چەند سەرنجێک لەبارەی دواین ڕێککەوتنی یەکێتی‌و پارتی

ئەبو کاروان(عەبدولرەحمان فارس)
دوای شەش مانگ لە شەڕی نێوان یەكێتی و پارتی ھێرشی ھەمەلایەن بۆ سەر یەكتری بە ناشرینترین شێواز كە خۆشبەختانە تاكە فیشەكێكی تێدا نە تەقێنراو لە چوار چێوەی (شەڕی میدیاید)مایەوە، كۆتاییھات، بەڵام ئەمە كۆتایی چیرۆكەكە نییە  و لەوە ناچێت ناكۆكییەكانیان ھەرگیز كۆتایی بێت، بەڵكو جارێكی تر سەلماندیان شەڕی ئەم دوو لایەنە بەردەوامە، لە شەڕی ئەم شەش مانگەدا کار گەیشتە ئەوەی یەکدی بەخاکفرۆش و سەرانەسێن و تیرۆرست و گەندەڵ تۆمەتبار بکەن.

پارتی لە سەرەتای دروستبوونی یەوە بەو ئاراستەیە كار دەكات كە دەبێ خۆی حیزبی یەكەم و سەرۆك سەردار لەو بێ، یەكێتیش ھەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە وەكو بەدیلی پارتی خۆی ڕاگەیاند، ئەگەرچی لە چەندین قۆناغدا ھاوپیمان دەبن و پێكەوە كاردەكەن كە ھۆكارەكەی زۆر جار بۆ بەرژەوەندی ھاوبەش گەڕاوەتەوە.

دوای شەش مانگ لە بایكۆتكردن و بەشدار نەبوون لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، قوباد تاڵەبانی و تیمی یەكێتی گەڕانەوە بۆ كۆبونەوەكان

سەرەڕای ئەوەی خەڵكی كوردستان ئەمن و ئاسایشی و ئازادی دەوێ، دژی ئاڵۆزی و كێشەو گرفتی لایەنەكانە،  بەڵام خەڵك بەردەوام بڕوای بە نووسینی سەر كاغەز نییە ، بەڵكو چاوی لەواقیع و جێبەجێكردنە، بۆیە ھەقیانە بپرسن و ئێمەیش لەگەلیان دەپرسین بۆچی ئەو ھەڵایەتان دروستكرد؟ بۆچی بۆ ماوەی شەش مانگ خەڵكتان تووشی دڵەڕاوكێ كرد؟

گەركێشەكەتان لەسەر بابەتی ئەوەی كە مووچە بكرێتە سیادی و بنەمای چل و حەوت لەسەدو پەنجاو سێ لە سەد نەمێنێ، دەپرسین بۆچی ئەو ڕێككەوتنەتان نوێ كردەوە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران مانگی حەوتی ٢٠٢١؟ ئەی ئێمە دەیانجار لە میدیاكان باسی ئەم ھەڵەیەمان نەكرد و داوای چارەسەرامان نەكرد؟

ئەی باشە بۆچی ھەرخۆتان لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران چارەسەرتان نەكرد؟ بەتایبەتیش كێشەی كورتھێنانی مووچە و خەرجی لە سنووری سلێمانی و ھەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین؟

گەر یەكێكی تر لەكێشەكان كەیسی كوژرانی ھاوكار جاف بوو، بەپێی چارەسەری كۆبونەوە ھاوبەشی یەكێتی و پارتی، بۆچی ئەو شەڕەتان شەش مانگی خایاند و ئەو بڕیارەتان نەدا كەلێژنەی ھاوبەش دروستبكەن و دادگا یەكلای بكاتەوە؟ 

بەپێی زانیارییەكان، لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران تیمی بزوتنەوەی گۆڕان ناڕازی بوونە لە ئەنجامی ئەوڕێككەوتنەو دیدو بۆچوونەكانیان خستووەتە ڕوو،

من لێرەدا دەمەوێ بە بیری برادەرانی ئێستای گۆڕان بھێنمەوە كە ڕابوردو بەھەند وەرگرن، ھێندە بزانن گەر پارتی و یەكێتی لە كاتێكدا ڕێكبكەون و یەكگرتووبن پێویستییان بە ھیچ لایەنێك نەبوەو نییە و خۆ گەر كێشەو ناكۆكیشیان ھەبێت ئەوا ڕێزیان لەچەند لایەنێك گرتووە بەمەبەستی پاراستنی تەرازووی ھێزو خێریان ڕژاندوەتە سەریان، دڵنیابن ھاوبەشی و شەریك لەگەڵ ئەو دوو لایەنە لەوە زیاتر خێر ناداتەوە برایانی گۆڕان.

سروشتی پارتی و یەكێتی وایە دەبێ جار جار شەڕ بكەن و جار جاریش ئاشتبوونەوە بە پێی بەرژەوەندییەكانیان، پێویستە لەسەر دڵە ڕاوكی خەڵكی و ئازاردانی مووچە خۆرانی سنووری سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین ئەم دوو لایەنە سزا بدرێن .

لە كۆتایدا دەمەوێ بڵێم ئەوەی ڕوویدا ڕێککەوتن نەبوو، بەڵکو پینەوپەڕۆیەکی کاتی بوو بە فشاری دەرەوە، مێتودی سیاسەتی هەردوو حیزب نادیموکراتە و عەقڵیەتە سیاسییەکەیان بە لۆژیکی براوە و دۆڕاو مامەڵە دەکات، ئەم عەقڵییەتەش خۆی خوڵقێنەری قەیرانە..

16/05/2023



وتارەکانی تری نوسەر