دوای رێكەوتنەكەی نێوان هەرێمی كوردستانو بەغدا لەكۆتایی ساڵی رابردوو بۆ چارەسەركردنی كێشەی بەشە بودجەی هەرێمو شێوازی فرۆشتنو ناردنە دەرەوەی نەوتی كوردستان، ئەوەی ئەمڕۆ لەسەر ئەرزی واقیع دەبینرێت جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی رێكەوتنەكە نییە بۆ كۆتایی هێنان بەو گرفتانە، بەڵكو ئەوەی هەیە تائێستا مامەڵەكردنی كڕیارو فرۆشیاری نەوتە لەنێوان بەغداو هەرێم كە زیاتر مامەڵەیەكی بازرگانییە وەك ئەوەی رێكەوتنێكی سیاسیو ئابووری بێت، چونكە لایەنێك نەوت دەنێرێتو لایەنێكیتر پارەی نەوتی رەوانەكراو دەنێرێت، بەبێ ئەوەی ئەم دوو تەرەفە لەناو سیستەمێكی فیدراڵیدا ئەركو بەرپرسیارێتی خۆیان بەرامبەر ئەویتر بەجێبهێنن.
لەوادەی جێبەجێكردنی رێکكەوتنەكەوە، واتە لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەر زوو حكومەتی بەغدا هەرێمی كوردستانی بەوە تۆمەتباركرد كە پابەندی رێژەی ناردنەدەرەوەی بڕی نەوتی دیاریكراو نەبووە كە لەڕێكەوتنەكەدا هاتووە بەو هۆیەشەوە بەغدا پابەندی ناردنی بەشە بودجەی هەرێم نابێت، ئێستا پێچەوانە بۆتەوە بەپێی ئامارو داتاكانو لێدوانی بەرپرسانی حكومەتی هەرێم لەڕێگەی سۆمۆوە هەرێمی كوردستان بڕی نەوتی دیاریكراو دەنێرێتە دەرەوەو ئەوەی ئێستا پابەند نییە حكومەتی بەغدایە، بەوەی لەبری جێبەجێكردنی دەقی رێكەوتنەكە كە ناردنی بەشە بودجەی هەرێمە كەچی پارەی نەوتی نێردراو دەنێرێت وەك ئەوەی هەرێم نەوت فرۆشبێتو بەغداش كریاڕ، بەمەش مامەڵەی كرینو فرۆشتنی نەوت جێگەی رێكەوتنە سیاسیو ئابوورییەكەی گرتۆتەوە .
تا بەر لەم قەیرانە ساڵانە هەرێمی كوردستان بەبێ ئەوەی سامانو نەوتی ژێرزەوی خۆی بەم جۆرەی ئێستا دەربهێنێتو بفرۆشێتو بیخاتە مستی بەغداوە، بەشە بودجەی خۆی بەساغیو جارجاریش بەكتوكوێری لەبەغدا وەردەگرت، هەرێمی كوردستان نەك هیچ گرفتو قەیرانێكی دارایی نەبو بەڵكو رۆژبەرۆژ دۆخی ئابووری ئەم هەرێمە روو لەهەڵكشان بوو.
بەلێكدانەوەی ئەم جۆرە رەفتارو مامەڵەكردنەی نێوان بەغداو هەرێم زەرەمەندی راستەقینەی ئەم دۆخە خەڵكی كوردستانو نەوەكانی داهاتووی ئەم وڵاتەو بەفیڕۆچونی سامانو گەوهەرەكەیەتی، چونكە یەكەمیان ئێستا لەدۆخێكی ئابووری خراپو گوزەرانێكی ناهەمواردان بەهۆی ئەم قەیرانەوە، دووەمیشیان دەستكاریكردنی سامانو گەوهەری نوستووی ژێر زەوی نەوەكانی داهاتوومانە كە ئێمە بۆ ئەم قۆناغە سیاسیو ئابوورییەی ئەمڕۆی كوردستانو عیراق هیچ پێویستمان پێنەبوو، بەكورتیەكەی (سەرمان نەدەیەشاو پریاسكەمان بۆ دەبەست)، ئەوەشی سوودمەندی راستەقینەی ئەم دۆخەیە تەنها حكومەتی بەغدایە چونكە جاران لەبەرامبەر شەراكەتی نیشتمانیو بەجێهێنانی ئەركی ناوەند لەبەرامبەر هەرێم بەپێی دەستوور بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی دابین دەكرد، بەڵام ئێستا نەك ئەو ئەركە بەجێناهێنێت بەڵكو نەوتی ئێستاو داهاتوومان دەبات بەبێئەوەی بەشە بودجەی پێویستی هەرێم دابین بكات.