مەترسییەکی گەورە لە ڕووبەرێکی تەسکدا

دالیا جەزا
ئەمڕۆ لەکۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا، بەکارهێنانی ئینتەرنێت و چونە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، گەیشتوەتە ئاستێک لای خەڵکانێک وەک کردارە فیزیکییەکانی جەستەی لێهاتووە وتەنیا یەک دوو ڕۆژیش ناتوانن لەبەکارهێنانی دوور بکەونەوە.لێرەدا مەبەستم لەبەکارهێنانی بۆکاری دامەزراوە ڕەسمییەکان یان پەیوەندییە کردارییە زانستی وئابوورییەکان ولایەنە ژیانییەکانی دی  نییە، مەسەلەی باسەکە بەکارهێنانە وەک کات بەسەر بردن وپەیوەندی ناڕێکە.

ئەنجامی زۆرینەی توێژینەوەوتاقیکردنەوەکانیش کە لە زانکۆ وسەنتەرە زانستییە ئاست بەرزەکانی جیهان سازدراون، ئەوە نیشاندەدەن، پێدانی کاتی ناپێویست بۆ چونە نێو پێگە ئەلەکترۆنیی وتۆڕە کۆمەڵاییەتییەکانی ئینتەرنێت، لایەنە سلبییەکانی زۆرترن لە پێچەوانەکەی، یەک لەو توێژینەوانەش ئەوەیانە کەبەهەماهەنگی زانکۆکانی هارڤاردو کۆلێژی شاهانەی بریتانی وزانکۆکانی (ئۆکسفۆرد) و(مانچستەر) ئەنجامدراوە و لەساڵی  2019 دکتۆر جۆزیف فیرس لەزانکۆی (ویسترن سیدنی) لەکۆنگرەیەکی ڕژنامەوانیدا جەختیکردەوە لەئەنجامەکەی وئاماژەی بەوەدا زۆربەکارهێنانی ئینتەرنێت کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر مێشکی مرۆڤ، دواتریش ئەو ئەنجامانەی لەپێگەی (هایل براکسی) وگۆڤاری پزیشکی (دەروونی جیهانی)  بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە درا ئەو هەموو پەیام و تیشکانەی لەمۆنیتەرەکانەوە دەردەچن وائەکەن بایەخداری مرۆڤ و ئەو ئەرکانەی لە ژیانی ڕۆژانەیدا لێیداواکراوە پەرت وبڵابن وبەئەدایەکی سەرکەوتوانە نەیان بات بەڕێوە.. ئەمانە جگە لەبەکارهێنانە سلبییەکانی تری تۆڕە جاڵجاڵۆکەییەکە لەلایەن باندەکانی دزییکردن وتاوانە جیاجیاکانەوە.. جگە لە ئەنجامی ناوبراو  چەندین توێژینەوەی زانستی لە زۆرینەی وڵاتانی دنیا کۆتاییەکانیان نیشانیان داوە، دەرچوون لە چوارچێوەی پێویستی لەبەکارهێنانی ئینتەرنێت، ژمارەیەکی زۆر زیانی دەروونی وجەستەیی وکرداریی لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەگشتی ومناداڵان بەتایبەت دروستدەکات. خەڵکانی لای ئێمەش لەو کۆمەڵگایانەیین کە بەڕێژەی زۆر ڕۆچووی نێو سایت و پێگە کۆمەڵاییەتییەکان بووین، ئەوەش کەنزیک لەکارەساتە ئەو ناڕێک وزیاتر لە پێویست بەکاهێنانە لەلایەن منداڵانیشەوەیە، بەتایبەت لەوەرزی  هاوین وپشووی خوێندندا.

تەنیا لە وتەی دایکان وباوکانەوەو بەبێ پێویستی بەداتای تۆمارکراو، بەرزی ئاستی بەکارهێنانی ئینتەرنێت لەلایەن منداڵانەوە لە پلەیەکدایە، دەتوانرێت ناوبنرێت کێشەی گەورە وشێواوی کاتژمێری بایۆلۆژی ژیانیان، کاتێک زۆرینەی منداڵان لەدوای نیوەی شەوەولەهەندێک شوێن درەگتر، واز لەبەکارهێنانی ئامێرەسمارتەکان دەهێنن،و لەکاتەکانی نووستنی شەویان دەبات.

دیاردەی ئاماژەبۆکراو دەبێتە کارەساتی ئەو نەوانەی لەئایندەدا دەچنە ژیانی کرداری کۆمەڵگای کوردییەوە ودەبێت هەوێنی ئایندەبن. بۆیە دەشێت وپێویستە لایەنە پەیوەنددارەکانی منداڵان بەهەڵمەتێکی شۆڕش ئاسا بەرەنگاری دیاردەکە ببنەوە لەپێناو گەیشتن بەچارەیەکی سەردەمییانە.بۆ ئەوەش وەزارەتەکانی پەروەردە، تەندروستی، کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، ڕێکخراوەکانی منداڵان، باشترە ئەوکارە بگرنەئەستۆوپرۆژەی کاریگەروبەرفراوانیانیان هەبێت بۆ دوورخستنەوەی منداڵان بەکاتی زۆرودانانی ئەکاونت لەپێگە کۆمەڵایەتییەکان بەتەمەنی ساختە.  

ئەکرێت هەڵمەتێکی بەرەنگاربوونەوە ڕۆچووی پرۆگرامەکانی خوێندن بکرێت بەدانانی چەندپلان وڕێگایەکی پتەو وەک بوونی کەیسەکە لەوانەی تایبەتی خوێندندا ، نەک وەک ئەوەی ئێستا لەوانەی کارامەییدا بەشێوەیەکی خێراوڕاگوزەر لەوبارەیەوە ڕێنمایی دەدرێتە خوێندکاران، هەروەها دەکرێت لەپشووی هاویندا، پلانی تایبەت لەنێو خوێندنگا حکومییەکان هەبێت، بەرنامەیەکشبێت بۆ مەبەستی ئاماژە بۆکراو، وەک ئەوەی کتێبخانەکانیان لەمانگەکانی پشوودا دەرگای واڵابێت بۆقوتابییان ونوێترین گۆڤاروکتێبی کوردی و زمانەکانی تری تێدابێت یان کتێبخانەی گەڕۆک هەبێت بچێتە نێۆ کۆڵان وگەڕەکەکانەوەوبەشێوازی ڕەنگاڵەیی نەخشابێت یان وێنەی کائەکتەرە کاریگەرەکانی دنیای ئەنیمەێشن و هونەرووەرزشیان لەسەربێت، کەجێی بایەخ وسەرنجی زۆرینەی منداڵانن، ئەمانە کێشکەری منداڵان دەبێت بەرەو دنیای کتێب ئەو دنیایەی زانست نیشانی داوە چۆن ئاستی ڕەفتاری ودەروونی دروستیان بۆ دەستەبەردەکات.لەپرۆژەیەکی ئاواشدا دەبێت لێژنەی پسپۆر هەبێت بۆبژاردەکردن ودیارییکردنی کتێبەکان لەڕووی پەسەندی ناوەڕۆک وزمانەوە و دانانی نرخی گونجاو بۆکڕینیان کەلەتوانای زۆرینەی خێزانی منداڵاندابێت.

ئەرکی بەڕێوەبەرایەتی چالاکی قوتابخانەکانیشە لەپشووەکانی هاویندا کارەکانی لەئێستا بەرفراوانتربکات وڤیستڤاڵ وپێشبڕکێی چالاکییەکانی بەبەردەوامی هەبێت.

 لەوەرزی خوێندنیشدا لەنێو وانەی کارامەییدا چاندنی بایەخی لایەنە کرداری وپیشەییەکانی مرۆڤ وئارەزووەکانی کاری جدی  بۆ بکرێت. لەلایەکی تریشەوە بەشداریپێکردنی خێزانی قوتابییان لەهەڵمەتی دوورخستنەوە لەئینتەرنێت لەگەڵ دامەزراوەکانی خوێندن ولایەنە ڕەسمییەکانی منداڵان، پێویستییەکی ڕەهایە ویەکێک دەبێت لەهەنگاوە گرنگەکان وخاڵەپێشنیازبۆکراوەکان.

هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوە ئینەتەرنێت لەهەموو ناوەندەکاندا بودجەی پێویستەو دابینکردنی ئەوبودجەیەش بەهەوڵی ڕێکخراولایەنەپەیوەنددارەکانی منداڵان دەبێت،ر لەپێناو نەوەکی دەروون وجەستەدروستش هەر هەنگاوێکی تریان هەبێت جێی دەستخۆشییەو پێویستی پێشوازییلێکردنە، لە کاتێکدا ڕووبەڕێکی بچوک لەنێو دەستەکانی منداڵاندایە ومەترسییەک گەورەی پێییە بۆیان.

22/07/2023



وتارەکانی تری نوسەر