بەزەڕەبینش بۆت بگەڕێن لەتۆزی ژێرپێی ژنە گەریلایەکدا نیت

هونەر تۆفیق
بە زەڕەبینش بۆت بگەڕێن لەتۆزی ژێرپێی ژنە گەریلایەکدا نیت
بۆ مەلا کامەران 
 
ئەگەر لە رێپێوانێکدا بەشداریت کردبێ ، یان لە خوتبەیەکدا پشتگیری بەرخودانی کۆبانیت کردبێت ، ناکاتە ئەوەی ببیتە بریاردەری چۆنیەتی ژیان و موفتی بەسەر دەستوری سیاسی و کۆمەڵایەتی هیچ کەسێکەوە ، نەخوازەڵا ببیتە موفتی بەسەر سیستەمی سیاسی کۆمەڵگەیەکەوە !! 
لە خۆپیشاندانێکی بەردەم باخی گشتیدا کاتێک لە میکرۆفۆنەکەوە هاوارت کرد : دیفاعکردن لە کۆبانی دیفاعکردنە لە شەرەف و ناموسی خۆشک و دایکمان ، بەراستی پشتم تێکردیت و حەزم دەکرد گوێم لەو قسەقۆڕ و سواوانە نەبێت کە پرسی ئازادی و پرسی نیشتمان و پرسی مرۆڤ لەنێوان تاریکی و رووناکیدا لەو جۆرە دروشمە سوک و ریسوایەدا کورت بکرێتەوە . بکرێت بە دیفاعکردن لە شەرەف و ناموس .. ئاخر مەگەر لە عەقڵی خێڵەکی و تاریکی مەزهەبی ئێوەدا نەبێت لە کەی و کوێدا شۆرشێک بەرپابووە لە دیدگای شەرەف و ناموسەوە ؟؟ لە چ دنیایەکدا قەزیەی ئازادی گرێدراوی قەزیەی شەرەف و ناموس بووە ؟؟ تەنیا ئێوە نەبێت ئازادی و نیشتمان و شەڕی عەقڵتان بەلاوە شەڕی گەڵوگون و شەرەف و ناموس بووە . بەرخودانی ئەو ژنە دلێرانەی ئێوە بە زەرەبینیش لە تۆزی ژێرپێیاندا نادۆزرێنەوە کاتێ شەرەفمەندی و شکۆی ناموس هەیە کە مرۆڤ ئەخلاقی رێگەی پێنەدات ئازادی بە گەڵوگونی خۆی بپێوێت .

نیشتمانی ئەوان شوێنکە مانا و حورمەت تیایدا ئینسانێکی ژن و ئینسانێکی پیاو بەپێ ی جیاوازی کۆئەندامی زاوزێیان جوداناکرێنەوە لە ماف و ئەرکدا ، بەڵکە بەپێ ی کارایی و لێهاتویی لە کۆمەڵگەدا ڕۆڵ و پێگەی خۆیان دیاری دەکەن.. 

ئەو هەڕەشانەی ئێوە لە یاسای خێزان و ئەزموونی خۆرئاوای کوردستان و کەسی ساڵەح موسلیم ، راستەوخۆ هەڕەشەن لە تاک بەتاکی ئینسانی کورد و لە عەقڵی ئازادیخواز ، چونکە راست و ڕوون پێتان وایە ئەگەر ئازادی و ماف بە پێوەرەکانی ئێوە نەبێت ، رەزامەندی شەرعی و مەزهەبی ئێوەی لەسەر نەبێت ، ئاساییە بەلاتانەوە لەنێوان ئەو ئازادییە و داعشدا ، ئێوە داعش هەڵبژێرن ، چونکە داعش نزیکترە لە پێوەرە شەرعی و مەزهەبیەکانتانەوە تا یاسای باری خێزانی کانتۆنەکانی خۆرئاوا !! لە ناوەڕۆکدا نامەکەتان هاندانە بۆ دژایەتی کردنی بەرەی مەدەنیەت کە لە شەڕی کۆبانیدا لە بەرانبەر بەرەی جەهلدا دەجەنگێن و ئێوە دەبنە پاڵپشتی بەرەی جەهل و هەوڵێکە بۆ کافراندنی پەیەدە ..بەستالین کردنی موسلیم دروستکردنی جیهادیەکانە بۆ شەڕی ئەو شەرەف و ناموسەی بەلاتانەوە مەزنترە لە شەڕی ئازادی و مەدەنیەت ..

16/11/2014



وتارەکانی تری نوسەر