ئاڵۆزیەكان چی بەسەر نەورۆزی ئامەد دەهێنن؟

لاڤە كوردە

چەند ڕۆژێك بەر لە یادی نەورۆزی ساڵی پار بوو بڕیارمدا ئەو جەژنە لە پیرۆزترین شاری كوردستان ئامەد بكەم, بۆیە هەر زوو لە ڕوی هەموو شتێكەوە ئامادەكاریم بۆ كرد و بە سەیارەكەم بەرەو باكوری كوردستان كەوتمەڕێ‌ , لە ڕێگا دیمەنە جوانەكان سەرسامیان كردم و كاتێك گەیشتمە شارۆچكەی جزیرەی پارێزگای شرناخ دەمەو ئێوارە بوو بارانێكی بەخوڕ دەباری بەڵام ئەو بارانە كوردە دڵسۆزەكانی باكوری نەوەستاندبوو ئەوان پۆل پۆل بە ڕێپێوان داوای ئازادكردنی ئۆجەلانیان دەكرد, دەنگی ئەوان بۆ ئازادی ئۆجەلان لەگەڵ دەنگی  دەهۆڵەكانیان و باران تێكەڵ ببون .

دوای تێپەڕبوون بە شارە كوردیەكاندا و زیاتر هەستكردن بە كوردبونی خۆم, شەو بوو كە گەیشتمە ئامەد, شارێكی جوان و ئارامم بینی, شارێك كە حەزت دەكرد بۆ هەمیشە نەورۆز لەوێ‌ بكەیت, چونكە سەرەڕای ڕێگری كردن لێیان ئەوان بە جۆش و خرۆشەوە چاوەڕێی ئەو ڕۆژەیان دەكرد و لەهەر كۆڵان و شەقامێك دەنگی دەهۆڵ دەهات و بە گۆرانی كوردی پیرۆزباییان لەیەك دەكرد, ڕۆژی 19ی مانگی ئازاری 2014 بوو كە هەرگیز ئەو ڕۆژەم لە یاد ناچێت كاتێك لە هۆتێل هاتمە دەرەوە چەند مەترێك ڕۆیشتم و لەسەر شەقامەكە خەڵكێكی زۆر هەڵدەپەڕین و گوێیان لە گۆرانی گرتبوو, جوانترین دیمەن پیاوێكی زۆر بە تەمەن بوو كە بەشێوەیەكی سەرنجڕاكێش سەمای دەكرد كەوای لە من و هاوسەرەكەم و خوشكەكەم  كرد  لەوێ‌ دەستمان گرت و بە هەڵپەڕكێی كوردی سۆرانی لەگەڵیان تێكەڵ بوین, نەورۆز لە ئامەد زۆر جیاواز بوو شەو هەتا بەیانی لە هۆتێلەكە خۆشحاڵ بوین بە دەنگی گۆرانی و دەهۆڵ لەسەر شەقامەكەی بەردەممان كە نزیك قەڵای دێرینی ئامەد بوو.

لە ئێستادا ئەو ئاڵۆزی و پێكدادان و گەمارۆدانەی لە شارەكانی باكوری كوردستان هەیە رەِنگە نەورۆزی ئەمساڵی باكور بشێوێنن, هەرچەندە كوردەكان ناوەستن لە ئامادەكاری و یادكردنەوەی ئەو ڕۆژە مێژووییە  بەڵام  ئەگەر هێرشەكانی  سوپا و پۆلیسی توركیا بەردەوام بێت ئەوا لە نەورۆزی ئەمساڵدا جەنگێكی گەورە لە باكور بەڕێوەدەچێت  كە ئەگەر كوردان بەردەوامبن لە خەباتەكانیان و وەك ساڵی پار یادی نەورۆز بكەنەوە  و بڕیاری ڕاپەرینی سەرتاسەری بەن لەو ڕۆژەدا ئەوا ڕەنگە چۆك بە دەوڵەت  دابدەن  وسەركەوتنێكی مێژویی تۆماربكرێت.


19/12/2015



وتارەکانی تری نوسەر