سیاسەتی گوریس جەڕان و دیبلۆماسیەتی گرێکردنەوە

هونەر تۆفیق
لەگەرمەی ئاڵۆزیەکانی نێوان یەکێتی سۆڤیەت و وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکادا ، بە تایبەتی لە قەیرانی جێگیرکردنی رۆکێتەکانی سۆڤیەت لە کوبادا ، کە بە دووهەفتەی ترسناکی مێژووی مرۆڤایەتی هەژمار دەکرێت لە نێوان 15 - 30 ئۆکتۆبەری 1962دا . چونکە ئەگەری قەومانی جەنگ لەنێوان ئەو دوو هێزە ئەتۆمیەدا لەئان و ساتدابوو . سۆڤێتیەکان لەو رۆژانەدا فرۆکەیەکی ئەمریکیان لە ئاسمانی کوبادا خستەخوارەوە هەموو جیهان لەو مەترسیە گەورەیەدا چارەنوسی پەیوەست بوو بە بڕیاری دوو کەسەوە ، نیکیتا خرۆشۆفی سەرۆکی سۆڤێیەت و جۆن کینیدی سەرۆکی ئەمریکاوە . 
خرۆشۆف بروسکەیەک دەکات بۆ نووسینگەی کینیدی و تیادا دەڵێت :
لەناوەڕاستی ئەو گوریسەی کە هەریەکەمان بە تەواوی هێزی خۆمانەوە سەرێکی ڕادەکێشین گرێیەک هەیە . هەتا من و تۆ توندتر ڕایبکێشین گرێکە توندتر و ئاڵۆزتردەبێت .حیکمەتی عەقڵ لەوەدایە با جارێ ئێمە لە ڕاکێشان خاوبینەوە ، ئەوساکە پێدەچێت کردنەوەی گرێکوێرەکەش ئاسانتربێت !
کینیدی ئەو پێشنیارە بە فرسەتێکی باش دەزانێت بۆ دەربازبوون لە مەترسیەکانی قەیرانەکە . بروسکە دەکاتەوە بۆ خرۆشۆف و دەنوسێت :
ئێمە بەتەواوی دەرکی پێشنیارو داواکاریەکەتان دەکەین . بەڵام مەرج نیە ، جێبەجێ کردنی وەک ئەوە بێت ئێوە داوای دەکەن . 
خرۆشۆڤ دەزانێت جێبەجێکردنەکەی مانای کشانەوەی رۆکێتەکانی سۆڤێیتە لە کوبادا و چارەسەریەکە لەوێوە دەست پێدەکات . بەڵام دەبێت بە دەستکەوتێکەوە بۆ سۆڤێیەت پاشەکشێ بکات . داوادەکات لەبەرانبەرکشانەوەی سۆڤێیەتیەکاندا دەبێت ئەمریکیەکان رۆکێتەکانیان لە تورکیادا بکشێننەوە . کینیدی بە داواکەی خرۆشۆف ڕازی دەبێت . مەترسی کارەساتی جەنگە جیهانیە ئەتۆمیەکە دەڕەوێتەوە .
لە ئێستادا قەیرانە سیاسیەکەی هەرێم لەو گوریس جەڕانە دەچێت کە هەتا توندی بکەیتەوە گرێکەی ناوەڕاستی ئالۆزتر و توندتر دەبێتەوە . ئێمە لەهەر سەرێکیانەوە لایەنگر و بەشداری راکێشانەکەبین ڕۆڵی یەکلاکەرەوە و چارەسەریمان پێ نابینرێت. باشترین هەڵبژاردە لەم کاتەد شلکردنەوە و خاوکردنەوەی ئەمسەروئەوسەری گوریسەکەیە بۆ ئەوەی ماڵوێرانیە سەرتاپاگیرکە ڕوونەدات ، بتوانرێت گرێکوێرەکە بکرێتەوە کە ئەسڵی جیاوازی و ناکۆکیەکانە . دەبێت هەردوو تەرەفیش دەرکی پێشنیار و داواکاریەکانی یەکتربکەن ئەگەر بەو مەرجانەش نەبێت کەلە جێبەجێکردندا جیاواز و ناکۆکیان دەکاتەوە .
هەندێک شەڕ هەیە هەر لەسەرەتاوە هەردوو تەرەف دەزانن کە هیچ لایەکیان ناتوانن بیبەنەوە . ئەم ناکۆکی یە سیاسیەی لە ئێستای هەرێمی کوردستاندایە هەرگیز ، هیچ لایەک بردنەوەی تیادا مسەوگەرناکات . بەڵام جۆرە بردنەوەیەکی تر هەیە کە کۆتایی هێنانە بە قەیران و گەڕانەوەی ئاشتی کۆمەڵایەتی و سیاسی یە . لەدواجاردا ئەمەش دەستکەوتە


22/10/2017



وتارەکانی تری نوسەر