ئەمە خەیالێکی رەوایە، یان یۆتۆبیاو وەهم ؟

محەمەد خۆشناو

خەریکە قسەکردن لەسەر رێکخستنەوەی نێو مالی کورد زۆر نزیکتر دەبێت لە وەهم ، لەوەی راستی بێت.

 
ئەندێشە یا خەیال جیایە لە وەهم ، خەیال پێویستە بۆ مرۆڤ ، بۆ ئەوەی عەقل بتوانێت بۆ ئایندە بە رێگا و شێوازی نوێبووەوە بیربکاتەوە ، ئەمە خەیالە داهێنان و دروستکردن و دۆزینەوە دێنێتە دی ، بەلام وەهم زیان بەو بیرکردنەوەیە دەگەیەنێت و ، جۆرێکە لە وورێنە کە پشت بە ئەگەرەکانی واقع نابەستێت و ، دەمانبات بەرەو هەلوەسەی بیرکردنەوە یا مومارەسەیەک کە لەزۆربەی جاردا کەسانی وەهمهەلگرتوو بەرەو کۆتایەکی خراپ دەبات ، بەلام خەیال خۆشیەکی خوداییە بۆ مرۆڤ ، وا لە خاوەنەکەی دەکات ئەوەی دەیەوێت دێتە پێش چاوی ، تۆ دەتوانیت بە خەیال نەخشە بۆ ئایندەکەت دابنێیت و ، کەسیش ناتوانێت دەست بەسەر مافی خەیالکردنتدا بگریت ، خەیال سنووری نیە و مرۆڤ دەتوانێت بێ کۆت و لەمپەر خەیال بکات ، بەلام وا پێویست دەکات بە پێی ئەو واقعەی لەسەر زەوی هەیە بێت ، زۆربەی کەس دەتوانن بەروەرووی وەهم ببنەوە  ، چونکە وەهم دەرچوونە لە قانونی گشتی و ، جۆرێکە لە جۆرەکانی نەخۆشانە و هزری ناماقول و، گوزارشتە لە چرکەساتی کوێرەوەری و لاوازی ئیرادە و خراپ لێکتێگەیشتن ، زۆربەی کەسە مەزنەکانی مێژوو و نەمرەکان ، هەموو ئەوەی کە بەدیانهێناوە لە رێگەی بەرجەستەکردنی خەونەکانیان و کردنی بۆ راستی و گواستنەوەی لە خەیالێکی رەها بۆ واقعێکی مەلموس بووە.

 
کاتێک«مارتن لۆسەر کینگ» لەسالی«١٩٦٣» دا لە گووتارێکیدا لە رێپێوان بۆ ئازادی لە واشنتن رایگەیاند«خەونێکم هەیە» کە مەبەستی پێکەوە ژیانی رەش و سپیەکان بوو بە ئازادی و یەکسانی ، بۆیە«ئۆباما» هەمان دەستەواژەی لە هەلمەتی هەلبژاردن دووبارە کردەوە ، بۆیە دەشێت خەیال تەوزیف بکرێت ، ئەگەر کەسێکی ئاقلمەند و ئیرادەی بەهێزی لەگەلدا بوو....ئێستا قسەکردن لەسەر یەکگرتوویی حزب و لایە سیاسیەکان و گەرانەوە بۆ باوەشی گەل نزیکترە لە وەهم لەوەی راستی بێت ، چونکە تەنسیقی سیاسی و ئیرادەی نەتەویی غائبە و ، حالەتی حزبایەتی تەسک زالە و ، ململانێکان بۆ بەرژەوەندی و دوورخستنەوە و پەراوێزخستنی یەکتر و یەکترسرینەوەیە ، کە سەیری ئەنتەرێت دەکەیت ، خەلکانێک دەبینی هەرچی شتی پیس و نەخۆشی و جوێن و تاوانبارکردن و درۆ و فریودان هەیە دەیبیستی ، شتێکی خۆشت گوێ لێنابێت ، وەک ئەوە وایە کە گەورەترین کارەسات بەسەر ئەو گەلەدا هاتبێت ، جارێ بۆشایی متمانە لەنێوان دەسەلات و حزبەکان و هاولاتیدا زیاتر بەرفراوان دەبێت ، کە ئەمە زەنگێکی خەتەرە دەبێت بەجدی وەربگیرێت ، «فرانسیس فۆکۆیاما»ی فەیلەسوفی سیاسی ئەمەریکی دەلێت(گەورەترین شت کە بەراستی کۆمەلگەیەک بکاتە کۆمەلگە«متمانە»ی نێوان کەسەکان و خێزانەکان و گروپە فەرعیەکانە) راستە کۆمەلگەکان داب و نەریت و ، یاسا و دەستوور حوکمی لەسەر دەکەن و ، دەسەلاتیش هێز و دادگا و بەندینخانەی هەیە ، بەلام هەموو ئەمانە کۆمەلگەیەک دروستناکات ، کە تاکەکانی لەسەر گومان و بێبروایی و متمانەنەکردن بە ئەوانی تر کۆکرابنەوە.

 
ئەمرۆ کوردستان لەناوخۆدا پێویستی بە چەترێک هەیە هەمووان کۆبکاتەوە ، ئازایەتی بریتیە لە تەحەمولکردنی بەرپرسیارێتی لە زروفێکی قورسدا ، بەتایبەتی کە نەداری و بژێویەکی خەراپ و کینەبو رقلێبوونەوە بگاتە ئاستێکی وا بەرز  کە کۆمەلگە بەجۆرێک دابەشبکات ، کە ترسی ناوخۆ لە ترسی دەرەکی زیاتر بێت ، بەمە پێویستە خەیالی دەسەلاتدار و خاوەن بریار لە هەلوێستێکی زۆر بەهێزدا بێت بەراورد لەگەل هەر قۆناغێکی رابردوودا ، حەتمەن خەیال پێویستی بە هۆشیاری و پانتایەک لە رۆشبیری هەیە ، کە هەردووکیان پالپشتی بەرەوپێش چوون بۆ پیشەوەی خەیال دەکەن ، کە هۆکارێکی گرنگن بۆ سەرخستنی کاروانەکە و پالنەرێک دەبێت بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەو کۆسپ و تەگەرە و هەلانەی کە دێنە پێش ، سەرکەوتن بەسەر کێشەکانی ناوخۆ ، سەرکەوتنیش دەبێت بەسەر ئەو عەقلیەتە شۆڤینیانەی کە ئێستا بەروەرووی گەلی کوردستان بۆتەوە ، لەوبروایەدام کە ئادەمیزاد شێوەی دەگۆرێت ، بەلام ناگۆرێت ، چونکە بە بەندی هزرەوە دەژیت ، ئێمە هەموومان دەمرین بەلام هزر نامرێت ، لەوانەیە بۆ ماوەیەک بزر بێت ، بەلام بەشوازێکی نوێ سەر هرلدەداتەوە و چاوەرێی زروفێکی لەبار دەکات سەر دەربێنێت و ، تەنها پێویستی بە کەش و هەوایەکی گونجاو هەیە بۆ بەدیار کەوتن ، دەیانگووت بە رزگارکردنی عێراق کۆتایی بە «عەقلیەتی شۆڤینیانە» هات ، کەچی سەدان«عەقلیەتی شۆڤینیانە»ی شێوە گۆر بەدیار کەوتنەوە و لە بەرانبەرمان وەستان بۆ دژایەتی کردنمان و قبولنەکردنی مافە رواکانمان ، هەقە دەرس لە وانەکانی مێژوو وەرگرین ، چیتر لە دەرەوەی مێژوو نەبین ، وامان لێنەیەت قسەکردمان لەسەر یەکگرتنی کورد بە وەهم دابنێین و ، چیتر ئەو گوزارشتە شۆک ئامێزە ترسناکە بەکارنەهێنین.


03/01/2021



وتارەکانی تری نوسەر