هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد راست ناکات

عەدنان عوسمان
هێرۆ خان ئەلێت عینادیان کرد و دژ بە هەمو دونیا وەستانەوە، راست نیە، عینادی نەبو، بەڵکو بۆ پارتی دواکارتی هەیمەنەو بێنرخکردنی لایەنەکانی تر و گرتنە دەستی کارتێکی فشاری گفتوگۆ بو، بۆ یەکێتیش خۆساغکردنەوە بو، کە هێزێکە ئیتر لە مەداری پارتیدا ئەخولێتەوەو هەمو چارەنوسی خۆی تەسلیم بەو کردوە. تازە ئەم پاکانەیەی هێرۆخان دادی داڕوخانی سیاسی و ئەخلاقی ئەم حزبە نادات و باری لاسەنگی پێڕاست ناکرێتەوە.
هێرۆ خان لە دواکۆبونەوەی سەرکردایەتی یەکێتیدا سێ دێڕی وت، یەکەم دێڕی ئەوە بو کە ئەو بەتەواوەتی لەگەڵ ریفراندۆمەو دژی ناوەستێت و لەگەڵ ئەنجامدانێتی. ئەوە ئاماژە بو بە ئامادەبوان کە یەکێتی بە تەواوی تەسلیم بە ئیرادەی پارتی بوەو خاوەنی بڕیاری خۆی نیە.
کە لە دواساتەکانی ئەنجامدانی بەناو ریفراندۆمدا، بەشێکی بەڕجاو لە بەرپرسانی یەکێتی هۆشیان بۆ هاتەوەو بە ئاشکرا دژی وەستانەوەو باسیان لە هەمو مەترسیەکان کرد، دواجار هێرۆخان و کۆسرەت رەسوڵ پرسەکەیان یەکلا کردەوە کە بە دڵ و بەگیان لەگەڵ سەرۆک بارزانیدان.
هێرۆ خان بۆ ئەمە ئەکات؟؟ بۆ چەند مانگێکە بەتەواوی خۆی خزاندۆتە بەرەی پارتیەوە کەچی ئێستا پاکانە ئەکات و ئەیەوێت گۆزەکە بەسەری ئەودا نەشکێت؟؟
یەکەم: ئەم خانمە تەنها لەخەمی کوڕەکانی خۆیدایە. کوڕێکیان بەنیازی وەرگرتنی مەرجەعییەتی یەکێتیە( کە ئەوە کێشەی من نیە) ئەوی تریان جێگری سەرۆک وەزیرانە( کە کێشەی منە). ئەم بەڕێزە دیارە بە هاوکاری و چرای سەوزی دایکی، بەردەوام بوە لە ئەنجامدانی کارەکانی و بچوکترین کاردانەوەی نەبوە بەرامبەر داخستنی پەرلەمان و دەرکردنی وەزیرەکانی گۆڕان. هەر بۆ خوێی چێشت و ناڕەزایەتیەک یەک دانیشتنی بایکۆت نەکرد.
دوەم: هێرۆ خان سەرەتا بە هەمو شێوەیەک دژ بە گۆڕان وەستایەوە. لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ژێر سەرپەرشتی ئەودا، گەورەترین ساختەکاری دژ بە گۆڕان و لەقازانجی لیستەکەی ئەوکرا. دواتر ئامادە نەبو پارێزگاری سلێمانی رادەستی گۆڕان بکات. کە گۆڕان شەراکەتی لەگەل پارتی بەهێز بو، ئەم و لایەنگرانی خۆیان لە گۆڕان نزیککردەوەو لە رێگەی سەرۆکی فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمان، پەیام دوای پەیام بۆ گردەکە ئەهات کە ئەوان پشتی گۆڕان ئەگرن بۆ کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم. دواتر ئەوە رویدا کە رویدا. گۆڕان لە پەرلەمان دەرکراو یەکێتیش هیچ کاردانەوەیەکی ئیجابی نەبو، بەڵکو زۆر ئاساییانە پەیوەندیەکانی لەگەل پارتی و شەراکەتەکەی ئەبردە پێشەوەو یەکێک لە قارەمانەکانی دۆسێی پرۆژەکەی سەرۆکی هەرێم، ئێستا بە ناقانونی لەسەر کورسی سکرتێری پەرلەمان دانیشتوەو یاساکان بۆ سەرۆکی هەرێم ئەنێرێت!!.
سێیەم: رێکەوتنێکی گەرم و گوڕ لە گەل گۆڕاندا ئیمزا کرا کە هەر زوو مرێندراو بەشێکی زۆری راسپاردەو بەندەکانی جێبەجێ نەکرا، نەک هەر ئەوە بەڵکو لە پرسی ریفراندۆم و ئەم ئەنجومەنە سیاسیەدا ریک بە دژ لە رێکەوتنەکە کار کرا.
چوارەم:  ئێستا  دوای ئەو کارەساتی ریفراندۆمەی کە هێرۆ خان یەکێک لە عەڕابەکانی بو، پاش ئەوەی هیچ حسابێکیان بۆ رای گۆڕانی هاوپەیمانیان نەکرد، بۆ ولاتانی جیهان نەکرد و واخەریکە هەم خۆیان و هەم گەلەکەشمان باجێکی قورسی ئەو سەرەرۆیی و نابەرنامەیی و هەڵەشەییە ئەدەن، وە پاش ئەوەی چیتر یەکێتی توانای روبەڕوبونەوەی جەماوەری تێکۆشەر و خەباتگێڕ ودڵسۆزەکانی نەماوە( کە بە دڵنیاییەوە زۆرینەی یەکێتین)، وە پاش ئەوەی سەرباری رێکەوتنی هێرۆخان و مەسعود بارزانی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن و یەک لیستی هەردولایان لە هەڵبژاردنی داهاتودا، کەچی بارەکە زۆر خراپ شکاوەتەوەو ئاستی ناڕەزایەتیەکان لەبەرزبونەوەدایە، دەبینین هۆش بۆ ئەم خانمە ئەگەڕیگەوەو هەست ئەکات گوایە کارێکی خراپی کردوە!
پێنجەم: دروست بونی لیستێکی سەربەخۆ لەلایەن د بەرهەم و دەنگۆی نزیکبونەوەیان لە گۆڕان و ئەگەری پێکهێنانی لیستێکی هاوبەشی نیشتمانی بەرامبەر بە لیستی: کۆسرەت+هێرۆ- بارزانی، هۆکارێکی تری پاڵنەرە کە ئەم خانمە ناڕەزایەتی لەسەر ئەنجومەنێک دەربڕێت کە مومکین نەبو بە بێ ئیزن و راوێژ لەگەل ئەودا نوێنەری یەکێتی تێدا بەشدار بێت.
شەشەم و خاڵی گرنگ و وەرچەرخان ئەوەیە ئێران ناڕەزایەتی زۆری نواندوەو فشارێکی گەورە ئەکات، وا هەردو مەرزەکەی بەتەواوەتی داخستوە، کە ئەمەش زیانێکی گەورە بەر کۆمپانیاکانی یەکێتی و بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانی ئەدات. من پێم وایە ئەم پاشەکشەیە تەنها بۆ رازیکردنی دڵی ئێرانە نەک ناڕازیەکانی ناوخۆ.
من هیوادارم هەم بزوتنەوەی گۆڕان و هەمیش جەماوەری ناوچەکە، لە یاریە مەترسیدارەکانی ئەم خانمە تێگەیشتبێتن و جارێکی تر دەستیان نەسوتێت. تازە ئەم بەشەی یەکێتی چارەنوسی خۆی هاوتاکردۆتەوە لەگەڵ پارتیداو" لبیک"ێکی گەورەیان بۆ ریفراندۆمەکەی بارزانی وت. هیچ هەوڵ و چەواشەکاری و خۆڵکردنە چاوێکی خەڵک دادیان نادات. ئۆباڵی هەمو ئەو نەهامەتی و کارەساتانەش لە ئەستۆی ئەم خانمەو هاوکارەکانێتی، کاتێک ئامادەنەبو گوێ لە دڵسۆزانی نێو خێزان و حزبەکەشی بگرێت. 


02/10/2017



وتارەکانی تری نوسەر