لە دوای مەرگی د. فرسەت سۆفی.. فرسەت ھێشتنەوە بۆ سیۆسیال ئەتەکێت

لوقمان غەفور


من ئەم پارێزگارە گیان سپاردووەی ھەولێر (د. فرسەت سۆفی) ناناسم، بەڵام کاتی خۆی ڕیپۆرتاژێکم لە میدیای ئەھلی لەسەرخوێندەوە. باسی دەستپاکی ئەکرد. بیرۆکەی سەرەکی ڕیپۆرتاژەکە وابوو ھەر ئەمەش وا دەکات پارتی بیکاتە پارێزگای ھەولێر، چونکە لای پارتی ھەولێر ژمارە یەکە (نەمبەر وەنە) نایەوێت ھەرگیز لەدەستی بچێت بەھۆی پارێزگاری خراپەوە. ھەقیقەتیش پارێزگار یان مایەری شار ڕووی شارستانی و خزمەتگوزاری شارەکەیە.


بەھەرحاڵ قسەی من لەسەر ئەم تەوەرە نییە، چونکە ئەمە جێدێڵم بۆ خەڵکی حزبی ناو پارتی خۆی لە دوای مەرگی قسە لەسەر ماوەی تەمەنی کارکردنی بکەن. قسەی من لەسەر جوانی و پاکی و ڕۆحی ئینسانە لەکۆمەڵگەی کوردی بەرامبەر مردوو.


کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکە کە تا ئێستا بەشی زۆری دابونەریتە جوانەکانی ژیاری کۆمەڵایەتی لەبەریەک ھەڵنەتەکیوە، خۆ ئەگەر ئەم نەریت و خواستە کۆمەڵایەتیانە لەبەر یەکھەڵوەشێت ئەوە دەبێتە کۆمەڵگەیەکی بەربەری، چونکە ئێستا نە سیاسەتی لە سیاسەت ئەچێت، نە سیستمی ئابوری، نە ئیدارە و بەڕێوەبردنی وەک سیستمێکی کەمال و تەواوە، ئۆباڵی ھەمووشی ئەکەوێتە سەر ئەستۆی ئەو ململانێ سەختە شەڕانگێزییەی لەنێوان ئەحزابەکاندا دروستبووە.


بەداخەوە لەدوای مەرگی خەڵکانی حزبی، خەریکە ئەو دابونەریتە کۆمەڵایەتییەش (سیۆسیال ئەتەکێتەش) بەھۆی تێڕوانینی شەڕەنگێزیی چەند کەسێکی ناو حزبەکانەوە وێران دەکرێت. لەدوای مەرگی د. فرسەت تێڕوانینێکی کوشندەم لە ھەندێک خەڵک بەدیکرد ئەویش ئاوات خواستنە بە مەرگی ئەوانەی ڕۆژێک لە پشت مێز و کورسییەکی ئەم حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوەن. لە بەرامبەریشدا کۆمەڵێکی زۆر دیواری فەیسبووکەکانیان گۆڕیوە بە وێنەی کۆچکردوو.


ئەوانەی خۆشەویستییان ھەیە بۆ کۆچکردوو، کەسانی نزیکی حزبی یان ھاوڕێ و دۆستین و مافێکی تایبەتیی و شەخسییە، کەس ناتوانێت بوێری ئەوەی ھەبێت و بۆشیان نییە دەستکاری ئەم نەریتە جوانە کۆمەڵایەتییە بکەن و بیشێوێنن ھەتا ئەگەر جیاوازی بیروباوەڕیش لەنێواندا،نەبێت. کەچی بە پێچەوانەوە کەسانێک وەک چۆن ھەمیشە لەسەرپێن بۆ جنێو لە کاتی مردنیشدا بەڕۆکی مردوو بەرنادەن، ئیدی ئەم کەسانە بێئەوەی بیر بکەنەوە (ھەموومان ئەمرین) و ھەمووشمان ئازیزانمان ھەیە و ئەمرێت.


دوا وتەم ئەوەیە ئەگەر نەنتوانی ببیت بە بەشێک لەو ئەرک و دابونەریتە کۆمەڵایەتییەی (سیۆسیال ئەتەکێتەی) ھەیە بۆ مردوو لە کۆمەڵگەی کوردی دا جێبەجێی بکەیت یان ڕێزی بگریت کە لەلایەن ھاوڕێ و دۆست و ھاوەڵانی مردووەوە ئامادە دەکرێت یان پراکتیزە دەکرێت، ئەوا باشترە تەنیا لە دڵەوە بە مردوو بڵێی خوا لێی خۆش بێت یان ھەر ھیچ نەبێت بێدەنگی ھەڵبژێریت، نەک پەڕاوی کۆن و ململانێی سیاسی و حزبی و ژیانی مردوو ھەڵبەیتەوە و دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان پارچە پارچە بکەن وەک چۆن ژیانی سیاسی و ئابوری و ئیداریتان پارچە پارچە بووە.

19/11/2020



وتارەکانی تری نوسەر