کورد لە لۆزان سڕایەوە

عەبدوڵا کەریم مەحمود
دوای تێک شکانی ئیمپراتۆری عوسمانی  ، لە جەنگی یەکەمی جیهانی  لە ١٩١٤-١٩١٨  ، دوای دامەزراندنی  کۆماری  تورکیا  ، بە سەرۆکایەتی مستەفا کەمال ئەتاتورک* .
  لە  ٢٤ / ٧  /   ١٩٢٣کۆنگرەی لۆزان  ، لە  نێوان ( بەریتانیا ، فەرەنسا ، ئیتالیا ،ژاپۆن ،  یۆنان ، رۆمانیا  ،  سربیا و کرواتیا ،  سلۆنیا ، تورکیا )  و ( کۆماری  تورکیا ) ، لە کۆشکی (روومین )ی  شاری لۆزان ی سویسرا  سازکرا .
مستەفا  کەمال   بە هەموو توانایەوە ،  دژایەتی  پەیمان نامەی  سیڤەر**ی  کرد ، روسەکان پشتیوانی  مستەفا کەمال یان کرد ، بەریتانیا پلانی خۆی هەبوو ، دەیویست   بەشی باکووری کوردستان  لە تورکیا جیا بکاتەوە ،  ولایەتی موسڵ  بخاتە سەر ئەو دەوڵەتە کوردییەی لەژێر کۆنترۆڵ وسەرپەرشتی خۆی دا بێ .
بەڵام  لە ناو  هاوکێشەکان دا  بۆی دەرکەوت،   پلانەکانی سەرکەوتونابێ ، لە گەڵ فەرەنسا ، سیناریۆکانی  مستەفا کەمال یان جێ بەجێ کرد ، پشتیان لە  کورد کرد وخستیانە پەراوێزەوە ، بۆئەوەی  ولایەتی موسڵ  بلکێنن بە  عێراقەوە   . 
ئیتالیاو فەرەنسا بەشداری پەیمانی سیڤەریان کردبوو ،بۆ چەند مافێکیکی دیاری کراو ،  لە گەڵ مستەفا کەمال رێکەوتن .
 سەرۆک وەزیرانی یۆنان  ،  لاپەڕەیەکی  نوێ  ی، لە گەڵ کۆماری تورکیا  هەڵدایەوە و پەیڕەوی سیاسەتی ئاشتی کرد .
ئەرمەنییەکان  سڵیان  لە  سیڤەرە و دروست کردنی  دەوڵەتی کورد دەکردوە  ، سیڤەریان بە دژایەتی ئەو   بەڵینانە دەزانی پێ یان درابوو ،  دژی  سیڤەروەستانەوە  : 
 مستەفا کەمال کۆنترۆڵی عەقڵی  سەرکردە لاوەزاکانی کوردی کردبوو   ،   بە پلان و بەرنامە و نەخشەیەکی  چڕ وپڕ ،  لە سیناریۆیەکدا ،  وەفدێکی  بە سەرۆکایەتی (عیسمەت ئینۆ نۆ  ) و دوو کورد ( عارف محەمەد برنجی زادە) و (زولفی بەگزادە )وەک نوێنەری کورد ، نارد بۆ کۆنگرەی لۆزان  ،هەردوو نوێنەرەکەی کورد ، لە ناو کۆنگرەدا وتیان :
-ئێمە پەیمان نامەی سیڤەرمان ناوێت ، پەیمان نامەی لۆزانمان قبوڵە .
حەسەن خەیری لە پەرلەمانی ئەنقەرە بە جلی کوردییەوە،  ، بە بەردەوامی بە بێ تەل ،بروسکەی بۆ کۆنگرەی لۆزانی دەکرد:
-ئێمە بەندەکانی  سیڤەرمان ناوێت ،  پەیمان نامەی لۆزانمان دەوێت ،سوڵتان واحیدالدین –مان ناوێت ، مستەفا کەمال –مان دەوێت ، خەلافەتی عوسمانیمان ناوێت ،  دەوڵەتی تورکیامان دەوێت ، شەریعەتمان ناوێت ، دەستوورێکی عیلمانی مان دەوێت .
لە پەیمان نامەی لۆزان دا ،ئەم مادانە مۆر کرا :
*لە مادەی( سی وحەوت) دا ،حکومەتی   تورکیا،  مافی  دەرکردنی هەر بڕیارێکی هەبێت ،  لە گەڵ بڕیارو بەرژەوەند ییەکانی دا نەگونجێ  .

*لە مادەی (سی و هەشت )دا ،حکومەتی  تورکیا ،بەڵێن بە دانیشتوانی تورکیا دەدات ، بەرگری لە (ماف وموڵک و سامان و ئازادی  ) ژیانی  هاوڵاتیانی تورکیا ،  بە بێ جیاوازی (رەگەز و زمان و ئاین ) بکات 
*لە مادەی (سی ونۆ) دا .حکومەتی تورکیا ، نابێت رێگری لە هیچ کەس بکات ، مل کەچی  سەروەری تورکیا بێت   ،  هاوڵاتیانی تورکیا  دەتوانێت بەشداری هەموو چالاکیەکی ( سیاسیی وبازرگانی و رۆژنامەوانی  و چاپەمەنی)  بکەن .
مستەفا کەمال ئەتاتورک و زلهێزەکانی دنیا ونوێنەرانی کورد  لە ناو سیناریۆی لۆزان دا ، پەیمان نامەی  سیڤەریان  هەڵوەشاندوە  ،  باسی  کورد یان ،  لە سەر نەخشەی نیشتمانەکەی دا   نەکرد ،  کورد و نیشتمانەکەیان لە  کۆنگرەی لۆزان بە جۆرێک سڕییەوە ،  کوردیان  وەک کەمینەیەکی بچوکیش  لە تورکیا دانەنا . 
ئەنجام 
*  لە ١٩٢٣مستەفا کەمال ئەتاتورک لەسیناریۆی لۆزان  دا ،  بەهاوکاری  دەوڵەتە زلهیزەکانی دنیاو سەرکردە دەستەمۆو لاوازەکانی   کورد،  بەندەکانی (  ٦٢ ،  ٦٣،   ٦٤ )ی  مافی چارەنووسی کورد و پەیمان نامەی سیڤەر  ، لە  کۆنگرەی لۆزان سڕییەوە.
  * لە ٢٤ /  ٧ / ١٩٢٣ تا   ٢٤ /   ٧ /  ٢٠٢٣ ،   ١٠٠ساڵ بەسەر لۆزان دا تێ دەپەڕێ  ،   کورد  بە بەردەوامی لە (باکوور و رۆژئاوا و باشوور و رۆژهەڵات )ی کوردستان ، لەلایەن دەوڵەتی( تورکیاو سوریاو عێراق و ئیران ) جینۆساید  دەکرێت .

ئێستا لە   ٢٠٢٣، زلهیزەکانی دنیا و ئۆردگان و هەندێک لە سەرکردە لاوازو دەستەمۆکانی کورد  ،  سەردانی  ئارامگای مستەفا کەمال ئەتاتورک دەکەن  ،  دژایەتی   سەرکەوتن و چالاکی   پارتیزانەکانی( باکوورو رۆژئاوا ) ی کوردستان دەکەن ، بە شانازییەوە سەردانی ئۆردگان دەکەن وپیرۆزبای   پلان و نەخشەی ستراتیژیی  جینۆسایدی کورد لە ( باکورو رۆژئاواو باشوورورۆژهەڵات )ی کوردستانی  لێ  دەکەن .

عەبدوڵلا کەریم  مەحمود
سەرچاوە و پەراوێز:
١-پەیمانی لۆزان  - ویکیپیدیا  ئینسکلۆپیدیا، ئینا یکڵۆپیدیا 
٢-وەرگێڕانی  لە ئینگلیزییەوە  :سەلام ناوخۆش . خویندنەوەی :مەسعود عەبدولخالق ، بەندەکانی کۆنگرەی سیڤەر و خوێندنەوەیەکی تر ، چاپی سییەم ،جاپخانەی منارە –هەولێر .ل٥٨-٥٩.

٣-ئاشتی گەرمیانی .ئەگەر چی ١٠٠ساڵ  بەسەر پەیمان نامەی لۆزان تێ دەپەڕی ودەپرسین ئایا لۆزان باسی کوردی کردووە ؟  REWEND.org
*مستەفا کەمال ئەتاتورک لە سیناریۆی یەکەمی دا ، بە تەواوی  سیڤەروکورد و ئەستەمبول ی کوژانەوە، لە سیناریۆی دووەم دا ، سەرکردە کانی کورد(حەسەن خەیری و برنجی زادەو زولفی بەکزاد )ی دەسگیر کرد ، بە تۆمەتی (جوداخوازی ) و لە بەرکردنی جلی کوردی  ، پێشێل کردنی یاسا،رووبەرووی   دادگای کردنەوە ،(سائب پاشا)سەرۆکی دادگا ،بە بڕیاری دادگا ، هەرسێکیان گولە باران کران .
هەرسێکیان پێش  گولە بارانەکە وتیان :
-ئێمە هەڵەی گەورەمان کرد ،رۆڵمان هەبوو لە تێک شکانی کورد، لەسەر رێگای دیاربەکر بە خاکمان بسپێرن ، لە سەر کێلی گۆڕەکەمان بنووسن  گەر هەرکوردێ بەلامان دا تێپەڕی ، بەردێکمان تێ بگرێ لە بەر  ئەوەی  ئێمە خیانەتمان بە کوردو کردووە . وەرگێڕانی  لە ئینگلیزییەوە  :سەلام ناوخۆش . خویندنەوەی :مەسعود عەبدولخالق ، بەندەکانی کۆنگرەی سیڤەر و خوێندنەوەیەکی تر ، چاپی سییەم ،جاپخانەی منارە –هەولێر .ل٥٨-٥٩.

** دوای کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهان ، لە ١٠ی ئابی  ١٩٢٠پەیمان نامەی سیڤەر ،پەیمانی ئاشتی بوو ،لە نێوان دەوڵەتانی زلهێز ی براوەی جەنگ   (فەرەنساو بەریتانیاو ئیتالیاو ژاپۆن و هاوپەیمانان و دەوڵەتی عوسمانی لە شاری سیڤەری فەرەنسا مۆر کرا ، بەندی ( ٦٢ ،  ٦٣   ، ٦٤ )ئاماژە بۆ مافی چارەنوسی کورد لە نیشتمانەکەیدا دەکرد ، پلان و نەخشەی ستراتیجی   بەریتانیا بە جۆرێک   بوو ،،باکووری کوردستان لە تورکیا جیا بکاتەوەو ولایەتی موسل بخاتە، سەر ئەو دەوڵەتە کوردەی کەنیازی بوو ،لەژێر کۆنترۆڵ وسەرپەرشتی خۆی دا دروستی بکات  .

24/07/2023



وتارەکانی تری نوسەر