تێگەیشتن لە پاڵێوراوی کورد بۆ بەغا

لوقمان غەفور
من بە درێژایی تەمەن کە ناوی بەغدا بێنم ...ناوی ئەھێنم بە بەغدا-ی پەت و سێدارە، ئەم بەغدا-ی پەت و سێدارەیە ئەو ڕۆژەم بیر دێنێتەوە کە سوپای بەعس منیان لە باوکم جیاکردەوە و بردیان بۆ زیندان، ئەوەم دەخاتەوە کە باوکم لە ١٩٧٥ نینۆکەکانی لە زیندانی بەغدا دەرھێنراو، منێک کە تەمەنم ٤ ساڵ بوو، بۆ ٣ ساڵ لەگەڵی نەژیام چونکە لە زیندان بوو لەو بەغدایە، کەچی دوای ٢٠٠٣ کە داوای لە زیندانە سیاسیەکان کرد، مافی ئەو سێ ساڵەی بدەنێ، یەک جڕتی باشیان بۆ لێدا. کەچی دوای ٢٠٠٥ بە لێشاو خەڵک چووە بەغدا و بوو بە نوێنەری کورد لە ئەنجومەنی نوێنەران و مانگانە بە جانتا پارەوە ئەگەڕانەوە بۆ کوردستان و کۆشک و تالاریان دەکڕی، و ئەم پرۆسەیە ھەر بەردەوامە.

ئەم بەغدای پەتو سێدارەیە ئەو ئێوارەی بیرھێنامەوە باوکم و مامم چون تەرمی شەھید سالار نوری ئامۆزام-یان لێ وەرگرتەوە. کەواتە بەغدا لای من ھەر بەغدای پەتوسێدارەیە، جا سەدام حسێن-ی لێ بێت یان نوری مالکی یان موستەفا کازمی.

کەواتە بۆ ئەوەی پێچ و پەنا بە خوێنەر نەکەم، بۆ من گرنگ نییە کێ ئەچێتە بەغدا، چونکە جگە لەم بیرەوەرییە تاڵانە، مێژووی ئەندامانی کورد لە ئەنجومەنی عیراق دەریخستووە کە بەغدا لای من یەکسانە بە سفر.

دەی ئەگەر بەغدایەک تەنیا نیشاندانی "بوون" بێت و ھیچی تر، بۆچی دڵی یەکتری لەسەر لەتوپەت ئەکەن. پێویست ناکات پاڵێوراوی کورد لە بەغدا خۆی بکات بە قارەمان و بڵێ من لە بەغدا نەبومایە، ئێوە لە ھەرێم، ڕەگەز و ڕەچەڵەکتان نەمابوو، پێویست ناکات بڵێ ئەگەر من نەچم ئەوا ئیتر ئێوە بێ مووچە ئەبن.

ئەو ھاوکێشەیەی کە پێتانە زۆر سادەو ساکارە و ھەقی خۆیەتی بە دەنگدەری کوردی بڵێن، ئێمە ئەچینە بەغدا وەک نوێنەری حزبەکانمان، فرسەتێکی باشە بۆئەوەی پارەیەکی باشمان دەستکەوێت لەماوەی ئەو چوار ساڵە. خۆ ئەگەر من بچم و نەچم کەسێک ھەر ئەبێت بچێت، جا ئیتر ئەمە چانسێکە بۆ ھەموو کەس دەرناچێت، ئەم چوار ساڵە بۆ من دەرەچێت.

چونکە ئەگەر وا نییە، بۆچی یەک پرۆژەی نەتەوەیی لەزاری کاندیدەکان نایەتە دەرەوە، بە پێچەوانەوە سەرقاڵی ملشکاندن یەکتر و فریودانی دەنگدەرن بە دروشمی سەیر و سەمەرە. چونکە کاندیدەکان خۆشیان ئەزانن، یەک کێشەی نەتەوەییان لە بەغدا پێ چارەسەر ناکرێت. بۆ ڕاستی قسەکانیشم: مام جەلال (گۆڕی پڕ نور بێت) بە ھەموو ھێزی شەخسی و سیاسی خۆیەوە، یەک ھەنگاو ئەچووە پێشەوە، شیعەی عیراقی دە ھەنگاو ئەیانھێنایە دواوە، کەواتە بەستەزمانێکی وەک تۆ چیت پێئەکرێت کە ئەگەر بکەویتە ناو گفتوگۆیەکی یاسایی و دەستورییەوە، نەک ھیچ شارەزای دەستوری عیراق نیت، بەڵکو عەرەبییەکەشت بۆ ئەو گفتوگۆیە ناشێت.

کەواتە لێگەڕێن چەند ڕۆژێکتان لەگەڵ یەکتر ماوە، دڵی یەکتر مەڕەنجێنن، ھەمووتان بڕۆن بۆ بەغدای پەتو سێدارە، مانگانە مووچەیەکی باش وەرگرن و خۆتانی پێ دەوڵەمەند بکەن.

02/10/2021



وتارەکانی تری نوسەر