راپەڕین و بەرازەکانی (جۆرج ئۆرویل)

کاوه‌ محه‌مه‌د


دوای تێپەڕبوونی سی و دوو ساڵ لە راپەڕین..
ئێستا خوێنێ شەهیدەکان بە بۆڕییەکانی نەوتدا هەرزانفۆش دەکرێت..
حەماسی ئازادیخوازانەی خەڵکی باشووری کوردستان، قوماری کوردایەتی پێوە دەکرێت..
ئازار و ئەشکەنجەی زیندانییانی سیاسی، هەروا درێژدەبێتەوە، پێشتر بەدەستی ئەوانەی راپەڕینیان لەدژ کرا و ئەمڕۆش بەدەستی ئەوانەی راپەڕینیان بۆ کرا..
ئێمە چیمان گۆڕی و چیمان بە خۆمان کرد ؟
حاکمێکی زاڵمی عەرەبمان بە چەند حاکمێکی زاڵمی کورد گۆڕییەوە..
تەنها بێرییە سەربازییەکەی سەداممان بە جامانە گۆڕییەوە و مێشک و مێنتالێتیمان پێ نەگۆڕدرا.. 
بتێکمان شکاند و چەندین بتی ترمان قیتکردەوە، چونکە بتپەرستی و کۆیلێتیی ئارەزوومەندانەمان لەرەگەوە هەڵنەکێشا..
بەڵێ راپەڕینمان کرد و هەر زوو راپەڕینیان لێ دزین و کردیان بە شیریناو بۆ قوڕگی خۆیان و مناڵ و نەوەکانیان و تاڵاوەکەشیان دەرخواردی خەڵک دا، هەر بۆیەش ئەمڕۆ بۆ ئەوان ئەزموون و قەوارەی کوردایەتییە و داوای مانەوە و پاراستنی دەکەن و بەشی زۆری خەڵکە داماوە کەش پەشیمانن و پڕن لە ڕق بەرامبەر هەر دەنگ و ڕەنگ و هێمایەک کە بە حەوت فرسەخیش بچنەوە سەر ئەوانەی خۆیان بە پاڵەوانی ڕاپەڕین دەزانن و بوون بە بەرازەکانی باخچەی ئاژەڵانی (جۆرج ئۆرویل).


05/03/2023



وتارەکانی تری نوسەر