ئێمە و ئێوە ( تەفاوت و تەمەییز)

هونەر تۆفیق
ئەو هێڵەی بەنێوانماندا کێشاوتانە بەتەنیا ئێمە و ئێوەیەکی سادەی جیاواز نی یە ! بەڵکە دیاریکردنی تەفاوت و تەمەییزی ئێوەیە لە ئێمە ..

حکومەت بۆ ئێوەیە  ، متەمەیزن بەوەی خۆتان و کوڕ و کچەکانتان ، حاکم و وەزیر و بەڕێوەبەری حکومەتن  . تەفاوتمان لەوەدایە دەبێت ئێمە باج و سەرانە بدەین بەئێوە بۆ ئەوەی خۆش بژین و ئێمەش بەبێ موچە و داهات خزمەتتان بکەین ..

سوپا بۆئێوەیە . متەمەیزن بەوەی دەبێت ئەو سوپایە ببنە حیمایەی خۆتان و کچ و کوڕەکانتان . هەرکات  پێویستان بوو بە تەواوی تفاقی عەسکەرەیەوە ، سەربازەکان بێنە مەیدان ، بەدۆشکە و چەکی قورسترەوە شەڕ بۆ منداڵەکانتان بکەن .

تەفاوتەکە لەوەدایە ، ئێمەش دەبێت دەستمان بەدڵمانەوە بێت داخۆ منداڵی کاممان بە فشەکی منداڵەکانتان دەکوژرێت !!

سامانی وڵات بۆ ئێوەیە . متەمەیزن بەوەی نەوت و گومرگ و زەوی و بازاڕ هی ئێوەیە . ئێمەش مەئموری جێبەجێکار و کۆکەرەوەی سامانەکەتان بین . تەفاوتەکەش لەوەدایە ، ئەگەر پیشە و کارێکی مەمرە و بژیتان بۆ خەڵک هێشتبێتەوە ، بە باج و ڕسومات و غەرامەکردن ئەوەشیان لێدەسەننەوە . 

هەرچۆنێک بێت ، ئێمە و ئێوە ، عادەتمان بەو ناعەدالەتیەی تەفاوت و تەمەییزەی نێوانمانەوە گرتووە ، بەینی خۆمان پاراستووە ،هێشتا کارەساتە گەورەکە ڕووینەداوە . کارەسات لە ئێستەوە دەستپێدەکات !! چۆن بتوانین منداڵەکانمان لە منداڵەکانتان بپارێزین ؟!

22/06/2021



وتارەکانی تری نوسەر