حماس ، بەردەوامە لە خزمەت کردنی پلانەکانی ئیسراییلدا

بارزان شێخ عوسمان

وا  کەمتر لە بیست رۆژی تر جەنگی سەپێنراوی حماسی تێرۆریست بەسەر غەزەدا   پێ دەنێتە ساڵێکەوە،  کەچی سەرانی ئەو تاقمە دڕندە تێرۆریستە و  ئاغاکانیان ،هەر زۆر بێ باکانە  زیاتر تەپڵی  جەنگ و ماڵوێرانییەکانی دەکوتن و  کپی ناکەن ،هەر داوای خوێن رژانی زیاتر دەکەن ،هەر داوای  درێژە پێدانی ئەو جەنگە سەپێنراوە  دەکەن  کە بە ناوی (تۆفانی ئەقسا) وە  بەرپایان کردوە دژی فەڵەستینییەکانی دانیشتوی غەزە.

پێش پەلامارە تێرۆریستییەکەی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردو ، زیاتر لە  دوسەد هەزار فەڵەستینیی  لە ناوچە جیاجیاکانی ژێر کۆنترۆڵی ئیسرائییلدا کاریان دەکرد کە زیاتر لە پانزدە هەزاریان دانیشتوی غەزە بون  و پێداویستییەکانی ژیانی خێزانەکانیان  دابین دەکرد و ژیانێکی ئاسودە و ئارامیان هەبو  .

گوزەرانی عەرەبەکان لە هەمو روەییەکەوە لەوپەڕی باشیدا بو ، رێکخراوە فریا گوزارییەکانیش باشتر دەیان پەرژایە سەر گەیاندنی کۆمەك و یارمەتییەکان بۆ عەرەبەکانی غەزە . بەڵام تۆفانی ئەقساکەی حماس  نەك هەر رزقی ئەو هەزاران کەسەی بڕی بەڵکو رزقی عەرەبەکانی کەناری خۆراوا و ئەوانیتریشی خستە مەترسییەوە ، لەولاشەوە   سەرباری خوێن رژانی هەزاران  کەسی مەدەنی   کە تێرۆریستەکانی حماس کردبویانەتە سپەری مرۆیی و لە ناو ژن و مناڵاندا خۆیان حەشار دابو ،ژێرخانی ئابوریی غەزەیشیان  بە وێرانکردن دا .

بەمەش تۆفانی ئەقسا هەم  خزمەتێکی باشی نەتانیاهۆی  کرد  بۆ جێبەجێکردنی  هەر پلانێك لە پێناوی خۆ دزینەوە لە چارەسەری ئاشتیی کێشەکانی خەڵکی غەزە  ،هەم کردیە  پاڵەوانێكی رزگار کەری نەتەوەیی بۆ ئیسراییلیەکان .
گومانی تێدا نییە کە حماس و حزب اللەی لوبنان و هەر تاقمێکی تری چەکدار چ لە ناوچەکەدا یا هەر جێگەیەکی تری جیهان ، بەو ئسلوبی هێرش و پەلاماردانە یان نەك خزمەتی خەڵك ناکەن ،بەڵکو زیانی زۆر  بە مافی ئەو خەڵکە دەگەیەنن  کە بە ناویانەوە شەڕی چەکداریی دەکەن. 
 لە دوای جەنگی دوەمی جیهانەوە  ،پێودانگ و هەڵوێستی  وڵاتانی  بڕیار بەدەست و دەست ڕۆیشتوی  جیهان ،لە ئاست هەر بزوتنەوەیەك کە  رێچکەی کوشتار و زەبرو زەنگی گرتوەتە بەر  ، بە تێرۆریست ناوبراوە  و  ناوی خراوەتە نێو لیستی تێرۆرەوە . تەنانەت بزوتنەوە رزگاریی بەخشەکانیش  هەمان مامەڵەیان لە تەکدا کراوە . 

لە دوای کۆتایی جەنگی ساردیش ئەم چەمك و دەستەواژەیە زیاتر دابڕاوە بەسەر هەر  بزوتنەوەیەکی چەکدار .لەو روانگەیەوە هەر دەستە و تاقمێك  بە ناوی داواکردنی مافی خەڵك ،دەست بداتە چەك ،بەپێی ئەو پێودانگە جیهانیی و نێودەوڵەتییە  تێرۆریستە .
بەمەش ئەو تاقمە چەکدارە خزمەتی ئەو دەوڵەت و لایەنە دەکەن کە بەحساب لە دژی شەڕ دەکەن و پەلاماری دەدەن ،نەك ئەو خەڵکەی کە بەحساب  شەڕی بۆ دەکەن .

هەر بۆیە رێکخراوێکی وەك رێکخراوی رزگاریی فەڵەستین دوای دەیان ساڵ خەباتی چەکدار ،شێوازی خەباتی کردە ئاشتیی و دانوستان و دیالۆگ ، کەچی حماس و جیهادی ئیسلامیی و حزب الله ی لوبنان  بە پێچەوانەی تەوژمەوە درێژەیان دا بە پەلامارە تێرۆریستییەکانیان ، بەمەش خزمەتی پلانەکانی ئیسراییلیان کرد کە خانە گومان بێت لە ئاست پرۆسەی ئاشتیی و دڵنیا نەبێت لەوەی کە بەرێککەوتن لەگەڵ فەتح ئاشتیی دێتە ئاراوە . 

لەو روانگەیەوە  تۆفانی ئەقساش هەر بەشێکە لەو خزمەتگوزارییەی کە حماس و هاوبیچمەکانی (جیهادی ئیسلامیی تێرۆریست ،حزب الله ی تێرۆریست ،حوسیە تێرۆریستەکان   و  دۆستەکانیان لە ناوچەکەدا  وەك سینییە پاقلاوە پێشکەشی ئیسراییلی دەکەن ،بە تایبەتیی نەتانیاهۆ و توندڕەوەکانی تر .

حماس لەبری پەشیمان بونەوە و داوای لێبوردن لە گەلی فەڵەستینی بەشخوراو ، لە پای ئەو هەمو خوێن رژان و ماڵوێرانییە ، کەچی زیاتر سورە لە خزمەتکردنی ئیسراییل . ئەوەتا تێرۆریستێکی دڕندەیان بە ناوی( احمد حمدان ) لە تازەترین قسەیدا بۆ فرانس پرێس دەڵێت "  تواناکانمان بەهێزتر بوە ،بەردەوام دەبین لە پەلاماردان و نەوەیەکی نوێی مقاوەمە(تێرۆریست) هاتوەتە بەرهەم ". 

ئەم قسەیە وەك نوکتە کوردییە دێتە بەرچاو کە فشەکەرێك شەڕ بە کەسێکی بەهێز و هار دەکات ،دوای ئەوەی تێهەڵدانێکی باش دەخوات و بەسەرو گوێلاکی خوێناوییەوە لەژێردەستی کابرا دەری دەهێنن ،دەڵێت دەبخۆ دەی ئاوات لێ دەکەم . 

بۆیە هەق وایە تۆفانە شکست خواردوەکەی ئەقسای حماس نەك هەر ببێتە دەرسێك بۆ عەرەب و فەڵەستین بەڵکو ببێتە دەرسێك بۆ هەر تاقمێکی تر کە بۆ هەر مەبەستێکە  بە ناوی خەڵکەوە پەنا دەبەن بۆ زەبرو زەنگ و چەك و تەقینەوە و شەڕی خوێناوی ، چونکە خۆشییان بێت یان ناخۆشیی  بە تێرۆریست دەناسرێن و خزمەتی ئەو دەوڵەت و لایەنە دەکەن کە گوایە لەدژی دەوەستن ، جا تەنانەت ئەگەر ناوی رزگاریی چینایەتیی ،نەتەوەیی  یا نیشتمانییش  لە خۆ بنێن ،چونکە سەردەم سەردەمی دیالۆگ و زمانی ئەقڵ و گفتوگۆیە ،نەك چەك و شەڕی ئاژەڵە دڕندەکانی ناو جەنگەڵستانەکان.

16/09/2024



وتارەکانی تری نوسەر