تاجری کەشتی شکست و خەرمانی سوتاوم ڕۆ

عەلی کەریمی

بە درێژایی سەدەی ڕابردوو و ئەم سەدەیەش  خەباتکەران و "نوخبەی" کورد بانگەشە و هاواری ئەوەیان کرد بۆ بزوتنەوەی سیاسی و ڕزگاریخوازی کورد، کە دووری کەنەوە و شوێنەواری شوانکارەیی و شێخایەتی نەهێڵن و ڕەوڕەوەی سیاسی و خەبات بخەنە سەر ڕەوتی مۆدێرنیتە و سێکۆلاریزم و دیمۆکراسی.

حیزبگەلی سیاسی بۆ ئەوە هاتنە مەیدان کە شێخ و ئاغا و سەرۆک خێل و عەشیرە دەستمان لە یەخە بکەنەوە و ڕابەریی خەباتی ڕزگاریخوازیی بۆ شۆڕشگێڕان و ڕۆشنبیران و خەڵکانی خاوەن بڕوا بە ڕزگاری یەکجارەکی کوردستان جێبێڵن.

 لە هەر چوار پارچەی کوردستان، دروشم و ئەجێندای سیاسی و فەرهەنگی هەموو ئەحزابی کورد چ لە شاخ و چ لە شار ئەوە بووە کە دوور کەوینەوە لە هەرچی خورافات، عەشیرەگەریی و تەوریسی سیاسی.

تازە بە تازە دوای ئەو هەموو دروشم و گێلاندنی کۆمەڵانی خەڵک بە هەزاران "ڕۆشنبیر" و "نوخبەی سیاسی و حیزبی" زۆر بێباکانە ڕابردوو لە بیر خۆیان دەبەنەوە و بەناوی حیزبی مۆدێرن، عەلمانی، سوسیالیست، لیبراڵ و سوسیال دیمۆکرات تین دەدەنە خۆیان تەنیا بۆ دڵ ڕازی کردن و موستەفید بوون بە هات و هاوار شەرعییەت دەدەن و بانگەوازی دانانی کوڕ لە جیاتی باوک دەکەن و بڕوایان پێ هێناون، کە لە مەڕ وڵاتە داماوەکەی ئێمە تەنیا ڕێ و عیلاج، سیستمی خەڵیفەگەری و تەوریسی  سیاسییە و هەروەک وەلیعهدەکانی قاجار و عوسمانی ئەگەر بزانیشن کوڕی سەرۆک قابیل نییە و تەنانەت پێویستی بە یارمەتی تایبەت هەیە، پڕ بە گەروویان هاوار دەکەن و بە شایانی ئەوەی دەزانن هەر دەبێ ئەو بێ و لەومان باشتر نییە!

بە چەپڵەڕێزان و فیکە فیک و قاچ بە عەرز دادان "هۆڵی کۆنگرە" نا دیوەخانی سەرۆک، پڕ لە تەپ و تۆز دەکەن و "خاوەن شکۆ" دەخەنە شوێنی باوک و ئیتر بڵاوەی دەکەن و دڵنیا دەبن کە پاشایەکی بە وەجهـیان بۆ خۆیان هەڵبژاردووە و جێی ڕامانە ئەم پرۆسەیە بە ناوی دیمۆکراسی و ئەم جۆرە دەستەواژانەی دنیای سیاسی ئەمڕۆ، بەڕێوە دەبەن و عەجەبا چاوی چاودێران و دنیای دەرەوەشی لە ئاست پێشێلکارێکی زەق پێ دەنوقێنن و بۆشیان دەچیتە سەر.

لێرەدا زۆرتر ڕوو لەم حیزب و هێزگەڵە دەکەم کە بە درێژایی سەردەمی دوور و نزیک، بانگەشەی عەلمانی بوون و چەپ و مۆدێرنیتەیان کردووە، کەچی ئەمڕۆکە لە پێناو بەرژەوەندی، سەروەت و سامان، پۆست و مقام، حیزب بە مۆڵکی شەخسی دەزانن و نە دەیدەن بە کەس و نە حورمەتێک بۆ کۆنگرە،  کۆنفرانس یان ڕای گشتی دادەنێن و ئێتر چۆنیان پێ خۆش بێ مادام موڵکی خۆیانە بۆیان هەیە تەنانەت گوێی ناڵ بکەن.

ئەم مەشرووعییەت دانە بە تەوریسی سیاسی و حیزبی، دیاردەیەکی یەکجار مەترسیدار دەبێ بۆ ڕووخساری سیاسی سبەی کوردستان و ئیتر کەس لێی ناسڵمێتەوە دوای باب ئەوە کوڕە کە دەیێتە خاوەن و سکرتێر یان سەرۆکی حیزبەکە.

برادەرانی لای گوندەکەی ئەوبەر، ڕەنگە دەمێک ساڵ بێت چاوەڕوانی ئەم شەرعییەتدانەن و ئیتر بە زوویی کۆنگرەی دواکەتووی خۆیان گرێ بدەن و هەر زوو بە زوو کوڕ بێتە جێی باوک و هیچ گوێیەکیش بە ئامۆزا، پورزا، خاڵۆزا و ... نەدەن و بە فیکە و چەپەڵە خەڵیفەی تازە بخەنە سەر کورسی دەسەڵات و تۆش یان ئەوەتا مڵ شۆڕ دەکەی و قبووڵی دەکەی یان ئەوەتا کوێت پێخۆشە بڕۆ و دەستمان لە یەخە بکەوە.

لێرەدا پێویستە بگووترێت گوناهی گەورە دەکەوێتە سەرشانی ئەم هێز گەڵە "پێشکەوتووخوازانە" کە کوردستان بەم ئاقارە دەبەن و شەرعییەت دەدن بە سوڵتانیزم و کوڕ دوای باوک!

ئێوە سەلمانتان حیزبی سیاسی ڕوویەکی تری دیوەخان و سەرۆک عەشیرەتە و موڵکی شەخسی خۆتانە و  ئەندام و کادر و سەرکردایەتی هەر هەمان ڕەعییەتەکەی پێشترن لە خزمەت ئاغا و سوڵتاندا!


07/06/2022



وتارەکانی تری نوسەر