دوو ستراتیج و دوو تەکتیک

عەدنان عوسمان
گرێ کوێرەی قەیرانەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە دیدگای سیاسی حیزبەکانەوە هەیە بۆ خودی قەیران و چارەسەرەکانیش لە نێوان ئومێد بە چاکسازی و بێ ئومێدیدا و رێگاکانی هەنگاونان بەو ئاراستەیانەدا.
گۆڕان گەر بروای وایە بەم هێزانەی ئێستای کوردستان  لە توانادا هەیە گۆڕانکاری لە ئیدارەدانی وڵات، لە باروگوزەرانی هاوڵاتیان، لە بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی یەکگرتوی ئازاد و سەربەخۆ، لە دژایەتی گەندەڵی،لە ....هتد،بکرێت، ئەوا مەفروز وایە ستراتیجێکی رۆشنی هەبێت ئەویش بریتی بێت لە کەمکردنەوەی باری سەرشانی ئەو حزبانەدا کە هۆکاری خودی قەیرانەکانن. ئەو هەنگاوانەی پێویستن لە پێناوی سوککردنەوەو کەمکردنەوەی قەیرانەکانی ئەو لایەنانە بریتین لە: کۆبونەوەو دانیشتنی بەردەوام، گەڕان بە دوای چارەسەری سیاسی و دروستکردنی فشاری ناوخۆیی و دەرەکی، رێککەوتننامەو بەیاننامەی هاوبەش، خۆدورگرتن لە بەشداری کردن لە نارەزایەتیە جەماوەریە بەرفراوانەکان وەک خۆپیشاندان...هتد. واتە جەخت کردنەوە لە گفتوگۆی سیاسی لەگەڵ لایەنەکان ئاراستەکردنی رێڕەوی کارنامەی بزوتنەوەکە بەروی لایەنەکاندا.
گۆڕان گەر پێی وایە ئەم ‌هێزانە چیتر نە لە توانایاندایە چاکسازی بکەن، نە بڕوایان بە بنەماکانی حوکمی دیموکراسی و مەدەنی هەیە، نە لە خەمی میللەت وبژێوییاندان، نە توانای خۆگۆڕین و کۆمەڵگا گۆڕینیان هەیە، نە بەو ئاراستەیەش کار ئەکەن، مەفروز وایە دیدگایەکی ستراتیجی رۆشنی هەبێت ئەویش بریتیە لە قوڵکردنەوەی ئەزمەی ئێستا بەسەر حزبەکاندا وقورسترکردنی باری سەر شانیان. لەم پێناوەشدا هەنگاو و تەکتیکەکان رۆشنن وەک: کەمکردنەوەی دانیشتنەکان، گوێنەدان بە کروزانەوەی حزبەکان، خۆدورگرتن لە هاوپەیمانی ساختەو بێ ئاکام و دیبلۆماسیەتی ئیئتلاف و بەرەی دوو قۆڵی و چوار قۆڵی، لە بری ئەوەش روکردنە جەماوەر و بەهێزکردنی نارەزایەتیەکانی و بەشداری کردنی چالاکانە لە خۆپێشاندانەکان و مانگرتنە جەماوەریەکان وەک رێگای سەرەکی بۆ گۆڕانکاری و فشار.
فاکتەری هاوبەش لە نێوان ئەم دوو ستراتیجە جیاواز و دژ بەیەکەدا شتێکە پێی دەوترێت: دنیابینی و تێگەیشتن لە کارنامەو هۆکارەکانی دروستبونی بزوتنەوەکە.


07/10/2016



وتارەکانی تری نوسەر