فیکرەی هێز
هونەر تۆفیق
( هیچ گەلێک کۆیلە ناکرێت ، ئەگەر بە ئیرادەی خۆی ملکەچی کۆیلەبوون نەبێت ) مەهاتما غاندی.
بەرلەوەی هێز وەک ئسلوبێکی ماددی و فیزیکی بەکاربهێنرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی مرۆڤ ، فیکرەیەکی کاریگەری گۆڕینی حاڵەت و جوڵەیە لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی تر . لەم دیدە نیوتنیزمەدا هێز یەکسانە بە لێکدانی کوتلە لە خێرایی ( هێز= کوتلەx خێرایی ) بە مانای پێکهاتەی هێز دروست بووە لە خێرایی جوڵەی کوتلەکان . تێگەیشتنێکی باوی نادروست هەیە بۆ هێز بە تایبەتی لە ئاست قورسایی ئەندازە ( حەجم ) ەکاندا، پێمان وایە هێز و قورسایی قەبارەی تەنەکان دەگەرێتەوە بۆ حەجمەکانیان ، نیوتنیزم ئەم تێگەیشتنەی هەڵوەشاندۆتەوە بەوەی هێزی قورسایی تەنەکان دەبەستێتەوە بە کێش ( جازبیەت ) ەوە ، کاریگەری جازبیەتە گۆرانکاری بەسەر قورساییەکەیاندا دێنێت .
لە حاڵەتە سیاسی و فیکریەکەشدا بە هەمان هاوکێشە و ڕێسا ، قورسایی کوتلەی هەر فیکرەیەک ( حیزب ، ئایین ، فەلسەفە ) هێزی جازبیەی بڕواگیرەکانی دیاری دەکات و قورسایی پێدەبەخشێت . دیارە هەر ڕووداوێک کردەی مرۆڤ بێت ، لە دۆخی حاڵەتدا بێت یان جووڵە ، لە سیاق context ی فیکرەیەکەوە ڕوودەدات و پاشان دەبێتە داکەوت- واقیع ( هەڵبەتە ئەو کردانەشی مرۆیی نین لە سیاقی فیکرەیەکەوە بوونەتە داکەوت ، وەک فیکرەی گەردوون ، کە فیکرەی راستەخۆی خواوەندێکە) لەپاش وەرچەرخانی فیکرە بۆ داکەوت ، دەبێتە ڕووداوێکی مەعریفی و هێزی جازبیەی بڕواگیرەکانی قورساییەکەی دیاری دەکەن . لەو داکەوتانەدا کوتلەی تەنە فیکریەکان لەدۆخە جوڵاوەکەیاندا دەبنە هێزێک و کاریگەری لەسەر حاڵەتە کۆمەڵایەتیەکان دروست دەکەن . لێرەدا مەرج نی یە هەر هێزێک توانای بوونە واقیعی هەبێت وەک هێزێکی دروست بناسرێت ، چونکە هێز دەتوانێت ببێتە ئەمری واقیع و بسەپێنرێت ، بەڵام ناتوانێت بەڕەهایی وەک باڵاترین هێز و باشترین هێز دەربکەوێت . بەپێ ی گۆرانکاری بەسەر زەمینەی جازبیەکاندا گۆرانکاری بەسەر بەهاو قورسایی هێزەکاندا دێت . قورسایی ئەو تەنەی بەهۆی خێرایی جازبیەی زەوی یەوە ئەگەر کیلۆگرامێک بێت هەمان تەن قورساییەکەی بەپێ ی لاوازی جازبیەی سەر مانگ دەبێتە کەمتر لە چارەکە کیلۆیەک . دەشێت هێزی فیکرەیەک لە جازبیەی بڕواگیری مرۆڤدا بۆ سەدان ساڵ باڵاترین و رەهاترین فیکرە بوبێت وەک فیکرەی سوڕانەوەی خۆر بەدوری زەویدا کە ( زانست و ئایین و فەلسەفە) پشتگیریان لێکردووە ، بەڵام کودەتاکەی گالیلیۆ کۆتایی بەو جازبیەتە عەقیدەیی و زانستیەی رابردوودا هێنا و لە بڕواگیری ئێستادا پێچەوانەکەی ڕاستترە کە زەوی بەدووری خۆردا دەسوڕێتەوە .
جازبیەی بڕواگیری هەر فیکرەیەکی سیاسی – حیزبی ، بەبێ تاعەت ( گوێڕایەڵی ) ناتوانێت ببێتە هێزێکی باڵا لەنێو کۆمەڵگەدا ، ڕۆڵی ئەو جازبیە فیزیاویە بە مرۆڤ دەبەخشێت بۆ دیاری کردنی قورسایی تەنە سیاسیەکان . سەنگ و پێگە دەبەخشێت بەو سێوە سیاسیە نیوتینیانەی لە دەرەختەکانەوە بەردەبنەوە خوارەوە . تاعەت لەهەدوو شێوەکەیدا ، ئەگەر ئیجباری بێت لە سیستەمێکی سیاسی تۆتالیتاریدا ، یان ئیختیاری بێت لە سیستەمێکی سیاسی دیموکراتیدا ، لە رۆڵی سەنگ بەخشی مرۆڤەکان کەم ناکاتەوە بە تەنە سیاسیەکان . لەهەردوو سیستەمەکەدا جازبیەت قورسایی بۆ سێوەکان دروست دەکات . بەڵام ئەو سێوەی دەیەوێت لە رێگەی بەربوونەوەکەیەوە ئەو تاعەتە ئیختیارەیە ( بێ منەتانە ) لە مرۆڤدا دروست بکات کە ئەوە ئیستحقاقی قورسایی بەربوونەوەکەی خۆیەتی بڕواگیری لەنێو خەڵکدا دروست دەکات ، ئەمەیان مەترسیدارترین بەربوونەوەیە و کوێرانەترە لە تاعەتە ئیجباریەکەی بەسەر مرۆڤدا دەسەپێنرێت . دڵنیا هیچ بەربوونەوەی سێوێک ( لە هەڵبژاردنی سیاسیدا ) بەدەرنیە لە ویستی کۆکردنەوەی زۆرترین تاعەت – جازبیەتی خەڵک بۆ دروستکردنی هێز و بەدەست هێنانی قورسایی ، ئەوەی جیاوازی دەخاتە نێوان سێوەکانەوە ، جیاوازیە لە دروستکردنی وێناکانی خەڵکدا بۆ چۆنیەتی گوێڕایەڵی لە فیکرە و هۆکاری بەربوونەوەکە . داکەوتی بەربوونەوەی سێوەکان بەپێ ی وێناکانی ئێمە گۆرانکاریان بەسەردانایەت و پرۆسەیەکی چەندین بارەی بەربوونەوەن . وەک پێچەوانە کردنەوەی سوڕانەوەی زەوی و خۆر بەدەوری یەکدا ، گالیلیۆ جێگۆرکێ ی بە هیچکام لە ئەستێرەکان و زەوی و خۆر نەکردووە ، بەڵکە گۆرانکاریەکە لە تاعەت و تەسەوری ( ئایینی و زانستی و فەلسەفی ) ئێمەدا روویداوە بۆ چۆنیەتی سوڕانەوەیان بەدوری یەکدا . جیاوازی سێوە بەربووەکانیش گۆرانکاری نیە لە قورسایی و شێوازی بەربوونەوەکانی ئەواندا ، بەڵکە جیاوازی یە لە تاعەت و تەسەوری ئێمەدا بۆ بەربوونەوەی ئەوان و دروستکردنی هێزە لە کوتلەی بەربووەوەدا لە رێگەی جازبیەتەکانی ئێمەوە .
حەجمی تاعەتی مرۆڤە کە حەجم بۆ سێوەکان دروست دەکات . هێزی راستەقینە لە فیکرەی بەربوونەوەکەیاندا نی یە ، بەڵکە بەپێ ی ئاپۆرای گوێڕایەڵەکان هێز بۆ فیکرەی بەربوونەوەکە دروست دەبێت . ئەگەر وتاربێژێک فیکرەیەکی باڵاشی هەبێت بەڵام تاعەتی گوێگری بە دەورەوە نەبێت ، فیکرەکەی بێ هێز و پەڕاوێز خراو دەمێنێتەوە ، لەبەر ئەوەی هەمیشە هێز لای گوێڕایەڵەکانە . ئەوان هێز دەبەخشنە وتارە و وتاربێژەکە .. لە تیئۆری ساتیاگراهەکەی غاندیەوە : مرۆڤ ئیجبارنەکراوە تاعەتی خۆی ببەخشێت بە هیچ دەستەڵاتێک ، بەڵکە بە ئیختیاری خۆیەتی ئیتاعەت دەکات .. بۆیە ئیشکالیەتی تاعەت لە چۆنیەتی و بۆچیەتی ئیختیاری مرۆڤەکان خۆیاندایە ، بۆچی خۆیان ناچار دەکەن موتیع بن ؟
سەرکردەیەک لەپێناو دەرهێنانی خەڵک لە تاعەتی سەرکردەیەکی تردا ، داوای بەخشینی تاعەت و گوێڕایەڵی لە خەڵک دەکاتەوە ، لەکاتێکدا مرۆڤ لە تاعەتی دەستەڵاتێک هەڵدێت بەوپەڕی ئیختیار و ئیرادەی خۆیەوە تاعەتی خۆی دەبەخشێتەوە بە دەستەڵاتێکی تر ، لە تاعەتی ئاینێکەوە بۆ ئاینێکی تر ، لە وێنایەکەوە بۆ وێنایەکی تر .. لەبەر ئەوەی جەوهەری دروست بوونی هێز بریتی یە لە بەدەست هێنانی تاعەت و گوێڕایەڵیکردن ، هەر کەس و فیکرە و سیاسەتێک ، لە پێناو هەر ئامانج و مەبەستێکدا بێت ، پێویستی بەو هێزەیە لە تاعەتەوە بەدەستی دێنێت تا بگات بە ئامانجەکەی . ڕاهێنانی خەڵک لەسەر بەخشینی تاعەت ، مانای بەخشینی هێزە بەو کەس و فیکرە و سیاسەتەی پێ ی دەگاتە مەبەستەکەی . ئەمەش ئیشکالیەتێکی بەردەوامی بۆ مانا و لێکدانەوەی ئازادی دروست کردووە کە تاعەت لەهەردوو حاڵەتە ئیختیاری و ئیجباریەکەیدا چارەسەری تەواوی پرسی ئازادی تیادا ناکرێت و دۆسیەی ئازادی بە هەمیشەکراوەیی و بێ چارەسەری دەهێڵێتەوە ...
29/05/2014
وتارەکانی تری نوسەر