ڕۆشنبیرەكان و چەك

لاڤە كوردە

چەك ئەو ئامرازەیە كە زۆربەی خەڵك لە جیهاندا بە هۆیەوە لە ناو چوون  و لە ناو دەچن, زۆركات كەسە ئازیز و نزیكەكانمان ژیانیان لەدەستداوە بەو چەكە, بەهەر شێوەیەك بێت ئامرازێكە تەنها خراپەی پێ دەكرێت.

لە وڵاتە پێشكەوتوەكان لە كاتێكدا كە كارمەندانی سیكورێتی ئەركیان پاراستنی كەسانی دیكە و سەلامەتیە, تەنانەت ئەوانیش بۆیان نیە چەك هەڵبگرن چونكە چەك دەبێتە هۆی ترسان و تێكدانی دەروونی تاك,بۆیە لەبری چەك ئامرازی سادەتر هەڵدەگرن بۆ ڕایكردنی كارەكانیان.
هەر كە باسی چەك دەكرێت ,لە كوردستان هەزاران دیمەنی دڵهەژێن و نەخوازراو دێتە بەرچاو, ڕۆژانە چەندین هەواڵی كوژران و برینداربوون بەهۆی چەكەوە دەبیستین ئەویش هۆكارەكەی بۆ ئەو ئازادی چەك هەڵگرتنە دەگەڕێتەوە كە بە جۆرێك ئازادی دراوە بە كەسەكان وردە وردە وای لێدێت تەواوی كۆمەڵگە بیر لەوە بكەنەوە چەكیان پێبێت, ئەمەش كۆمەڵگە بەرەو سەرلێشێواوی و ڕودانی كارەساتی زۆر گەروەتر دەبات.

لە ڕابردوو ئێستاشدا زۆربەی ئافرەتانی كورد بە بیانوی شەرەفەوە بە چەكەكان لە ناو براون و دەبرێن, ئێستا دیاردەیەكی تر سەریهەڵداوە ئەویش هەڵگرتن و بەكارهێنانی چەكە لە لایەن ڕۆشنبیرەكان و  هونەرمەند و چینی مامۆستایانایشەوە, كە لەو ڕۆژانەی دوایدا ژمارەیەك مامۆستا و خوێندكارو  كارمەندانی پۆلیس و هتد هەواڵی كوژران  وبرینداربونیان بیسترا.

بۆ دەبێت هونەرمەند و  مامۆستا بگەنە ئەو ئاستەی چەكیان پێبێت, بۆ وا لە كەسە ڕۆشنبیرەكان كراوە پەنای بۆ ببەن دەبێت هۆكارەكان چیبن, ئایا تەنها ئازادی چەك هەڵگرتنەكەیە یان بۆتە مۆدێل, یاخود بوینەتە كۆمەڵگەیەك كێشەكانمان دەبێت بە چەك چارەسەر بكرێت.
دەبێت كاربكرێت بۆ كەمكردنەوەی چەك لەم كۆمەڵگەیەدا كە خەریكە تەواوی ژیانی ڕۆشنبیرەكانیش داگیردەكات, دەبێت مامەڵەی كڕین و فرۆشتن بە چەك بەتەوای بنەبڕ بكرێت,ئەگەرنا منداڵەكانیش هەر لە لەدایك بونیانەوە چەكیان وەك دیاری پێدەدرێت و كۆمەڵگەی كوردی ئەوەدەی تر سەرلێشێواو دەبێت.




15/12/2015



وتارەکانی تری نوسەر