چۆن نارژێنە سەر شەقام ؟!

د.یەحیا عومەر رێشاوی
خەڵك دەستی نەدەدایە مانگرتن و ئەو حەشاماتە نەدەهاتنە سەر جادە، ئەگەر بارەگا حیزبیەكانتان زۆر كات كاری بەرێوبەرایەتی پەروەردەكانی نەكردایە !
خەڵك شەقامەكانی نەدەگرت، ئەگەر ئێوە بۆ دامەزراندنی فەراشێك و گواستنەوەی كارمەندێك و عەلاوە وتەرفیعێك داوای تەزكیەی حیزبیی و پشتگیری بەرپرسێكی (نابەرپرستان) نەكردایە !
خەڵك بیری لە خۆپیشاندان و پۆل چۆڵكردن نەدەكردەوە، ئەگەر ئێوە دوو پەروەردە و دوو ئیدارە و دوو رەنگتان نەكردایەتە بەرۆكی (كەركوك)ێك، كە موچەكەی لە بەغداوە دێ !
خەڵك گەروی پر نەدەبوو لە تورەیی و لەم وەزعە ناسكەدا داوای موچەی نەدەكرد، ئەگەر ئێوە لە بری چالاكی زانستیی و پێشبركێی وەرزشیی و ڤیستیڤاڵی هونەریی، نەریتی كۆبونەوەی حیزبیی و دابەشكردنی فۆرمی ئەندامێتیتان نەكردایەتە راپۆرتی چالاكی و پێوەری بەرێوەبەری سەركەوتوو !
ئەو خەڵكە هەرگیز بەردەم شاشەی تیڤیەكانی نەدەگرت بۆ هاوارێك و دەربرینی نارەزایەتیەك، ئەگەر مەعالیتان كارتی نمرە و فایلی دامەزراندن و دیواری دەرەوە و تابلۆی سەر خوێندنەگەكان و كابیسەی سەرمێزی ئۆفیسەكانتان و تاقمە قەنەفەی ژوری مامۆستاكانتان، بەسەر دوو رەنگی حیزبیی دیاریكراودا دابەش نەكردایە !
هەرگیز موچە ئەوەندەی نەدەهێنا مامۆستایان كارمەندان شەقامەكان بگرن، ئەگەر ئێوە لەسەر هەردوو دەستەواژەی (قوتابی- خوێندكار) و كوردیەكەی (باڵدار) و زمانە ستاندەر و بێنازەكەمان شەری مان و نەمانتان نەكردایە !
دیسانەوە خەڵك ئامادەبوو لەماڵی خۆیدا دانیشێ و ورتە بۆڵەی نێو ژورەكانی مامۆستایان و رەخنە و گازندەی بەردەم نانەواخانەكان و بێزاریی نێو پاسەكانی هاتوچۆ نەدەمان، ئەگەر ئێوە بە (برابەشیی) و پژاندنی  پلە و پۆستبەرێوەبەرایەتیەكان و ئیدارەی قوتابخانەكانی (ئەملا و ئەولا) تان نەكردایەتە نەریتێكی بێلەزەت و خویەكی بێفەر !
خەڵكی ئەوەندە لە شێوزای مامەڵەی حیزبیانەی ئەم دوو دەیەیەی ئێوە بێزارە، تا سنوری تورەییەكی قوڵ و دەیەوێت پەیامی نیگەرانیەكانی بە ئێوە بگەیەنێت، ئەوەندە بۆ موچەی گیرفانی و مافی سروشتی خۆی شەقامەكانی نەگرتوە و نایەوێت پرۆسەی پەروەردە و فێركردن پەك بخات.
ئێوە كە هەموو شتتان پێكەوە دابەشكرد و تا ئەم لەحزە هەستیارەش كە ئەم میللەتە خێرلەخۆنەدیوەی پێدا تێدەپەرێت، هەر خەریكی پژاندنی پۆست و پلە و پایەن بەسەر (بەشێك !) لە كادیر و ئەندام و دەنگدەرەكانتاندا، ئیتر چۆن بەتەمان خەڵك بێدەنگیی هەڵبژێرێت و نەیەتە سەر جادە و نركەو ناڵەیان نەگاتە كەشكەشانی ئاسمان .. چۆن ؟!


21/02/2015



وتارەکانی تری نوسەر