ڕێککەوتنی ئەتۆمی و گەروی باب المندب..کارتی داعش و حوسیەکان بەرەو کوێ..؟

بەختیار شارەزورى

تێک چونی هاوسەنگی هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، وەک ئەو تۆڕە جاڵجاڵۆکە وایە ، کە دەکرێت لەسەر هەر دەزویەکی جۆرێک لە یاری و سیناریۆ هەبن ، هەر سیناریۆیەکیش بۆ کۆمەڵێک بەرژەوەندی لە لایەن دژەکانەوە بەرامبەر یەکتر بەکاردەهێنرێت ، هەر دەزویەکیش پەیوەندی بە بە دەزوەکەی ترەوە هەیە ، لەم نێوەندەدا ئەگەر سەرەتای بەهاری عەرەبی بریتی بوبێت لە داواکاری خەڵک بۆ باشترکردنی ژیانی تاکەکان و کرانەوە بێت بە ڕوی دنیا و جۆرێک لە وێنەی ڕۆژئاوا بکرێت بەبەر دەسەڵاتەکاندا ، ئەوا هەر زوو بە سیناریۆی داعش ئەم خەونە زیندەبەچاڵ کرا ، خۆ ئەگەر بەهاری عەرەبی لەژێر کاریگەری گلوبالدا بوبێت بۆ کۆتایی هێنان بە دیکتاتۆرەکان ، ئەوا بۆ مانەوەی ئەو دەسەڵاتانەی کە لە زۆرێک لە وڵاتانی رَۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەن ، جۆرەها سیناریۆ و تاکتیک ئامادەییان هەیە ، بۆ هەر ڕوداوێک سیناریۆی ئامادەکراویان هەیە ، هەر لەم چوارچێوەیەدا ئەوەی ڕودەدات ، هۆکاری سەرەکی ڕاگرتنی هاوسەنگی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ناتۆ و ئەمریکا و ئیسرائیلە ، کاتێ ئەم دەرکەوتەیەی داعش سەرهەڵدەدات وڵاتانی دژ دەکەونە بەکارهێنانی ئەم ڕووداوانە بۆ بەرژەوەندی خۆیان ، بەهاری عەرەبی دەگۆڕێت بۆ داعش و پاشان ئەمریکا و ئێران دەکەونە بەکارهێنانی ئەم ڕووداوانە بۆ ئەوەی نمایشی خۆیان لەسەر گۆڕەپانی دەرەوەی وڵاتانی خۆیان بکەن .
ئێران هەر زوو توانی خۆی بکاتە هەرەمێکی سەرەکی و ئەو نامەیەش بداتە ناتۆ کە تەنها ئێران دەتوانێت تەواوکەری هێزی زەمینی ئەو پرۆسە سەربازییە بێت ، کە ئێستە لە ناوچەکەدا پیادە دەکرێت ، وەک بەرەی دژەتیرۆر بەرامبەر بە داعش ، بەدەر لەمە توانی کارتەکانی لە شوێنی خۆیدا بەکار بهێنی و ئەمریکا و ناتۆ ناچار بکات بە دانوستانی نەرم لەسەر دۆسەیەی ئەتۆمی و کۆتای بە دانوستانی کۆنکرێتی بهێنێت ،ئێران توانی تکریت و عەدەن و دیمەشق و بیروت و بەغداد و قەندیل و ئیسلام ئاباد و کابول و وڵاتانی دەریای قەزوین ببەستێتەوە بە ئاسایشی نەتەوەیی خۆیەوە ، هەموو ئەمانە و سەرکێشی حوسییەکان بۆ گەروی باب المندب و لەویشەوە بە کەناڵی سویسدا بۆ جەبەل تارق هەڕەشەیکی گەورەبوو، کە ئەگەر ڕێکنەکوتنایە ، ئەوا ئەم پلانە جێبەجێدەکرا ، ئەو کات ئێران لە ڕووی ئاوییەوە هەر لە خلیجی فارسەوە تا تونبی گەرورە و بچوک و ئەبو موسا و دەروازەی عەدەن و پاشان بۆ کەناڵی سوێس ، کە دەبوە گەورەترین و باڵادەستر ین هێزی ناوچەکە و پێدەچو بگەیشتایەتە جەبەل تاریق ، بە واتایەکی تر دوای دەرکەوتنی داعش کە تورکیا و سعودیە پاشەکشە دەکەن بە سیناریۆ ، دەرگای عێراقی بۆ دەکرێتەوە دەبێتە هۆیەکی باش بۆ ئەوەی بە تەواوەتی ئێران عێراق داگیر بکات ، لە یەمەنیشەوە هەڕەشە بخاتە ناو حەوشەی سعودیە و هیلالی سونی ، کاتێک ناتۆ ئەو نامەیەی پێ دەگات ، لە تێک چونی هاوسەنگی هیلالی سونە و شیعە دەرگا بۆ سعودیە دەکاتەوە کە بەرەیەکی سونی پێک بهێنرێت بۆ ئەوەی بتوانێت هاوسەنگیەکە ڕابگرێت .
ئێران توانی کارتی حوسیەکان لەبەرامبەر دانوستانی ئەتۆمی بەکار بهێنێ و کارتی تکریت لەبەرامبەر ڕاگرتنی داعش بەکار بهێنێ و کارتی حزب اللە لە لوبنان و فەلەستین لەبەرامبەر ئیسرائیل بەکار بهێنێ و لە کابولیشدا هاوپەیمانی ئەمریکا بێت و نەهێڵی بە تەواوەتی تورابۆرا بوەستینرێت ، ئەگەر پێشتر کۆتای هێنانی داعش ڕای سەرمێزی هەمو وڵاتان بوبێت ، ئەوا ئێستە بوە بە دوو داواکاری کە ئێران توانی سەر مێزی گفتوگۆی تیرۆر دابەش بکات بە سەر دوو هێڵدا ، لەناوبردنی داعش و حوسییەکان ، خۆ ئەگەر حوسییەکان ئامادەیی دانوستانیان هەبێت ، ئەوا ئەو کارتەی دەستی هیلالی سونی مێزی گفتوگۆی نیە ناتوانێت بمێنیتەوە ، کە وا دەدەکەوێت کە یارییەکە لە دوای دانوستانی ئەتۆمی هەر بە قازانجی بەرەی شیعی بێت ، کە وردە وردە خەریکە بەری ناتۆ بخاتە ناو هیلالی سونیە و بەرەی خۆی بخاتە ناو هیلالی شیعیەوە ، کە دیسانەوە دنیا دابەش ببێت بەسەر دوو بەرەدا و ناتۆ و وارشۆ ، ببن بە شیعە و سونە .
قسەکانی رۆحانی و ئۆباما سەبارەت بە ڕێککەوتنیان لەسەر دۆسەیەی ئەتۆمی ، ئێرانی بردە قۆناغێکی تر ، ئێران توانی کارتەکانی بە ئاراستەی بەرژەوەندی خۆی بەکار بهێنێ و ئەمریکاش قبوڵیەتی و دەیەوێت هیلالی سونی و شیعی هاوسەنگ و هاو ئاراستە بن ، ئەمریکا لەوە گەیشتوە کە ئێران دەسەڵاتی بەسەر زۆریک لە ناوچە نەوتیەکاندا هەیە ، ئێران دوای سەرکەوتنی لە بەکارهێنانی کارتەکانیدا و دوای بونە هێزێکی گەورە ، ئەمریکا و ناتۆ لەو ڕاستیە تێگەیشتون کە بە بێ ئێران هێمنی ئاسایشی ئەم رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە سەقامگیر نابێت .
قسەکانی ئەمرۆی ئۆباما و رۆحانی ڕەنگدانەوەی ئامادەگی بەهێزی ئێرانە لەسەر دەزوی جاڵجاڵۆکەیی رَۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، لە ئۆکرانیا و تاسەر وڵاتانی قەفقاز و دەریای قەزوین لەوێشەوە بۆ پاکستان و ئەفغانستان و لوبنان و فەلەستین و یەمەن و عێراق و سوریا و تورکیا و تا ئاستێکیش دەسەڵاتی هەیە بەسەر بۆرییەکانی نەوت و گازی نابۆکۆ و تانابدا ، دوای ئەمانە جوڵەی سەردەزوەکان بەردەوامیان دەبێت و دەکرێت لەهەمو ڕوەکانەوە بخوێنرێتەوە .


04/04/2015



وتارەکانی تری نوسەر