ئۆلیگارشی – حوکمسالاری یان دەستەڵاتی بنەماڵە لە باشووری کوردستاندا شێوازی فەرمانڕەوایی و سیستەمێکی سیاسی سابیتە و بە تەواوی جێگیرە . بۆیە ئێمە لێرەدا قسەمان لەسەر ئەگەر و خەمڵاندن نیە . باسمان لەسەر واقیعی بوون و نەبوونی ئەم جۆرە دەستەڵاتە سیاسیە نیە کە لە هەرێمی کوردستاندا پەیڕەو دەکرێت ، بەڵکە هەوڵی لێکدانەوەی هۆکارە مێژووییەکانی دروست بوونی ئۆلیگاریشی – حوکمسالاری کوردی دەدەین .
ئەفڵاتون لە کۆمارەکەیەوە دەرکی پێکردووە ، Oligarchy حوکمداری ئۆلیگارشی، کاتێک شێوازی حوکمداری بەسەر سێ جۆردا دابەشدەکات ( نمونەیی ، دیموکراسی ، ئۆلیگارشی) ئەریستۆش لە سیاسەتدا باشتر شەرحی دەکات بە حوکمڕانی کەمینەی خاوەن سامان و موڵک یان هێز و سوپا ناویان دەهێنێت کە دەستەڵات و نفوزیان لە باو و باپیرانەوە بۆ نەوەکانیان دەمێنێتەوە . لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا ، لەپاش دۆزینەوە و پێویستی نەوت لەلایەن کۆلۆنیالیزمی بەریتانی و فەرەنسیەوە ، ئۆلیگارشی خۆرئاوایی ( خاوەن کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوت ) و ئۆلیگارشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ، بنەماڵە خاوەن نفوزەکانی وڵاتانی نەوت ( میرەکانی نەوت ) دروست بوون .
کۆمپانیای بریتش پترۆلیۆم کە لەسەرەتادا کۆمپانیایەکی ئەنگلۆ- ئێرانی بوو ، لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا یەکەمین کۆمپانیای گەڕان و دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت بوو لە ئێران و عێراق و کەنداودا . ڕۆڵێکی گەورەی بینیوە لە دروستکردنی شانشینە نەوتیەکانی ناوچەکەدا و دەستنیشانکردنی پادشا و میرەکانی نەوت لەو دەوڵەتانەدا . بەپێ ی جوگرافیای بیرە نەوتیەکان زۆربەی جوگرافیای سیاسی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیان دابەشکردووە بەسەر چەند ئۆلیگارشێکی نزیک لە بەرژەوەندیەکانی خۆیان . لە عێراقدا ( ئای بی سی ) کە پێکهاتەی هەرسێ کۆمپانیای بریتش پترۆلۆمی بەریتانی و رۆیال داچ شێلی بەریتانی – هۆڵەندی و تۆتالی فەرەنسی بوون ، کاریگەری تایبەتیان هەبوو لە دەستنیشانکردنی شا فەیسەڵی یەکەم بۆئەوەی ببێتە پادشای ئەو عێراقەی بەپێ ی ڕێکەوتنی فەرەنسا و بەریتانیا ( سایکس – بیکۆ) کرایە دەوڵەتێکی شانشینی . ئۆلیگاریشی شەریفی مەککە - شەریف حسەینیان لە حجازەوە هێنا بۆ حوکمداری لە عێراقدا .
پەیوەندی ئۆلیگاریشی خۆرهەڵاتی و ئۆلیگاریشی خۆرئاوایی لەسەر بنەمای سامانی بیرە نەوتیەکان دروست و تۆکمە بووە . ئۆلیگارشی خۆرئاوایی لە نمونەی ( چوار سوارەکە) ی ئەمریکا کە کۆمپانیاکانی شیفرۆن ، تەکساکۆ ، ئیکسۆن مۆبایل و ئیسۆن ، پێکەوە ڕۆڵیان لە داڕشتنی سیاسەتی ئەمریکی لە کەنداودا هەیە . ئەمریکا بەپێ ی بەرژەوەندیەکانی ئەو کۆمپانیای نەوتانە سیاسەتی خۆی لە کەنداودا پەیڕەودەکات کە سەرچاوەی داهاتێکی گەورەن بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا .. لەکاتێکدا ئەوەی پێ ی دەگوترا بەهاری عەرەبی ساڵی ٢٠١١ ، تەواوی پشتیوانی ماددی و مەعنەوی ئەمریکای پێدەگەیشت ، بەڵام لە بەهاری بەحرەیندا کە بەرژەوەندیەکانی چوار سوارەکەی نەوتی تیادایە ، زۆر بەخێرایی کۆتاییان بەبەهارە بەحرینیەکە هێنا ، بە پێچەوانەی سوریا و لیبیا و یەمەن .. هتدیەوە ، لە ڕاگەیاندنەکانیشیاندا پرسی بەهاری بەحرەین و سعودی عەرەبیان کپ و بنەبڕکرد . لەگەڵ ئەوەشدا کە ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا – ئۆباما ، بڕیاری دابوو پشتیوانی گەلانی ناوچەکە بکات ، نەک وەکو ئیدارەکانی پێشووتر تەنیا پشتیوانی حکومڕانەکان بێت ، بەڵام لەژێر فشاری ئۆلیگارشی خۆرئاوایی – ئەمریکیدا ، ئیدارەی ئۆباما نەیتوانی سەرکەوتووبێت لە بردنە سەری بەڵێن و پرۆژە سیاسیە نوێ کەی لە خۆرهەڵاتدا ، چونکە ئەگەری کۆتایی هاتنی تەواوی پادشا و میرەنەوتیەکانی کەنداوی لێدەکرا ، ئەمەش لە قازانجی ئۆلیگاریشی ئەمریکی نەبوو ، هەر نەبێت تا حاڵی حازر ئەو پەیوەندیە هاوبەشە لەبەرژەوەندی هەردوو ئۆلیگاریشی کەنداو و چوارسوارەکەدایە و تەمەنی یەکتر درێژ دەکەنەوە .
ئۆلیگارشی کوردی – شۆڕش و نەوت
دروست بوونی ئۆلیگارشی کوردی بە دوو قۆناغ دەستی پێکردووە . ئۆلیگارشی شۆرش و ئۆلیگارشی نەوت . لەبەر ئەوەی زۆربەی سەرهەڵدانەکانی کورد لە تەکیە و خانەقانەکانەوە دەستی پێکردووە ، شێخەکانی تەریقەت سەرکردایەتی ئەو سەرهەڵدانانەیان کردووە . شێواز و سیستەمی بەڕێوەبردنی تەکیە و خانەقاکان تا ئەمڕۆش زاڵە بەسەر سیاسەت و سیستەمی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستاندا . هەیکەلی بەڕێوەبردنی تەکیە و خانەقاکان بەو شێوەیە کە کۆمەڵگە دابەشدەکات بەسەر شێخ و موریددا . شێخ تەریقەت و فەرمان دەدات بە مورید و موریدیش ئەرکەکانی بریتیە لە پابەندبوون و گوێڕایەڵی و جێبەجێکردنی فەرمانەکانی شێخ . ئۆلیگاریشی تەکیە هەرگیز ڕێگەنادات بەوەی مورید شوێنی شێخ بگرێتەوە ، هەرچەند لێهاتوو و بەتواناش بێت . چونکە ئۆلیگاریشی تەکیە ، دەستەڵات و تەریقەت تیایدا لە باپیرانەوە بۆ نەوەکانی جێدەهێڵێت ، نەک بۆ مورید و سۆفی و دەروێشەکانی دەستوپێوەندی شێخی تەکیە .
ئەو ئۆلیگاریشە کوردیەی تەکیەو خانەقا ، بەهەمان سیستەمی پلەبەندی شێخ و مورید ، هەیکەلی شۆرشی کوردی و سەرکردایەتی شۆرشی دیاری و زاڵ کردووە . لەپاش شۆرش و شاخ ، هەمان سیستەمیان هێنایەوە ناوشار و حکومەت . فەرمانڕەوایی لە هەرێمی کوردستاندا بەهەمان پلەبەندی تەکیە و خانەقا لە نێوان شێخ ( حوکمسالار) و مورید ( گەل ) دا داڕێژرایەوە . ڕاستگۆترین کەسێکی سیاسی لە کوردستاندا ئەم جۆرە سیستەمە سیاسیەی هەرێمی بە سەراحەتەوە باسکردبێت شێخ ئەدهەم بارزانیە ، لە شوباتی ٢٠١١ دا گوتی ( نابێت تەنیا بە دیدێکی سیاسی مجەڕەدەوە سەیری ئێمە بکرێت ، ئەبێت ئەوە لەبەرچاوبگیرێت کە هەزاران مورید و دەروێشی خۆمان هەیە . بەجیا لەوەی سیاسی و حیزبین ، ئێمە تەریقەتین ، دەبێت ئاگامان لە هەستیاری ئەمدیوە مەزهەبیەی واقیعی سیاسی کوردستانیش بێت ....) لێرەدا شێخ ئەدهەم بارزانی بەتەنیا بەرگریکارێک نەبوو لەو هەڵمەتی ناڕەزایەتیەی خەڵک لەدژی بارزانی . بەڵکە شیکەرەوەیەکی ڕاستگۆی واقیعی سیاسی و سیستەمی سیاسی هەرێمیش بوو .. دیارە ئەوە سەرۆکی هەرێمە تا ئێستا کۆشکی سەرۆکایەتی و جێگە و پێگەیەکی فەرمی نیە ناوی تەلاری سەرۆکایەتی هەرێم بێت . چونکە لە هەیکەلدا ، شێخ – سەرۆک ، ماڵ و مەڵبەندی نیە ، بەڵکە تەکیە و خانەقای هەیە . خێزان و مورید و میوانی تیادا دەبینێت و لەگەڵیاندا کۆدەبێتەوە .
قۆناغی دووەمی ئۆلیگاریشی کوردی قۆناغی نەوتە . واتە قۆناغی ئاشنایەتی و دروستبوونی دۆستایەتی نێوان ئۆلیگاریشی خۆرهەڵاتی ( خاوەن بیرەنەوتەکان ) و خۆرئاوایی ( خاوەن کۆمپانیاکانی نەوت ) هەرکاتێک ئەم دوو ئۆلیگاریشە بوونە هاوپەیمان و پارێزەری بەرژەوەندیەکانی یەکتر ، ئەگەر لە ئاستی سیاسەتی دەوڵەتیشدا پێچەوانەی یەکتربن لە نمونەی ناکۆکی سیاسی لە نێوان سعودی عەرەبی و ئەمریکادا ، ئۆلیگاریشی خۆرئاوا دەتوانێت ئەو دوو دەوڵەتە هەرچەند لە سیاسەتدا جیاوازبن لە ئابووری و نەوتدا لەیەکدیان نزیک بخاتەوە . ئۆلیگاریشی کوردی وریا و زیرەکانە ئەو کەناڵانەی پشتی سیاسەتی خۆرئاوای دۆزیوەتەوە و توانیویەتی بەقازانجی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە بەکاریبهێنێتەوە ، پێگەی خۆی لەهەردوو ئاستدا پێ قایمبکات .
کەلتووری ئۆلیگاریشی
کاتێک دەستەڵاتی ئۆلیگاریشی جێگر و قایم بوو ، هەیکەلی ئیداری و سیاسی دەوڵەتی لەسەر داڕێژرا، ئیتر دەبێتە کەلتوور . کەلتووری دابەشکردنی شوناسی تاکی کۆمەڵگە بەسەر دوو بەشدا . شوناسی بەشی یەکەم کە کەمینەی باڵا و حوکمسالارە ، ئەرک و ڕۆڵ دابەشدەکات بۆ بەشی دووەم کە زۆرینە ( مورید) ی مولتەزیمەبە فەرمانەکانی کەمینەی باڵاوە . شوناسی بەشی دووەم ئەو هاوڵاتیە ساڵەح و گوێڕایەڵەیە ئەرکە دیاریکراوەکانی لەلایەن کەمینەی باڵاوە جێبەجێدەکات و گلەیی لەبەختی خۆی و کەموکورتیەکان ناکات . ئەو کەلتوورە کورتبینە دێتەدی کە کەمینەی باڵا – ئۆلیگاریش و زۆرینەی گوێڕایەڵ پێکەوە ناحاڵی دەبن لە ڕەوتی مێژوو و دینامیکیەتی کاریگەریە کۆمەڵایەتیەکان . مەترسی ئەم کەلتوورە لەوەدانیە پەیوەندی نێوان شێخ و مورید لەسەربنەمای ئاڵوگۆڕی دەستەڵات و ماف و عەدالەت دانەمەزراوە ، بەڵکە مەترسیەکەی لەو کاتەدایە کە زۆرینەی مولتەزیم و گوێڕایەڵ لە چرکەساتێکی مێژوویی نادیار و لەناکاودا ، لەو شوناسە ناحەقیقیەی خۆی هەڵدەگەڕێتەوە . داوای شوناسە ڕاستەقینەکەی خۆی دەکاتەوە لە کەمینەی باڵا . دەیەوێت خۆی وەک زۆرینەی باڵا ببێتە خاوەنی دەستەڵات و بڕیار . ئەوە چرکە ساتێکە کەسمان نازانین کەی و چۆن ڕوودەدات . بۆیە خەبەربوونەوە و ڕاچڵەکینێکە ئان و ساتی بۆنیە . لەگەڵ گەیشتن بە شوناسە ڕاستەقینەکەی ناخی مرۆڤ خۆیدا ، ئەوکات بەرگەی ناگیرێت و مەترسیە گەورەکە ڕوودەدات کە لە پێش زۆرینەی گوێڕاڵەدا ، کەمینەی باڵا – ئۆلیگاریشی کوردی وەک هەر ئولیگاریشێکی دیکە لە مێژوودا ، لەو چرکە ساتەدا ئەویش خەبەری دەبێتەوە لە دواساتەکانی مانیدا بەخۆی دەڵێت بۆ بڕوام بەم ڕۆژە نەدەکرد ؟ ئاوا ڕوویدا !! کە تازە ڕێگای گەڕانەوەشم بۆ دواوە نەماوە ...