حه‌كیمی خۆماڵی و كه‌چه‌ڵی لوبنانی
(له‌باره‌ی گاڵته‌جاڕیی چاكسازییه‌وه)
جهانگیر صدیق گوڵپی*
مێژووی باسكردنی چاكسازی له‌هه‌رێم بۆ چه‌ند ساڵی ڕابوردو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و زۆر جار كه‌س و حیزب و ڕێكخراوه‌كان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته حكومه‌ت و ڕاگه‌یاندنه‌كانیان پرۆژه‌باران كردوه، به‌ڵام دوای سه‌رهه‌ڵدان و قوڵبونه‌وه‌ی قه‌یرانی دارایی و ده‌ركه‌وتنی هه‌موو عه‌یب و عاره‌كانی كه‌رتی دارایی وئابووری ئه‌م بابه‌ته له‌هه‌موو كات زیاتر بوه‌ته جێی سه‌رنج، به‌جۆرێك باسكردنی چاكسازی بوه‌ته خۆراكی سێ ژه‌مه‌ی هاووڵاتیان و له میدیاكانه‌وه ده‌رخورادیان ده‌درێت و ئه‌وه‌ی كه بوونیشی نیه خودی كرده‌ی چاكسازییه. ئێستا ئه‌گه‌ر به قسه‌و نوسین و به‌رنامه ومشتومڕ و دروشم و پرۆژه‌ی نازانستی و ناواقیعی بێت ئه‌وه ته‌نها له‌م هه‌رێمه‌ی ئیمه‌دا به‌شی ته‌واوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و قاڕه‌ی ئه‌فریقاو ئه‌مریكای لاتینیش باس له چاكسازی ده‌كرێت، ئه‌مه ئه‌گه‌ر له‌سه‌رێكه‌وه نیشانه‌ی هه‌ستكردن به پێویستی هه‌رێم بێت بۆ چاكسازی ئه‌وا به‌ئه‌زمونی خۆمان مانایه‌كی تریشی لێده‌خوێنینه‌وه، ئه‌ڵێن نووسه‌رێكی مه‌غریبی به به‌رنادشۆی وتوه من له تۆ باشترم چونكه من بۆ شه‌ره‌ف ده‌نووسم و تۆش بۆ پاره، به‌رنادشۆش له‌وه‌ڵامدا وتویه‌تی زۆر راسته هه‌ردووكمان به‌دوای ئه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێین كه نیمانه، ئه‌گه‌رچی چاكسازی له‌هه‌رێم نیه‌و پێویسته باسی لێوه‌بكرێ و كاری بۆ بكرێ به‌ڵام جیاوازیه‌كه‌ی ئێمه ئه‌وه‌یه ته‌نها باسی ئه‌و شتانه ده‌كه‌ین كه‌نیمانه‌و هیچ كات وه‌ك پێویست كاریان بۆناكه‌ین، ئیمه زیاتر له‌گه‌لانی تر عاشقی ئاخاوتن و نوسین و بانگه‌وازین له‌باره‌ی ئاكارو نمونه باڵاكان و چه‌مكه ڕه‌ونه‌قداره‌كانه‌وه به‌ڵام له‌هه‌موان زیاتریش له بواری كرده‌نی وژیانی ڕۆژانه‌ماندا خۆمانیان لێ لاده‌ده‌ین، هه‌ر بۆیه‌ش واڕاهاتوین كه‌هه‌رشتێك زۆر باسی لێوه‌كرا ئه‌بێ ئیتر سه‌ڵاواتی لێ بده‌ین و ده‌ستی لێ بشۆین، كۆمه‌ڵناسی گه‌وره‌ی عیراقی عه‌لی وه‌ردی ده‌ڵی به‌درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ی له‌ئه‌مریكا بووم گوێم له‌كه‌س نه‌بوو بانگه‌واز بۆ خۆشه‌ویستی نیشتیمان بدات ئه‌وان له‌ئاخاوتنیاندا نیشتمان له‌بیر ده‌كه‌ن به‌ڵام به‌كرده‌وه خزمه‌تی ده‌كه‌ن، له‌لای ئێمه ئه‌وه ڕێك پێچه‌وانه‌یه‌و شته‌كان زۆرترین قسه‌یان له‌باره‌وه ده‌كرێ و له ڕوی كرده‌نیه‌وه كه‌مترین بایه‌خیان پێ ده‌درێ.
حكومه‌تی كارا‌و كۆمه‌ڵگای زیندو ئه‌گه‌ر پێش روداوه‌كان نه‌كه‌ون و به‌رگری له‌ڕودانی قه‌یرانه‌كان نه‌كه‌ن ئه‌وا له‌گه‌ڵ ڕودانیدا ئیداره‌ی قه‌یرانه‌كه ئه‌كه‌ن و به‌هه‌نگاوی كارای ڕزگاركه‌رو پلانی تایبه‌ت كار بۆ چاره‌سه‌ری كێشه بنه‌ڕه‌تیه‌كان ده‌كه‌ن، له‌لای ئێمه‌ش كاتێك قه‌یرانی دارایی ڕوبه‌ڕومان ده‌بێته‌وه‌و پرۆژه‌كان ڕاده‌وه‌ستن و ته‌واوی چالاكیه ئابووریه‌كان سست ئه‌بن و بانكه‌كان و گیرفانی خه‌ڵكی به‌تاڵ ده‌بنه‌وه له‌پاره، له‌كاتێكدا كه‌رتی ئابوری و دارایی پێویستی به‌هه‌نگاوی كرده‌نیی خێرا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌ریه‌كانی قه‌یرانه‌كه و پلانی گونجاوو واقیعی هه‌یه بۆ چاكسازی و چاره‌سه‌ری كێشه‌كه و بازاڕ‌و بانكه‌كان پێویستیان به پاره‌داركردن و تێڕژاندنی دراوه ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت ته‌نها نمایش كردنی وێنه‌ی دراو و باسكردنی چاكسازیه له‌میدیاكاندا.
ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین له‌م باره‌یه‌وه ده‌بینین زۆرینه‌ی پرۆژه‌كان هه‌ر له چوارده خاڵه‌كه‌ی وه‌زیری داراییه‌وه تاكو پرۆژه‌ی په‌رله‌مانتاره‌كان و لیژنه‌ی دارایی و به‌بڕیاره‌كانی حكومه‌تیشه‌وه كه زۆر جار به‌پرۆژه ناوده‌برێن به‌هیچ جۆر ناچنه خانه‌ی پرۆژه‌ی چاكسازیه‌وه‌و زۆرینه‌ی خاڵه‌كانیان له‌چوارچێوه‌ی دروشم ده‌رناچن، وله‌باشترین باردا ته‌نها چه‌ند ڕێوشوین و ڕێكارێكی كارگێڕین كه‌ده‌كرا به‌بی هیچ هه‌رایه‌كی ڕاگه‌یاندنیش كاریان له‌سه‌ر بكرایه، به‌ڵام دیاره لێره‌شدا ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌سته‌كه باس و بانگه‌وازو دروشمبازیه ئه‌وه‌نده مه‌به‌ست كار‌و كردار نیه، لێره‌دا مه‌به‌ستمه به‌جیا سه‌رنجێكی كورت له‌سه‌ر بریاره‌كانی ئێستای حكومه‌ت و پرۆژه ڕانه‌گه‌یه‌نراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی پێشكه‌ش بكه‌م، كه هه‌ردوكیان چه‌ند په‌ندو به‌سه‌رهاتێك به‌بیری مرۆڤ ده‌هێننه‌وه.
حكومه‌تی هه‌ریم ئێستا وه‌كو ئه‌و مردوشۆره‌ی لێهاتووه كه‌توانای شوشتنی مرده‌وه‌كانی نه‌بوو ده‌چو خۆی له‌زیندوه‌كان ده‌ئاڵاند، ئاخر پاش چه‌ند ساڵ له‌بێباكی له‌م دۆخه ئێستاش له‌ناو ئه‌و هه‌موو ڕێگه‌یه‌دا كه‌ده‌كرێ به‌هه‌ده‌ردانی داراییان پێ كه‌مبكرێته‌وه و له‌ناو ئه‌و هه‌موو خه‌رجیه بێ به‌رهه‌م و موچه‌ی بن دیوار‌و ده‌رماڵه‌ی ناشایسته‌و خانه‌نشینی نایاساییانه‌ی بۆ هه‌زاران كه‌سی ناشایسته خه‌رج ده‌كرێن دێت بڕیار له‌بڕینی بڕیكی كه‌م له‌ده‌رماڵه‌ی یاسایی توێژێكی دیاریكراو و ڕاگرتنی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی ته‌واوی فه‌رمانبه‌رانی فیعلی و شایسته ده‌دات، چه‌ند سه‌یره سه‌رۆكی لیژنه‌ی چاكسازیه‌كه‌ی حكومه‌ت كه‌جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ته هه‌ر خۆی پێش چه‌ند مانگێك به‌ر له‌ئێستا به‌ئاشكرا گه‌وره‌ترین به‌ربه‌ستی دروست كرد له‌به‌رده‌م مامه‌ڵه‌كردنی یاسایی له‌گه‌ڵ 4000 موچه‌خۆری بن دیواری سه‌ربه‌حیزبه‌كه‌ی، بێگومان هه‌ڵوێستی سه‌رۆكی حكومه‌تیش هه‌ر له‌و جۆریه ، بۆیه كه‌س له‌و باوه‌ڕه‌دا نیه حكومه‌ت بتوانێت ده‌ست بۆ موچه‌خۆره بن دیوار‌و خه‌رجیه نایاساییه‌كان و به‌هه‌ده‌ردانه گه‌وره‌كان ببات و ده‌بێ هه‌ر له‌چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌دا بین ئه‌گه‌ر فشار‌و سك هه‌ڵگوشینێك له‌ئارادابێت ئه‌وه ته‌نها ڕوبه‌ڕوی فه‌رمانبه‌رانی فیعی و شایسته بكرێته‌وه.
سه‌باره‌ت به‌پرۆژه ڕانه‌گه‌یه‌نراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی‌ش سه‌ره‌تا پێویسته ئه‌وه بڵێن كه‌بوون و به‌شداری گۆڕان له‌حكومه‌تدا له‌ئه‌نجامی به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگ و متمانه‌ی ڕێژه‌یه‌كی دیاری خه‌ڵكه‌وه له‌و به‌ڵێنانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو كه به‌هاووڵاتیانی دابوو له‌باره‌ی چاكسازییه‌وه وخۆی وه‌ك حه‌كیم و چاره‌سازی ده‌ردی گه‌نده‌ڵی و كێشه داراییه‌كان ناساندبوو. به‌ڵام له‌و ماوه‌یه‌ی كه گۆڕان له‌حكومه‌ت بوو و له سه‌روبه‌ندی ئه‌وقه‌یرانه‌دا و له‌كاتێكدا خه‌ڵك چاوه‌ڕوانی هه‌نگاوی كرده‌نیی چاكسازیی له‌م حه‌كیمه ئه‌كرد كه‌چی ئه‌و له‌لایه‌كه‌وه خه‌ریكی دوباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانی وه‌زیره‌كانی تر‌و كابینه‌كانی پێشوتریشبو و له‌لایه‌كی تریشه‌وه وه‌ك شاعیره ئاڤاریه‌كه به‌هه‌مان شێوازی ڕابوردوی به‌رده‌وام خه‌ریكی دوباره‌كردنه‌وه‌ی باسكردنی گه‌نده‌ڵیه كۆن و نوێكانی حكومه‌ت بوو، ئه‌ڵین شاعیركی ئاڤاری هه‌بوو له‌سه‌روبه‌ندی ئه‌وینداریدا هه‌میشه خه‌ریكی هۆنینه‌وه‌ی شیعر بوو به‌باڵای یارو ئه‌وین و شه‌وی به‌یه‌ك گه‌یشتندا كاتێكیش له‌گه‌ڵ دولبه‌ره‌كه‌یدا زه‌ماوه‌ندیان بۆگێڕاو دوای زه‌ماوه‌ند كه بووكێ له‌په‌رده‌دا چاوه‌ڕێی هاتنی زاوابو كاكی زاوای شاعیریش له‌جیاتی ئه‌وه‌ی بچێته په‌رده‌وه چوو له‌پشتی مێزه‌كه‌ی دانیشتوو دیسان ده‌ستی كرده‌وه به شیعر نوسین له‌باره‌ی خۆشه‌ویستی و ئه‌وین و شه‌وی به‌یه‌ك گه‌یشتنه‌وه، ئه‌مه‌ش ڕێك له هه‌ڵسوكه‌وتی گۆڕان ده‌چی له‌میانه‌ی به‌شداریكردنیان له حكومه‌تدا.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ش كه گوایه ئه‌گه‌ر جه‌نابی وه‌زیر ئه‌و ڕۆژه له‌حكومه‌ت ده‌رنه‌كرایه ئه‌وا پرۆژه‌ی چاكسازیی ڕاده‌گه‌یاندا ئه‌مه به‌ر له‌هه‌ر شتێك ووته‌ی هاوڕی خانه‌خوێكه‌ی مه‌وله‌وی ده‌هێنێته‌وه یاد ئه‌ڵێن شاعیری گه‌وره‌ی كورد مه‌وله‌وی ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێك له‌لای هاوڕێیه‌كی میوان ئه‌بێت و له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌رچی خواردنی ساده و ساكار و كه‌م خه‌رجیه ده‌رخواردی مه‌وله‌وی ده‌درێت و پاش ئه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی مه‌وله‌وی كۆتاییی دێت و بڕیاری گه‌ڕانه‌وه ده‌دات له‌كاتی جێهێشتنی ماڵه‌كه‌داو له‌ده‌می دوا سلاوی خواحافیزیدا هاوڕێی خانه‌خوێ ڕوده‌كاته مه‌وله‌وی و پیده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ نه‌رۆیشتبای من بڕیارم دابوو به‌رخێك سه‌رببڕم و پێكه‌وه بیخۆین، ئاخر له‌ماوه‌ی دوسالێ قه‌یرانی قوڵی داراییدا كاره‌كانی وه‌زیری دارایی له سفره‌ی خانه‌خوێكه‌ی مه‌وله‌وی باشتر نه‌بوون وهه‌نگاوێكی ئه‌وتۆی نه‌نا تاكو بمانخاته سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه به‌ڵی گۆڕان حه‌كیمی ده‌ردی دارایی هه‌رێمه و له‌م باره‌یه‌وه چاوه‌ڕیی كاری جددیی لێ بكه‌ین، به‌ڵام جیاوازیه‌كه لێره‌دا ته‌نها له‌وه‌دایه كه‌له‌ڕاستیدا پرۆژه ڕانه‌گه‌یه‌نراوه‌كه بونی هه‌یه. یه‌كیك له‌و خاڵانه‌ی كه‌مایه‌ی شانازی و خۆپێوه‌هه‌ڵكیشانی پرۆژه‌كه‌شه ئه‌وه‌یه كه له‌لایه‌ن شاره‌زای لوبنانیه‌وه ئاماده‌كراوه، هه‌رچه‌نده ناكرێت ئه‌مه بكرێته تاكه پێوه‌ری هه‌ڵسه‌نگاندنی پرۆژه‌كه(ئه‌مه پێویستی به‌باسێكی تایبه‌ت هه‌یه) به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه لوبنان یه‌كێكه له شكستخواردوترین ووڵات له‌ئه‌زمونی چاكسازیدا هه‌ر بۆیه مرۆڤ ناتوانێت بیری بۆ لای ئه‌و په‌نده كوردیه نه‌چێت كه‌ده‌ڵێ (كه‌چــه‌ڵ ئه‌گه‌ر حــه‌كیم بوایـه تیماری سه‌ری خۆی ئه‌كرد) زۆر به‌دوریشی نازانم حه‌كیمه‌كه‌ی ئێمه‌ش بچێت بۆ لوبنان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه دارایی و ئابووریه‌كانی ئه‌وان. ئێوه‌ش دانیشن به‌خێر و به‌سنیه باسی چاكسازیتان بۆ ده‌كرێ.
03/01/2016
وتارەکانی تری نوسەر