تەریک مانەوەی پارتی

هیوا حسن
هەرگیز پارتی ئەوەندەی ئێستا بێ پشتیوانی ناوخۆو دەرەکی نەبووە ، ئەویش ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەڵە گەورەیەی کە پێی وایە هەڵبژاردن واتا بردنەوە، پارتی پێی وابوو ئەتوانێ لەڕێگای فشارەکانی بۆسەر کۆمسیۆن و لایەنە عێڕاقیەکان و دادگای فیدڕاڵی مەرجەکانی بۆ هەڵبژاردن ئەچەسپێنێت چونکە بۆ یەکەمینجارە پارتی لەبەردەم هەڵبژاردنێکە کە تەواوی ڕێگاکانی تەزویری لەدەست دەرکراوەو ناتوانێت بەئارەزوی خۆی کورسیەکانی پەرلەمان خۆش و بەش بکات.

بەڵام دواجار فشارەکانی بوونە بڵقی سەر ئاو و تەنانەت کۆمسیۆن رازی نەبوو کە کەمترین مەرجەکانی پارتی جێبەجێ بکات ، لەولاشەوە دۆستەکانی پارتی لەهێزو لایەنە عێڕاقیەکان نەیانتوانی شەفاعەت بۆ کەمترین لە داخوازیەکانی بکەن چونکە ئەوان باش ئەزانن بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی هیچ ئەگەرێکی دیکە هەڵناگرێت، ووڵاتانی دەرەوەش وەک ئەمریکاو بەریتانیاو تەنانەت یۆنامیش جگە لەنەسیحەتکردنی پارتی بەوەی ئەبێت بەشداری هەڵبژاردن بکات و رازی بێت بەوەی دادگای فیدڕاڵی بڕیاری لەسەر داوە هیچ ڕێگایەکی دیکەیان پیشانی پارتی نەداو بەتەنیا جێیان هێشت . 

بۆ یەکەمینجاریشە لەناوخۆی هەرێمی کوردستان جگە لە مونا قەهوەچی و چەند دوکانێکی سیاسی پێکهاتەکان هیچ لایەنێکی سیاسی پشتی پارتیان نەگرت و هەموو لایەنەکان لیستی کاندیدەکانی خۆیان ڕادەستی کۆمسیۆن کرد وەک ئامادەکاریەک بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن.

ئێستا پارتی لەبەردەم دوو ئەگەردایە یان ڕێگا بدات هەڵبژاردن وەک ئەوەی کۆمسیۆن ئامادەسازی بۆ کردووە لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت و پارتی لەدەرەی دەسەڵات بێت بۆ چوار ساڵی داهاتوو کە ئەمە رێگا راستەکەیە ، یان ئەوەتا ڕێگری بکات لەئەنجامدانی هەڵبژاردن لە زۆنەکەی خۆی کە ئەمەیان پارتی بەرەو چارەنوسێک ئەبات کە هەرگیز بە خەیاڵیدا نەهاتبێت ئەمیش لەژێر رۆشنایی ئەو گفتوگۆیانەی کە لەم ماوە کورتەی دوایی بارزانی ئەنجامیدا لەگەڵ نوێنەرانی دبلۆماسی ووڵاتە زلهێزەکان کە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەم سیاسەتەی پارتی نەبوون و بگرە هۆشداریشیان پێداوە لەئەگەری هەر ڕێگریەک دەرەنجامەکانی بۆ پارتی چاوەڕوان نەکراو ئەبێت .

01/04/2024



وتارەکانی تری نوسەر