ئایا شەڕەكەی توركیا دێتە هەرێم؟

لاڤە كوردە
بەردەوامی هێرشی توركیا بۆ سەر عەفرین و 26 رۆژ بەرخۆدانی گەلی عەفرین و كورد و شەڕڤانان سەلمێنەری ئەوەن كە توركیا دەسەڵاتی كپكردنی كوردی نیە لە ناوچەكەدا ، بەڵام هەر دەشیەوێت درێژە بە ئۆپەراسیۆنەكەی بدات بۆ سەر عەفرین-ی رۆژئاوای كوردستان .
لە لایەكی دیكەوە باس لەوەدەكرێت كە شەڕەكە دەگوازرێتەوە هەرێم ، ئەمە بۆ توركیا راستە چونكە توركیا پێشتریش لە رێگەی بۆرودمانەكانیەوە بەردەوام ویستویەتی شەڕێك لە هەرێم هەڵبگیرسێنێت ، بەردەوام خەریكی وێرانكاری بوە لە ناوچەكەدا لەماوەی رابردوشدا بۆردومانی چیای ئاسۆسی لە ناوچەی شارباژێری سلێمانی كرد و بەهۆیەوە زیانی ماددی بەر گوندنشینان كەوت ، كەواتە توركیا شەڕی دەوێت ، لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوشدا لە دوای روداوەكەی بەیانی رۆژی 13-2 ، كە پەكەكە لە نزیك زاخۆ بارەگایەكی توركیای كردە ئامانج ، فرۆكەكانی توركیا بەردەوام بون لە بۆردومانی هەرێم.
سەرەڕای ئەوە توركیا لەگەڵ حكومەتی عیراق رێككەوتنی كردوە بۆ ئەوەی لە پەكەكە بدات لە هەرێم و دەیەوێت لە شنگالەوە دەستپێبكات ، ئەوەش سەرەتایەكە بۆ ئەوەی كە توركیا دەیەوێت هاوشێوەی هێرشەكەی بۆ سەر عەفرین و رۆژئاوای كوردستان ، هێرشەكانی بۆ سەر هەرێم چڕتر بكاتەوە و شەڕەكە بێت ناو خاكی هەرێم.

ئەوەش رونە كە حكومەتی هەرێم بێ هەڵوێست ئەبێت لە هەڵگیرسانی شەڕ لە ناوچەكەدا ، چونكە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو نە توانیویەتی بەر بە تۆپباران و بۆردومانەكان بگرێت نە توانیویەتی بارەگاكانی توركیا لە هەرێم وەدەربنێت.
توركیا ئامانجی چیە و چی دەوێت ؟ لە قسەكانی ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا دیارە كە وتویەتی  ، ''ئەوانەی كە دەڵێن (ئەگەر هێرشمان بكرێتە سەر بە توندی وەڵام دەدەینەوە) زۆر روونە كە لە تەمەنیاندا زلـلەی عوسمانییان نەخواردووە''، ئەم قسەیەی ئەوە روندەكاتەوە دەیەوێت وەك سەردەمی عوسمانی مامەڵەبكات ، ئەوان لە دەنگی كورد دەترسن و بەردەوام دەیانەوێت لە رێگەی هێرش و گرتن  و وێرانكاری كورد لەناوببەن.
لە ناو توركیاشدا پارتی دادو گەشەپێدان ئاكەپە كە حكومەتی توركیای پێكهێناوە و ئەردۆغان هەر خۆی سەرپەرشتی دەكات دەستی گرتوە بەسەر تەواوی دەزگاكانی پۆلیس و هێزە ئەمنیەكان و لە هێرشەكانیان بەردەوامن بۆ سەر پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) بە تایبەتی و هاووڵاتیانی سڤیل و ناوچە كوردنشینەكان و باكوری كوردستان ، لە دوای ئۆپەراسیۆنەكەشی بۆ سەر عەفرین كە ناوی لێنواە چڵە زەیتون ، بە سەدان كەسی دەستگیركردوە لە وڵاتەكەیدا لەبەر ەئوەی ئیدانەی هێرشەكانیان كردوە بۆ سەر رۆژئاوا.


17/02/2018



وتارەکانی تری نوسەر