بۆچی به‌به‌رده‌وامی خه‌ڵك له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌ته‌كێته‌وه‌؟

لوقمان غەفور
ساڵی 2009 به‌ سه‌ره‌تای ده‌ستێپێكی ده‌نگی ناڕازیی رێكخراو ده‌ژمێردرێت. ئه‌گه‌رچی پێشتر چه‌نده‌ها خه‌ڵكی رۆشنبیر له‌ نێو حزبه‌كان و به‌تایبه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان-دا هه‌بوو. به‌ڵام نه‌بووبوونه‌ پشكۆ بۆ گیانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان. ئه‌م ده‌نگه‌ ناڕازییه‌ داینه‌مۆیه‌كی پێویست بوو، هیچ سه‌ركرده‌یه‌كیش له‌توانا و له‌ غیره‌تیدا نه‌بوو، ئه‌وه‌ بكات. ته‌نانه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ش به‌ر له‌ دروستبوونی گۆڕان ده‌نگی ناڕازیبوون له‌ ناو حزبه‌كان و به‌تایبه‌تی یه‌كێتی، ده‌كه‌وتنه‌ به‌ر شاڵاوی پشتگوێخستن و ته‌ریككردن و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌یشته‌ راده‌ی ده‌ركردن. گۆڕان توانای ئه‌م ده‌نگانه‌ به‌شێكی له‌ناو ئۆرگانه‌كانیدا كۆكاته‌وه‌، به‌شێكی زۆریشی له‌ده‌ره‌وه‌ی ئۆرگانه‌كانی به‌دڵ و به‌ گیان و به‌ ده‌نگ له‌گه‌ڵ گۆڕان بوون.

به‌ڵام له‌ دوای ساڵی 2011ه‌وه‌ ورده‌ وه‌رده‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان لێی هه‌ڵوه‌ری، له‌بری ئه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی زیادبكات. له‌بری ئه‌وه‌ی به‌هێز بێت. به‌ره‌و لاوازی چوو. 

هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ وابزانین به‌ نه‌مانی ره‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا گۆڕان به‌ره‌و لاوازبوون چوو. ئه‌مه‌ ئه‌و ساته‌یه‌ كه‌ به‌ئاشكرا گۆڕانه‌كان پێمان ئه‌ڵێن ئێمه‌ش له‌ حزبی كوردی ده‌چین. به‌نه‌مانی سه‌ركرده‌یه‌ی یه‌كه‌م حزبه‌كه‌ ئه‌پوكێته‌وه‌. له‌كاتێكدا ئه‌مه‌ش بۆ یه‌كێتی راسته‌. هه‌ڵه‌یه‌ وا بزانین به‌ نه‌مانی مام جه‌لال یه‌كێكی خه‌ڵكی لێبۆته‌وه‌، چونكه‌ یه‌كێتی له‌سه‌رده‌می مام جه‌لال (گۆڕی پڕ نوور بێت) به‌ ده‌یان هه‌زار كادری به‌توانای لێبۆوه‌. به‌ڵام ده‌شێت ئه‌م كه‌سه‌ كاریزماییانه‌، له‌هه‌ندێك ساتدا، رۆڵ بگێڕن بۆ ئه‌وه‌ی گوڕ و تینی نوێ ببه‌خشنه‌وه‌ به‌ به‌ری حزبدا.

هه‌ڵوه‌رین یاخود وازهێنان له‌ گۆڕان بووه‌ و ئه‌شبێت و درێژه‌شی ئه‌بێت. كه‌سانی نێو گۆڕان هۆكاره‌كانی ئه‌م وازهێنانانه‌ ئه‌زانن و دركیشی پێده‌كه‌ن، به‌ڵام ناتوان بیدركێنن و بیڵن و چاره‌سه‌ری بكه‌ن. هۆكاره‌كان ساده‌ن و هه‌موو كه‌سێكی ئاسایی دركی پێده‌كات، به‌شێكی ئه‌مانه‌ن:

1-ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌، بزووتنه‌وه‌یه‌ك بوو له‌ یه‌كێتی جیابۆوه‌، واته‌ له‌و قوتابخانه‌یه‌ بوو كه‌ له‌ شه‌سته‌كانه‌وه‌ له‌ پارتی جیابۆته‌وه‌. هه‌مان دید و تێڕوانینی هه‌یه‌ بۆ حزبایه‌تی كه‌ یه‌كێتی هه‌یه‌تی. با نمونه‌یه‌كی ساده‌ بێنینه‌وه‌: به‌حوكمی ئه‌وه‌ی ماوه‌ی 25 ساڵه‌ له‌میدیادا كارده‌كه‌م، ئه‌زانم ده‌لاقه‌ گه‌وره‌كه‌ی میدیای یه‌كێتی چییه‌! بۆیه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌نیوه‌ی رێگا به‌هه‌مان دیده‌وه‌ میدیای به‌رێوه‌ برد. سه‌ره‌تا تاراده‌یه‌ك كه‌ (سایتی سبه‌ی) و رۆژنامه‌ی (رۆژنامه‌) كه‌وته‌كار زۆر باشتر بوو. له‌دوای 2015، ورده‌ ورده‌ به‌هه‌مان عه‌قڵه‌وه‌ میدیا به‌رێوه‌ برا. ئه‌وه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی میدیای گۆڕان ده‌یویست هاوكار و پشتیوان بێت هه‌ر زوو رێگری خرایه‌ به‌رده‌م. وه‌ك میدیای یه‌كێتی ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌ده‌ره‌وه‌ی میدیای حزبه‌كه‌ قه‌ڵه‌مێكی باش بوایه‌ له‌ناو كه‌ناڵه‌كان قسه‌یه‌كی خێری له‌سه‌ر نه‌ده‌كرا. بیر له‌وه‌نه‌كرایه‌وه‌ ئه‌مانه‌ ببنه‌ داینه‌مۆی میدیاكه‌یان و خه‌ڵكانی ته‌مبه‌ڵ فڕێده‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ی كه‌ناڵه‌كان. بۆیه‌ هێدی هێدی ئه‌م قه‌ڵه‌مانه‌ تۆران و ترازان له‌ بزووتنه‌وه‌كه‌.

2-كاری رێكخراوه‌یی ئه‌م حزبه‌ هه‌ر وه‌ك یه‌كێتی، مه‌كۆكانی كرد به‌ چایخانه‌، بووه‌ جێگه‌ی چا خواردنه‌وه‌ و قسه‌كردن و كات كوشتن. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ی من بیستمه‌وه‌ ره‌وانشاد (نه‌وشیروان مسته‌فا) له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی مه‌كۆی شاره‌كان نه‌بووه‌. به‌ڵام له‌ژێر فشاردا پێیان كرد. بۆیه‌ هه‌ر زوو ئه‌م مه‌كۆیانه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر گرژی و ئاڵۆزییه‌كدا ده‌سوتێنران و له‌ناوده‌چوو، بێده‌سه‌ڵاتی حزبه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر جه‌ماوه‌ر نیشان ده‌دا، جه‌ماوه‌ر پرسیاری ده‌كرد حزبێك نه‌توانێت خۆی بپارێزێت، چۆن ده‌توانێت به‌رگری له‌ جه‌ماوه‌ر بكات.

3-خولی یه‌كه‌می په‌رله‌مان، بزووتنه‌وه‌كه‌ 25 ئه‌ندامی نارده‌ په‌رله‌مان. هه‌روه‌ها خولی دووه‌م 24 ئه‌ندام. جگه‌ له‌وه‌ی دوو خولی په‌رله‌مانی عیراق چه‌ندین ئه‌ندامی په‌رله‌مان. دوو سێ كه‌س نه‌بێت له‌خزمه‌تی بزووتنه‌وه‌كه‌دا ماوه‌، ئه‌وه‌ی تری سه‌رقاڵی كاری خۆی و مووچه‌ مۆڵه‌كه‌ی خانه‌نشینی كردووه‌ به‌ بژێوی ژیانی. له‌كاتێكدا نابوایه‌ وابوایه‌، ده‌بوو ئه‌م كه‌سانه‌ تێكڕا رێكخراوێكیان به‌ناوێكی دیاره‌وه‌ دروستكردایه‌ به‌شێكی زۆری پاره‌كانیان بخستایه‌ته‌ ناو ئه‌و رێكخراوه‌وه‌ بۆ كاری خێرخوازی (دۆنه‌یشن). هه‌ندێك له‌م ئه‌ندامانه‌ سیفه‌تێكی سه‌رسوڕهێنه‌ریان تێدا دروستبوو. له‌گه‌ڵ ته‌واو بوونی خوله‌كانیان خۆیان بێبه‌ری ده‌كرد و به‌ به‌یاننامه‌یه‌ك وایان راده‌گه‌یاند كه‌ وازیان له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هێناوه‌. مه‌سه‌له‌كه‌ ئه‌وه‌بوو بۆئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌كه‌ بۆ مه‌سه‌له‌ی ماددی رویان تێنه‌كات. جه‌ماوه‌ریان تێگه‌یاند ئێمه‌ش هیچ جیاوازیمان نییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر.

4-كه‌ڵچه‌ری ده‌مپیسی، گێچه‌ڵی سیاسی. یه‌كێك له‌ سیفه‌ته‌ خراپه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی به‌درێژایی مێژووی پشتی پێبه‌ستووه‌  (ده‌مپیسی سیاسی و گێچه‌ڵی سیاسی). بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌بری كه‌می كاته‌وه‌، زۆر زیادی كرد. كار گه‌یشتبووه‌ ئه‌وه‌ی هه‌رچی ره‌خنه‌ له‌بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بگرێت، ده‌كه‌وته‌ به‌ر نه‌شته‌ری چه‌ند قه‌ڵه‌مێكی كولی ناو فه‌یسبووك. ئه‌م كه‌ڵچه‌ره‌ زۆرێكی دڵگران كرد، له‌ خه‌ڵكانی ده‌ره‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌كه‌ی گه‌یاند كه‌ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ هێزی له‌ (ده‌م)یدایه‌ نه‌ك له‌ (كردار)یدا. 

5-خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌كه‌ هه‌ڵه‌ له‌وه‌ گه‌یشتووه‌ ئه‌وه‌ی وازی له‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ هێنا، بۆ پاره‌یه‌ و ئه‌بێت به‌ ئه‌ندامی پارتی دیموكراتی كوردستان. به‌ڵام زۆریش هه‌ن ئه‌و بزووتنه‌وه‌یان جێهێشتووه‌ و بۆخۆیان له‌ماڵه‌وه‌ دانیشتوون. جارێ پێش هه‌موو شتێك مه‌رج نییه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ لایه‌نگری ئه‌م بزووتنه‌وه‌ی كردبێت، ئه‌ندامی بوو بێت. چونكه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا بزووتنه‌وه‌كه‌ پشتی به‌ستبوو به‌ ده‌نگده‌ر، واته‌ 80%ی ئه‌ندام نه‌بوون و به‌ دڵ و به‌ گیان و گیرفان له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌كه‌ بوون. كه‌ ئه‌مانه‌ ئیتر پشت ئه‌كه‌نه‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ هیچی كه‌متر نییه‌ له‌ ئه‌ندامێكی جڤات. ئه‌وانه‌ی له‌ بزووتنه‌وه‌كه‌دان نه‌یانتوانی دڵی ئه‌مانه‌ به‌ وردی راگرن، تا ببێته‌ داینه‌مۆیه‌ك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگی تر. 

6- كێشه‌ی ناوخۆی گۆڕان، هه‌مان شێوه‌ و قه‌باره‌ی كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتی هه‌بوو. هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی بزووتنه‌وه‌كه‌ ده‌ركه‌وتن. تا ئێستا مه‌سه‌له‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ كێشه‌ی گه‌وره‌یه‌. خه‌ڵكانێك بوونه‌ رابه‌ر و پێشه‌وای بزووتنه‌وه‌كه‌ له‌ رووی سیاسییه‌وه‌ پێشینه‌یه‌كی باشی سیاسی-یان نییه‌. ره‌نگه‌ گه‌نده‌ڵ نه‌بن به‌ڵام سیاسییه‌كی باش نین. جا ئه‌م بێتوانا سیاسییه‌ له‌ دوای مردنی ره‌وانشاده‌وه‌ به‌ته‌واوی ده‌ركه‌وت. بۆیه‌ كێشه‌ به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌ربڕدرا و خرایه‌ قاڵبی كێشه‌ مۆڵك و ماڵ و ته‌وریسی سیاسی و تاپۆكردنی گردی زه‌رگه‌ته‌ له‌سه‌ر مناڵه‌كانی ره‌وانشاد كه‌ من بۆخۆم تاپۆكردنی گرده‌كه‌ به‌ كێشه‌ نازانم، ئه‌وه‌نده‌ی نه‌بوونی عه‌قڵێكی باش بۆ به‌رێوه‌بردنی بزووتنه‌وه‌كه‌.

7- دیدێكی خراپ هه‌بوو لای گۆڕان له‌به‌شداریكردنی حكومه‌ت. ئه‌وه‌ی له‌ده‌می سه‌ركرده‌كانی گۆڕان ده‌خوێنرایه‌وه‌ هه‌میشه‌ وا نیشانده‌درا كه‌ ئه‌مان بۆیه‌ به‌شداری ده‌كه‌ن چونكه‌ یه‌كێتی پێی ناخۆشه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌شدار بێت و ئه‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ پارتی شه‌ریكه‌ به‌ش بێت. له‌ هه‌ردوو جاری به‌شداریكردنه‌كه‌ش جێكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك كه‌س نه‌بێت بۆ پۆستی حكومی، هیچ شتێك له‌ خزمه‌تگوزاری جیاواز نییه‌. چونكه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا دابه‌شكردنی پۆستی سیاسی له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌. له‌ ئێستادا پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرترین ده‌نگی هه‌یه‌ كه‌واته‌ ده‌سه‌ڵاتی ته‌نفیزی لای خۆیه‌تی. سیستمی حوكمڕانیش له‌كوردستان ستوونییه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌. واته‌ بڕیار لای سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ كه‌واته‌ وه‌زیرێك پارتی بێت و یه‌كێتی و گۆڕان بێت هه‌مان ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌. ئه‌مه‌ وایكرد ئه‌و هه‌موو به‌ڵێنه‌ی به‌خه‌ڵكیان دا له‌ دوو كابینه‌ جێبه‌جێ نه‌بێت. و خه‌ڵكێكی زۆر نائومێد بكه‌ن و گۆڕانی سیاسی-یان كرده‌ خه‌ون.

01/05/2021



وتارەکانی تری نوسەر