێزەوە بەزۆرەملی بەناوی ئایینەوە سەرپۆشی بەسەر ژنانی ئێراندا سەپان ، بەڵام کاتێک ژینا ئەبێتە قوربانی ئەو بڕیارەی  دەسەڵات بەبیانوی ئەوەی لەچکەکەی تەواو نەبەستووە ، بینمان چۆن ژنانی ڕاپەڕیوی ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەگژ دەسەڵاتی پۆپۆلۆستی و دواکەوتوی ئێراندا چونەوەو وەک بەرپەرچدانەوەیەکیش بۆ ئەو تۆمەتەی بۆ کوشتنی کچێکی کورد هەڵیان بەستبوو چۆن ژنانی خۆپیشاندەر لەناوەڕاستی شەقامەکان لەچکەکانیان بەبەرچاوی دام و دەزگا ئەمنیەکانەوە سوتان، ئەوە ئەو کاردانەوە جەماوەرییەیە کە دەیان ساڵە لەدڵ و هزری گەلانی ئێرانەوە پەنگی خواردووەتەوە، دەرەنجام ژینا ئەبێتە سمبوڵی ئەو خەباتەو کە دوور نییە کۆتایی بەو دەسەڵاتە مەزهەبییە بهێنێت، یان هیچ نەبێت پەیامێک بێت بۆ دەسەڵات کە هیچ بڕیارێک هەرچەندە لەروی ئایینیشەوە بێت تاسەر ناتوانێ بەسەر خەڵکدا بچەسپێنرێت.

لێرەوە ئەگەینە ئەو ئەنجامەی کە هەر دەسەڵاتێک بیەوێ بەزۆر دوور لە ئازادی تاکەکان بڕیاری نابەجێ بەسەریاندا بچەسپێنێت ،دڵنیابن دەرەنجام ئەو بڕیارانە ئەبێتە بەنزین و ئەرژێتە سەر کوانوی ئەو خەباتەی کە بۆ لەناوبردنی دەسەڵات هەڵ ئەکرێت.


21/09/2022



وتارەکانی تری نوسەر