" گۆڕان‌و یه‌کێتی لیژنه‌یه‌کی هاوبه‌ش بۆ سه‌ردانی لایه‌نه‌کان دروستده‌که‌ن"

‌وێنه‌ بڕیار نامق
گۆڕان و یه‌کێتی بریاریاندا به‌ کرده‌وه‌ لیژنه‌یه‌کی هاوبه‌ش بۆ سه‌ردانی هه‌موو لایه‌نه‌کان پێکبهێنن.

له‌ کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌گه‌ریدا دوای کۆبوونه‌وه‌که‌ لەتیف شێخ عومەر ئەندامی‌ سەرکردایەتی‌ یەکێتی‌ نیشتمانی‌ رایگه‌یاند "بڕیارمانداوه‌ لیژنەیەک دروستبکەین بۆ سەردانی‌ هەمو لایەنە سیاسیەکان بۆ گەیاندنی‌ پەیامی‌ رێککەوتنەکە و تاوتوێکردنی‌".

لای خۆشیه‌وه‌ وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان د.شۆڕش حاجی وتی " لە کۆبونەوەکه‌ باسمان لە ئەرکی‌ ئەو لیژنەیە کرد کە بۆ دانوستانی‌ نێوان هەردولامان پێکهاتبو بۆ ئەوەی‌ کارەکانی‌ رێککەوتنەکە ئەنجام بدەن، ئەوەبو رێککەوتنەکە ئەنجامدرا و واژۆکرا و راگەیەنرا، بۆیە کاری‌ ئەو لیژنەیە کۆتایی‌ هات و ئەمڕۆش ئالیەتی‌ جێبەجێکردنی‌ رێککەوتنەکەمان تاوتوێ کرد بە پێکهێنانی‌ سەرکردایەتیەکی‌ هاوبەش بۆ کارکردن لە جێبەجێکردنی‌ خاڵ بە خاڵی‌ رێکەوتنەکە".

ناوبراو ئاماژەی‌ بەوەشکرد؛ لە کۆبونەوەکەدا جەختیان لەوە کردوەتەوە؛ لەم هەلومەرجە ئابوریە پڕ قەیرانی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و پەلاماری‌ داعش چۆن خاڵ و بڕگەکانی‌ رێککەوتنەکە تەرجومە بکەین کە خەڵکی‌ کوردستان هەست بە ئیجابیاتی‌ ئەو رێککەوتنە بکەن و بەرهەمەکەی‌ ببینن. 

وه‌فدێكی‌ ‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان كه‌ پێكهاتبوو له‌ قادر حه‌مه‌جان‌و ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵاو فه‌رید ئه‌سه‌سه‌ردو له‌تیف شێخ عومه‌رو به‌رزان ئه‌حمه‌د كورده‌ سه‌ردانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانی كردو له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كه‌ پێكهاتبون له‌ عومه‌ر سه‌ید عه‌لی‌‌و جه‌لال جه‌وهه‌رو عوسمانی‌ حاجی‌ مه‌حمودو محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم‌و د. شۆرش حاجی‌ كۆبونه‌وه‌ .



PM:05:16:23/05/2016