لە ئاڵودە شوانی ئاڵودە کۆرپەی دایکێکی مەستە

دالیا جەزا
فیلمی ئاڵودە ئێستا لە سکرینی سینەمای کوردییەوە لە ڕۆژانی نمایشیدایە، کاستی فیلمەکە کۆمەڵێک سینەماکاری خۆمانن کە ئەزموونی سەرکەوتویان هەیە لە بواری سینەمادا. 

ئاشکرایە سینەما ژانرێکی کاریگەروبەرچاوی هونەرو ڕاگەیاندنە و پەیامی گەورەی پێیە، ئەگەر بەرهەمی تەواو پیادەکراو بەزانستی ئەو هونەرەی بۆ بخرێتە بەردید وهەستی جەماوەرەکەی، جگەلەوەی ئارەزوومەندانی سینەما چیژ لەو حەوت هونەرە وەردەگرن کە لە فیلمێکی تەواو بەرجەستەی زانستی سینەما دێتە بەرچاوو لێکدانەویان، هونەرەکانیش ئەو حەوتەن کە ڕەخنەگری فەرەنسی بەڕەگەز ئیتالی (ڕیتشیونو کانودوو) یەکەم جار بەهۆیانەوە سینەمای ناوبرد بەهونەری حەوتەم و ئیتر سینەما ئەو ناوەی وەرگرت. کانو دوو لای وابوو لەسینەمادا (دیزاینی شوێنەکان ، میوزیک ،نیگارکێشان، پەیکەرسازی، هۆنراوە، سەما، هونەرەکانی ڕیتمی سروشت بەهەموو دەنگەکانییەوە کۆدەکاتەوە) بەو حەوتەیەش ویژدانی بینەر دەجوڵێنێت و ئاراستەی دەکات بۆ کارکردن لەسەر ئەو پەیامەی مەغزای فیلمێک دەیەوێت. 
دڵخۆشییە چەند ساڵی ڕابردوو بەردەوام بەرهەمی فیلمی کوردی لەسینەماکانی خۆمانەوە دەبینین ، ئاستی فیلمەکان و هەڵسەنگاندنیان لەڕووی تەکنیک وهونەرەوە و کاری پسپۆڕانی ئەو بوارەیە و من کەمێکی لێدەزانم ، بۆیە لێرەدا قسەم تەنیا لەسەر چیرۆکی فیلمی ئاڵودەیە کەباس لە پیاوە ئەکتەرێکی سینەماکاری بەتوانا دەکات ناوی بەمۆیە، هونەرمەند (شوان عەتوف) ڕۆڵەکەی دەگێڕێت. خۆشەویستی بەمۆ بۆ کارەکەی بەبێ ویستی خۆی بە ئاستێکی نەویستراو بەدووری گرتووە لە ئەرکی باوکایەتی و بەرپرسیارتی بۆ تەنیا کیژۆڵەکەی وهاوسەرەکەی، ئەوەش لەلایەن چەند هاوڕێیەکی ناپاکی خۆی دەکرێتە هەل وبەرەو ئاڵودەبوون و وێرانکردنی دەبەن، لەسەرجەم بوارەکانی ژیانیدا و هەموو شتێک لەدەستدەدات وبەها وسەنگ وکەسێتی خۆشی ون دەکات. پلاندانەری لەناوبردنی بەمۆ هاوڕێیەکی نزکێتی کەئیرەیی بە تواناکانی وبەدەستهێنانی هاوسەرێتییەکی پڕ خۆشەویستی ئەو دەبات، لە کاتێکدا خۆی دەوڵەمەندە وهێزو دەستەڵاتی پێیە، بەڵام چاوی لەسەر موڵکی نزیکترین هاوڕێیەتی وئەیەوێت هی خۆی وهی خەڵکیتریش بۆ خۆی بەرێت.
چیرۆکەکەی بەمۆ چیرۆکی دووبارەی نێو کۆمەڵگای کوردەوارییە، ئەگەر سەیری مێژوومان بکەیت، زۆرینەی جوامێرو بەتوانا ڕاستەقینەکان لەلوتکەی سەرکەوتن خلۆرکراونەتەوە بەئامانجی دەستەڵاتی زۆر بۆ کەسانی بێ توانا لەزانست ومەعریفەکانی ژیان و بەتوانا لەخۆ بچوککردنەوە بۆ وڵاتانی ڕاسیزم و ڕەگەزپەرست  و خاوەن توانا وهێزی زیاتر لەخۆمان، تا بەم ڕۆژگارە گەیشتوین کە لەسەر نەخشەی جیهان شوێن وناومان نییە، خاک وسامان و ئاومان بەشکراوی دوژمنانمانن . کە واتە (بەمۆ )ی ئاڵودە کۆرپەی دایکە نیشتمانێکی مەستمانە ، کەڕۆڵە چاوچنۆکەکانی دایکیان مەستکردووە تا بێ ئاگابێت لەنادادی ودەستپیسی ئەوان. لەکۆتایا بەمۆ تۆڵەی خۆی دەکاتەوە ، ئاخۆ   خاکی کوردان کەی تیری تۆڵەی دەگاتە ئامانج.

30/10/2023



وتارەکانی تری نوسەر