باوک وەک بانگەشە

هونەر تۆفیق

مۆدێلە سوڵتانیەکەی میراتی دەستەڵات لەهەرێمی کوردستاندا ،کاریگەری ڕاستەوخۆی کردۆتە سەر ژیانی سیاسی و جڤاکی ئینسانی کوردی .

بیرکردنەوە و فەرهەنگی ئێمە خەریکە ئەوەی تێدا دەچەسپێت کە دەبێت میراتی سیاسی لەباوکەوە بۆ منداڵەکانی بمێنێتەوە . لەکاتێکدا ئەگەر سەیری ئەرشیفی سەردەمی شاخ و پێش ڕاپەڕین بکەین . سەرەکیترین گلەیی شۆڕشگێڕەکانمان لە ڕژێمەکەی سەدام حوسەین ئەوەبوو کە زۆربەی دەزگا حکومیە هەستیارەکانی دەوڵەتی سپاردووە بە کوڕەکانی خۆی . بەڵام ئێمە ئەزموونەکەی ئەومان ڕادیکالانەتر بۆ منداڵ و کەسوکاری دەستەڵاتی کوردی دووبارە کردۆتەوە . 

ڕەگ داکوتانی ئەو فەرهەنگە سوڵتانیەی میراتی سیاسی باوک بۆ منداڵەکانی بەتایبەتی لە دیمەنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پارلەمانی عێراقدا هەستپێدەکرێت . زۆرێک لە کاندیدەکان بانگەشەی هەڵبژاردنەکەیان بە شەهیدبوونی باوکیانەوە یان ئازابوونی باوکیانەوە یان سیاسی بوون و ڕۆشنبیری باوکیانەوە دەکەن . داوا لە دەنگدەرەکانیان دەکەن ، لەبەرخاتری باوکە شەهید و ئازا و سیاسی و خوێندەوارەکانیان دەنگیان پێبدەن . وەک چۆن بەهۆی باوکە دەستەڵاتدارەکەوە دەبێت نەوەکەی ببێت بە میراتگر و فەرمانڕەوا  ، بەرەو چەسپاندی ئەو دیاردەیەش دەچین کە دەبێت بەهۆی باوکە شەهید و ئازاکانیشەوە نەوەکانیان ببن بە پارلەمانتار ..

30/09/2021



وتارەکانی تری نوسەر