بۆ كاكی سەرۆك و جێگرەكەی

هیوا حسن

نزیكەی ساڵێكە بەهەموو هێزێكتانەوە دژایەتی یەكتریتان كرد، لەشكرێك لەكادرو مەكینەی ڕاگەیاندنەكانتان بەرداوەتە گیانی یەكتری و ئەوەی خوا پێی ناخۆش بوو كرتان، كار گەیشتە ئەوەی هەڕەشەی دوو ئیدارەیی و تەقینەوەی دۆخەكەتان لەیەكتری  ئەكرد، ئەمە جگە لەوەی  هەردوولا یەكتریتان تاوانبار ئەكرد بە دزینی داهاتی سنوری زۆنی بەرامبەر،پێم وایە لەمەیاندا راستگۆ بوتان، بەكورتی و بەكوردی زمانی گفتوگۆ بەتەواوی لەنێوانتاندا غائب بوو، كەچی بە قودرەتی قادر و لەنیوەڕۆ خوانێكدا كاكی سەرۆك و جێگرەكەی ئاوێكیان كرد بەو ئاگرەی كە بەناوی بەرژەوەندی خەڵكەوە لەماوەی نزیكەی  ساڵێكدا هەڵیان گیرساندبوو.
لێرەوە چەند پرسیارێك دێتە ئاراوە ئەرێ گەلۆ ئەگەر ئەم شەڕە بۆ بەرژەوەندی خەڵكی بوو ؟ كوا چیتان لەژیانی خەڵكی گۆڕی؟ ئەی ئەگەر ناكۆكی بیروڕای جیاوازە لە چۆنیەتی حوكمڕانیتاندا ؟ دەی پێمان بڵێن چیتان لەسیستەمی حوكمڕانی گۆڕی؟ ئەی ئەگەر كێشەكانتان ئەوەندە بچوك و سەرەتاییە ئەی لەو ماوە زۆرەی رابردوودا بۆچی چارەسەرتان نەكرد؟ یان ئەگەر كێشەكانتان ئەوەندە قوڵ و ئاڵۆز بوو چۆن لەنیوەڕۆ خوانێكدا وا بەئاسانی  چارەسەرتان كرد؟ لێرەوە بۆمان رون ئەبێتەوە ئەوەی ئێوە كرتان جگە لەیاریەك بەمەبەستی دواخستنی هەڵبژاردن و چەند دەسكەوتێكی حزبی و داخستنی چەند مەلەفێكی ئەمنی هیچی دیكە نەبوو.
لەكۆتاییدا پێویستە سەرۆك و جێگرەكەی ئەو راستیە باش بزانن كە ئەم شێوازە لە حوكمڕانیەی ئێوە دەستان داوەتێ دەرەنجامێكی خراپی بۆسەر قەوارەی هەرێمەكەمان ئەبێت ، ئەو یارییە ناشرینەی ئێوە كرتان تەنهاوتەنها شێواندنی بازاڕو نەهێشتنی كارو كەسابەت و خوڵقاندنی ترس و دڵەڕاوكێ بوو لەناو دەرونی ماندوی هاووڵاتیانداو ناشرینكردنی سومعەی هەرێم بوو لەناوەندە سیاسیەكانی جیهاندا.

09/05/2023



وتارەکانی تری نوسەر