ئیمانداری گەڕانێکی بەردەوامە بەشوێن خوادا ، هەوڵدانە بۆ دۆزینەوەی ئەندازیاری بوون و کەشفکردنی خالق و حەقیقەتی ڕەها . ئەو گەڕانەی لە پێناو خوداناسیدا دەکرێت ، ئاڕاستە و ڕووی لەو مەخلوقات و کائیناتانەیە کە ئایە – عیبرەتەکانی زاتی خودا و شوێندەستی خالیقی تیادا بەرجەستە و دیارە .
مێژووی ئیمان هاوکاتە بە مێژووی عەقڵی مرۆڤ . عەقڵ و ئیمان لەڕەچەڵەکدا لەو گەڕانە هەزاران ساڵەیەوە سەرهەڵدەدات کە مرۆڤ لە ڕێگەی تێڕامانی بۆ ئاسمان ، لەیەک کاتدا عەقڵ و ئیمانی پێکەوە دەستەبەر کردووە ، هەنگاوی یەکەمی بەرەو ئینسان بوون و جیابوونەوەی لە توخمی ئاژەڵ پێ هەڵهێناوە .
عەقڵ : لە ڕێگەی ڕامانی مرۆڤ بۆ ئاسمان و جوڵە و سوڕی ئەستێرەکانەوە ، ساڵ و وەرز و هەفتە و ڕۆژی دیاری کردووە . لە رێکخستنی کاتەوە فێری چاندن و بەرهەمهێنان بووە . بەرهەمهێنان وەک سەرەتای دەستکەوتی عەقڵ ، لە ئاسمانەوە خستۆتە سەر زەوی . ڕامان و گەڕانی مرۆڤ لەپاش عەقڵەوە هەر بەردەوامە . بەنێو هەسارە و سیاچاڵەکانی گەردووندا بەشوێن خودادا دەگەڕێت و لەهەوڵی زیاتری کەشفکردن و پەی بردندایە بە حەقیقەتی ڕەها و زاتی خوادا .
ئیمان : وەک پرسیارێکی هەمیشەی یە ، ئەو هەموو هەسارە و ئەستێرەیە چۆن و بۆچی ؟ ئەندازیاری بوون و خالقی گەردوون کێ یە ؟ ژیان تاکوێ و کۆتایی لە کەیدایە ؟ هەموو ئایینەکان پەیوەندی راستەوخۆیان بەم پرسیارە ئاسمانیانەوە هەیە . هیچ ئاینێک نی یە بڵێت دەق یان پەیامەکەی لە زەویەوە بۆهاتووە یان لە ژێر دەریاوە گەیشتۆتە پێغەمبەرەکان ، بەڵکە هەموویان دەڵێن دەق و پەیامەکەیان لە ئاسمانەوە بۆ نازڵ – تەنزیل کراوە .. بۆیە هەتا بوون و ئاسمان و پرسیار هەبێت ، ئیمان و عەقڵیش هەیە و پێکەوە وێنای گەورەتری خودا دەدۆزنەوە و زیاتر لە حەقی ڕەها نزیک دەبنەوە .
هەرکاتێک ئایین لە ڕێگەی مەحکەمەی تەفتیشەوە پۆلیسی بەسەر ئیمانی مرۆڤەوە دانا ، مانای ئەوە دەگەیەنێت ئەو ئایینە توانای راستەقینەی خوداناسی و دۆزینەوەی خودای لەو شوێنە ڕەهایەدا نی یە کە ئایەت – عیبرەتی بەرجەستەبوونی خودای تیادایە . ئەو ئایەتە لە گەردێک – ئەتۆمێکی بچوکەوە تا ئەوپەڕی گەورەیی گەردوون شوێنی راستەقینەی گەرانە بەشوێن خودادا نەک ناخی ئینسانەکان . هەر ئایینێک پۆلیس و مەحکەمەی تەفتیشی هەبوو ، پۆلیسەکانی دەبنە جەنگاوەرێکی دڵڕەقی شمشێر وەشێن ، لە هەر شوێنێک خوداکەیانی لێ نەبوو خاپووری دەکەن ، گومانیان لە هەر نەفسێک هەبوو خوداکەی لە خوداکەی ئەوان ناکات دەیکوژن . بێ گوێدانە ئەوەی مەحاڵە لە نێوان دوو مرۆڤدا ئەگەر لە یەک رەگەز و یەک مەزهەبیش بن ، بتوانرێت تەسەورێکی لێکچوویان بۆ خودا هەبێت ، وێنە زیهنیەکەی خوداکەیان وەک یەک بێت . مەترسیەکەش لێرەدایە کە ئەوکات پۆلیسەکانی ئایین سنوورێکی دیاریکراویان بۆ کوشتن نابێت ، چونکە ناتوانن وێنەی زیهنی ئینسانێک بدۆزنەوە لەوێنە زیهنیەکەی خۆیان بکات ئەگەر هەردوولاشیان لە هەمان ئایین بن . بە زەبری شمشێر ( وەک داعشیەکان ) خودا وەک حەقیقەتێکی ڕەها لە مرۆڤەکاندا کەشف ناکرێت . ڕاستە وێنای خودا لەهەر یەکێکماندا هەیە ، بەڵام وێنە گەورە و ڕەهاکەی لە گەردوون و ئایەت – عیبرەتەکاندایە نەک نەفسی من و تۆ و ئەو . خودا لە بوون و ژیاندایە نەک لە مردن و کوشتن . کوشتنی هەر مرۆڤێک بەناوی کوشتنی کوفر لەلایەن ئیمانەوە ، قەتڵێکە بەرانبەر وێنەیەک لە وێنەکانی زاتی خودا . وەک مەولاناڕۆمی دەڵێت : بوونی خودا لەو کەسەشدا هەیە کە پێ ی وایە خودا نی یە ، چونکە تەنانەت بیرکردنەوە لە نەبوونی خودا بەخۆی بیرکردنەوەیە لە بوونی زاتی خودا ..