وێنەی شەهید، لە بازگەكان یا لە نێو دڵان ؟!

د.یەحیا عومەر رێشاوی

كە دەگەیتە بازگەی (بانی مەقان)ی شارۆچكەی چەمچەماڵ، لە دەرچون و لە هاتندا وێنەی پۆلێك شەهیدی كوردستان دێنە بەرچاوت، كە سەرجەمیان لە سەنگەری بەرگری و پاراستنی نیشتیماندا و لە تافی لاوێتیدا گیانیان بەختكردوە و خوێنیان بۆزامنكردنی ئارامی و ئاسایشی ئەم كیانە رشتوە، وێنەی ئەو شەهیدانە رۆژانە لە زیادبوندان و لە زۆربەی بازگەكانی هەرێمی كوردستاندا ئەو دیمەنانەی كە هەم مایەی شانازین و هەم دڵتەزێنن،لە زیادبون و دوبارە بونەوەدان.

دیارە هەموو گەلێك مافی خۆیەتی شانازی بە سیمبول و شەهید و كەسایەتیە دیارەكانی بكات، وڵاتان پەیكەری گەورە بۆ رەمز و شەهید و كەسایەتیە دیارەكانیان دروست دەكەن، كە قوربانیان بۆ گەل و نیشتیمانەكانیان داوە و خۆیان كردۆتە قوربانیی و لە پێناو پاراستنی خاك و گەلەكەیان خوێنیان رشتوە، وڵاتان بۆ ئەم بە زیندویی هێشتنەوەیە نەریت و رێورەسم و دەزگای پسپۆریان هەیە و بودجەی تایبەتیی بۆ تەرخان دەكەن، ئەوانە دەكەنە بەشێكی دانەبراو لە مێژوی خەبات و شۆرش و بونیادنانی وڵات و لە شوێنە گشتی و دیارەكانی وڵاتدا بەشێوەیەكی دیار و سەرنجراكێش پیشانی گەشتیارانی دەدەن و لە پرۆگرامی خوێندن و كەناڵە میدیاییەكاندا بەنەوەی نوێیان دەناسێنن.
پێناچێت هیچ گەلێك بەقەدەر گەلی كورد تۆماری قوربانیدان و بەرخودانی تەژی بێت لە كەسایەتی و شەهید و قوربانیدەر، بە درێژایی مێژوی ئەم گەلە بە هەزاران كەس خوێنی خۆیان لە پێناو پاراستنی ئەم خاكە و گەشتن بە مافە رەواكان رشتوە و ئاوارەیی و دەربەردەری و ستەم و بەرخودان بۆتە ناسنامە و بەشێكی دانەبراو لە ژین و ژانی ئەم گەلە و بە سەدان بەرگ و بەهەزاران لاپەرەی لە سەر دەنوسرێت . قەدەری ئەم گەلە وایە كە پاش ئەو هەموو قوربانیدانە هێشتا كاروانیی قوربانیدان و شەهیدبونی رۆڵەكانی بەردەوامە و تا هەنوكە مافە رەواكانی لە سەربەخۆبون و بە دەوڵەتبون نەچەسپیون و  روبەروی دوژمنێكی سەرسەخت و تێرۆریستی وەك (داعش) و هاوشێوەكانی بۆتەوە .

دیارە لەسەرەتای  روبەروبونەوەی هێزی پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ گروپی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە (داعش) هەزاران هاوڵاتی بونەتە قوربانیی و بەسەدان پێشمەرگە شەهید و بریندار بون، ئەركی هەموو لایەكە قوربانیدان و شەهیدبونی ئەم پۆلە پێشمەرگەیە بەرز بنرخێنن و بە زیندویی لە دڵی هەمواندا بمێننەوە، بەڵام ئەوەی ئەمرۆ لە هەرێمی كوردستاندا دەگوزەرێت لە دانانی وێنەی شەهیدەكان لە بازگە و دەروازەی شارەكاندا جۆرێكە لە پاشەگەردانی و دیاردەیەكی ناشارستانیە، وێنەكان بە قەبارەی نەگونجاو و دیزاینی زۆر نارێك و نوسین و دەربرینی لاواز پەیتا پەیتا دادەنرێن و سەرشەقام و نێو بازگەكانیان تەنیوە، كەسێكی بیانی و گەشتیارێك سەردانی ئەم وڵاتە بكات وێنایەكی نەشیاوی لە دەروندا بەرامبەر بە زەوق و سەلیقە و ئاستی شارستانیەتی گەلی كورد و نیشانەی پرسیار و سەرسورمانی لەلا دروست دەبێت.
ئەوەی وێنەكە تەڵختر دەكات و دیمەنەكە دزێوتر دەكات تۆخكردنەوەی مۆركی حیزبیە لە وێنەكاندا و پیشاندانی وێنەی ئەو شەهیدانەیە وەك كادیر و ئەندامی حیزبیی ! وێنەكان لە دەڤەری ئەملا (سەوز) كراون و لەولاش (زەرد) دەكەنەوە، دیارە ئەوەیجێگەی سەرنجە وێنەكانی دەڤەری (ئەملا) زیاتر لە بازگەكاندا دەبینرێن و مۆركی حیزبیان رۆژ بەرۆژ تۆختر دەبنەوە ! جێی خۆیەتی ئەو پرسیارە بكەین كە داخۆ كێیە و لە چ شوێنیكەوە بریار لەسەر دانانی ئەم وێنانە دەدرێت؟ وەزارەتی پێشمەرگە یان كۆمیتە و ناوچەكان ؟! باشە ئەو پێوەرە كامەیە كە وێنەی پێشمەرگەیەكی شەهید دەكاتە شایستەی بڵاوبونەوە ؟ پاشتر پرسیاری ئەوەش بكەین كە تاكەی وێنەی شەهیدەكان بڵاودەكرێنەوە و ئەگەر بە گریمانەیی ئەم شەرە نەگریسە چەند ساڵێكی دیكەی خایەند و (خوانەكردە) ژمارەی شەهیدەكان لەم ژمارەیە زیاتر بون، داخۆ وێنەی ئەوانیش هەر لە هەمان شوێن و بە هەمان ستایل بڵاو دەكرێنەوە؟ باشە ئەو پێشمەرگەیەی كە كەسێك نیە پشتیوانی لێ بكات و بنەماڵەكەی یان كۆمیتە و ناوچەكەی ئیمكانیەتی ئەوەیان نیە وێنەیەكی گەورە و شایستەی بۆ بڵاو بكەنەوە چی بكەن و چۆن بە منداڵ و كەس و كارەكەی بڵێن ئەم كەسە هێشتا لە دڵماندا زیندووە و شایەنی زیاترە؟! ئەمانە و چەندین پرسیاری دیكە دەكرێت (لە روی پەرۆشی و دڵسۆزیەوە) ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان بكەین و بەشوێن وەڵامی موقنیعدا بگەرێین.

رەنگە بەرپرسیاری یەكەم لەم دیاردەیە وەزارەتی پێشمەرگە و لیژنەی شەهیدان ئەنفالكراوانی پەرلەمان بێت كە جێی خۆیەتی خەمێكی جیددی ئەم پرسە بخۆن و رویەكی جوانی ئەو قارەمانانە پیشان بدرێن، دیارە دەكرێت بۆ ئەم حاڵەتە سود لە وڵاتە پێشكەوتوەكان وەربگیرێت كە چۆن سیمبول و كەسە قارەمان و شەهیدەكانیان لە دڵی نەوەكانیاندا بەزیندویی هێشتۆتەوە و سیمایەكی جوان و شارستانیان بە هەموو جیهان پیشان دەدەن، دەكرێت وەزارەت و ئەو لایەنە پەیوەندیدارانە سود لە كۆمپانیاكانی ریكلام ودیزاین وەربگرن بۆ پیشاندانی ئەو وێنانە بە شێوەیەكی جوان و شارستانی و دور لە مۆركی حیزبێكی دیاریكراو، شێوازێك كە هەموان بە موڵكی خۆیانیان بزانن و شانازی بە بەرخودان و قوربانیدانیان بكەن، بەدەر لەمە و ئەوەی ئێستە لە بازگە و دەروازەی هەندێك لە شارەكانی هەرێمی كوردستاندا دەگوزەرێت جگە لە بێپلانی و بێ سەروبەریی هیچ ناوێكی دیكەی لێ نانرێت ! بە داخەوە !



12/05/2016



وتارەکانی تری نوسەر