نوێکاری بۆ هاندان

دالیا جەزا
بۆئەوەی نەوەیەکی بێ گرفت لەبوارە دەروونی وکۆمەڵایەتییەکاندا بێنە مەیدانی کرداری. چەند لایەنێک هەیە لەژیانی منداڵان وهەرزەکاراندا، دەبێت بەهەند وەربگیرێن وبەردەوام دەمەزەردبکرێن. ئەو کەلێنانەش پڕبکرێنەوە کەتیایاندا دروستدەبێت.

لایەنی هاندان وڕێزلێنانیش یەکێکە لەو کارانەی کە پێویستە لەلایەن خێزان وپەروەردکارانەوە کەمتەرخەمییان تێدانەکرێت، بەتایبەت ئەو ڕێزلێنانەی لەقوتابخانەوەیەو بەرامبەر سەرکەوتنە بەئاست ونمرەی بەرز لەکۆتایی وەرزەکانی خوێندندا.

ڕێزلێنانی قوتابییان لەلایەن دەستەی کارگێڕی ولیژنە پەروەردەییەکانی ڤوتابخانەکانەوە هەنگاوێکی ئیجابی وکاریگەرە بەرەو بازدان وداهێنانی قوتابییان لەهەموو قۆناغەکانی خوێندندا. جگەلەوەی ستایش و هاندانە نەشئەیەکیش دەخاتە دەروونی قوتابیان وگیانی بەرخودانیان پتەودەکات، لەپێناو بەرزی ئاستی زانستییان، چالاکبوون وکێبڕکێی دروستیش دەخوڵقێنێت وپاڵنەرێک دەبێت بۆخۆشویستنی مەعریفە ولقەجیاوازەکانی.

نەتەوەیەکگرتووەکان لەجاڕنامەی مافەکانی منداڵاندا کە 54 بەندە لەچەندین بەندیدا ئاماژەی بەبەهادارکردنی هەنگاوەکانی منداڵان داوە.
هەموو ئاینە ئاسمانی وگروپە مروییەکانیش بە ئاڕاستە جیاوازەکانیانەوە، کار بۆ دروستبوونی مرۆڤی تەندروست و بەبەها دەکەن، منداڵانیش تاکەکانی دواڕۆژی کۆماڵگای مرۆڤایەتین.

لە ئایەتی 70 ی سورەتی (الاسراء) ی قورئانی پیرۆزدا پەروەردگار دەفەرمووێت  [ولقد كرمنا بنی آدم وفضلناهم علی كثير ممن خلقنا تفضيلا].

(جولی برانون ) کە توێژەرێکی میدیای پەروەردەییە لەشاری نیۆرک، چل ویەک هەنگاوی داناوە ، سەرجەمیان شێوازی جیاوازن بۆ پیادەکردنی ستایش وهاندانی منداڵان کە بەزەرورەتی دەزانێت بەگوێرەی ئەم سەردەمەی هەموو کۆمەڵگاکانەوە.

لەوانەی ئاماژەم پێداون، دەمەوێت باسی ڕێزلێنانی قوتابییانی خۆمان بکەم لە پۆلەکانی یەک تا دوانزە، لەکۆتایی ساڵی خوێندندا. دیارە دەستەی کاڕگێڕی قوتابخانەکان بڕیار لەسەر میکانزمی پێدانی خەڵاتەکان دەدەن. بەشێوەیەکی گشتیش وا باوە، خەڵاتەکان دەدرێتە خوێندکارە یەکەمەکان، کە تێکڕای کۆنمرەی هەموو وانەکانیان بەرزە. لێرەشدا ئەوەی زۆرجار دەبێتە شوێنی سەرنج، قوتابییە یەکەمەکان ودایکان وباوکانیان ،گللەیی ئەوەیان  هەیە  ئەگەر مناڵەکانیان کەوتبنە پلەکانی دووەم وسێیەم بەهۆی کەم دانانی نمرەی وانەکانی هونەر و وەرزشە وەیە.. یان بۆ چوونە ترۆپکی ڕێزبەندییەکە، پێش وەخت داواکاری زۆریان دەبێت لەمامۆستایانی ئەو وانانە، تا نمرەکانیان بەرزبکەنەوە لەئاستی بەرزی نمرەی وانە زانستی وزمان ومرۆییەکانیاندابن.

بۆیە دەشێت بۆ ڕەوایدان بە پلەکانی یەکەمی، ڕێزلێنان بۆ ئاست بەندی پۆلێن بکرێت ویەکەمی وانە تیۆرییەکان جیابکرێنەوە لە یەکەمەکانی وانەی وەرزش بەهەمان شێوەش بۆ وانەی هونەر و وانەی پەروەردەی پیشەیی. لەبەر ئەوەی قوتابی زرنگ وچالاک لەوانە زانستی ومرۆییەکان هیچ کات مەرج نییە، هونەرمەندێک یان وەرزشەوانێکی لێدروستبکرێت و بەپێچەوانەشەوە.

باشتریشە شێوازی نوێ بەکاربهێنرێت بۆ پێدنی خەڵات ولە شێوازە باوەکان دەربچین وەک ئەوەی گەشتێک بۆسەرجەم خوێندکارە یەکەمەکان ڕێکبخرێت لەگەڵ لیژنەیەک لەمامۆستایان بۆیەکێک لەشارەکانی هەرێم و گەشتی زانستی وگەشتیاریش بێت. یان خەڵاتەکە بەخشینی وێنەی خوێندکارە یەکەمەکان وتایپکردنی ئەو وێنەیەبێت لەسەر پارچەجلێکی خوێندکارەکە یان فۆتۆشۆپکردنی خوێندکارەکە وکارتی نمرەکانی بێت لەسەر نەخشەی کوردستان یان لەسەر پەیامی قوتابخانەکەی یان لای شاخ یان قەڵا وشوێنەوارێکی کوردستانەوەبێت.باشتریشە ڕۆژی نمرەوەرگرتنی کۆتای ساڵ، سروودی قوتابخانە وسروودە نیشتمانییە کوردییەکان پەخشبکرێن لەنێو قوتابخانەدا ولەشێوەی کەرنەڤاڵێک ئەو ڕێزلێنانە ئەنجامبدرێت یان لە تەلەفزیۆنی پەروەردەییەوە دیدار بۆیەکەمەکانی قوتابخانەکان سازبکرێت، وهەموو نوێکارییەک بۆ هاندان بەکاربهێنرێت، لەپێناو دروستکردنی ئەو تاکانەی ڕۆژانی ئایندە ڕۆشنایی خاک ونەتەوەمانیان تێدا دەبینرێن.

04/05/2023



وتارەکانی تری نوسەر