لەڕۆژی جیهانی فێربووندا بنیادنان یان لارەکێشکردن

دالیا جەزا

فێربوون چەمکێکی بنچینەییە لەبنیادی کۆمەڵگاکان وشارستانییەتەکانیاندا. مەبەست فێربوونی خوێندنە کە بەدرێژایی مێژوو، ئەو میللەتانەی ئاستی فێرکردنیان  بەرزبووە، کێرڤی بنیادوگەشەی لایەنە جیاجیا کرداری وتێۆرییەکانی ژیانیان، لەئاستی باڵادابووەو شانازییان تۆمارکردووە.

لەبەر بایەخی گەورەوپێویستییەکەی فێربوونیش، ڕێکخراوی یۆنسکۆی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی (2018 ) ەوە ڕۆژێکی  دیارییکردووە بۆ شکۆدارکردنی خوێندن وەک ڕۆژی جیهانی بۆی . ئەو ڕۆژەش 24 کانوونی دووەمی بۆ دیاریکرا. ئامانجەکەی یۆنسکۆ لەم بۆنەیەدا بەشداریپێکردنی سەرجەم وڵاتان وکۆمەڵگاکانی دنیایە، لەدەمەزەردکردن وبرەودان وبایەخپێدان بەهەموو گۆڕانکارییە سەردەمییەکان لەبواری فێرکردندا، جگە لە بەهاناوە چوون وڕزگارکردنی ئەو گەلانەی ئاستی فێربوون تیایاندا لاوازە. 

لەدوایین ئامارەکانی ڕێکخراوی یۆنسکۆدا هاتووە، لەژمارەی هەشت ملیار کەسی دانیشتووی سەر زەوی 224 ملیۆن منداڵ و هەرزەکار نەخراونەتە بەر خوێندن ، 617  ملیۆن کەسیش خوێندن ونووسین نازانن، بێگومان ئەو کەسانە لەوڵاتانی هەژارودواکەوتوودان یان لەوڵاتانی تازە گەشەسەندون یان لەو وڵاتانەن کە گرفتاری گەندەڵی و کێشە ماددیەکان وشەڕوململانێیەکانن. 

ڕۆژی جیهانی فێربوون بەهایەکی گەورەی هەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، کەچی لای ئێمە، لەپاڵ ئەوەی  ساڵانی ڕابردوو هیچ گرنگییەکی پێنەدراوەوتیشکی زۆری لەسەر دانەنراوە، ئەبێت لە ئەم ساڵدا چۆن باسێکی فێرکردن بکرێت کاتێک خوێندن وفێربوون هەر چوارپەلی شکاوەو فێرخوازان و مامۆستایان نازانن ڕێگای ونی خوێندن بۆڕزگاربوون، کام کەنار دەگرێت. ئەم ساڵ کایەیەک نەماوە بۆ باسکردنی کەمی ژمارەی بینا بۆخوێندنگاکان، نەبوونی کارەبای تەواو ، کەمی کەلوپەل و مەوادی پێشکەوتوو بۆ  بابەتە پراکتیکییەکانی خوێندن، نەبوونی خولی بەردەوام بۆ ئەپدەیتی زانستەکان . چەند ساڵێکە نەمانی سەرپەرشتیاری پسپۆڕی تایبەت بەهەر وانەیەک بەپسپۆری ئەو وانەیە بۆ بەئاگابوون وڕێنمایدان بەمامۆستاکان...

ئەم ساڵ گرفت بوو بەکارەسات وباسمان بۆتە وەستاندنی خوێندن..  چوار پێنج مانگ وەستاندنی خوێندن لەهەر قۆناغێکدا ،نیگەرانییەکی گەورە هەڵئەگرێت بۆ داهاتووی نەوەیەکی بێچارە، هیچ چارەسەرێکیش نادێتە بەرهەم، هەتا مرۆڤ دروستنەکرێتەوە بە ئاکاری ویژدان وخۆنەویستی وزانست دۆستی ڕاستەقینە.  هەتا ساڵانە بەها بۆ ئەرکی مامۆستا دانەنرێت وبەهۆیەوە دەرگای قوتابخانەکان دابخرێت، هەتا کەسێک مابێت بڕوانامە وەربگرێت و خوێندەواری بکات بەبێ فێربوون بۆ پلەو پۆستی حزب. 

لەگەڵ بەردەوام زۆربوونی ژمارەی باخچەکانی منداڵان وخوێندنگا وزانکۆ تایبەتەکان وبوونی لقەکانی پارالێڵ لەزانکۆ حکومییەکان. بەهەموو ئەوانەی پێشوو بەهاوشکۆی ڕاستەقینەی فێربوون وخوێندن کاڵ دەبێتەوەونازانرێت کێ بەڕاستی زانستەکان وەرئەگرێت و کێ بڕوانامەی خوێندن ئەکاتە گوڵی سەر یەخەی..

دەشێت دووبارەیبکەمەوەو بڵێم شکۆی خوێندن لای ئێمە تەنیا لەگەڵ پێدانەوەی شکۆی مرۆڤەکان هاوسەنگ دەبێتەوە، بەدروستکردنەوەی تاکی هەڵگری ویژدان و هەستکردوو بەمافی نەتەوەکەی ئەبێت، بەدروستبوونی بەرپرس و کاربەدەستی خەمخۆری خەڵک ئەبێت نەک قەڵا بۆخۆکردن.پێچەوانەی ئەوانەش تەنیا سڕکردنی زانست ولارەکێشکردنی خوێندن ئەبینرێت و کارەساتەکە زریانیشی ئەچێتە پاڵ.

23/01/2024



وتارەکانی تری نوسەر