aso
وعاظ السلاطین.. حیکایەتی نوخبەیەکی شکستخواردوی ئێکسپایەر
عەدنان عوسمان
هەندێک لەو کەسایەتیە سیاسیانەی کە لەبەر بێئەرزشی و ترسنۆکی و لاوازی خۆیان، پێیان وایە کوردستان بەبێ بارزانی ناڕواتە رێوەو قەدەری ئەم وڵاتە ئەوەیە کە زەلیلی دەستی ئال بارزان بێت، هیچ دەرفەتێک لەدەست نادەن بۆ پێشاندانی وەلائی رەهای خۆیان بۆ سەرۆکی ناشەرعی هەرێم، باشترین دەروازەش کە بوەتە بنێشتە خۆشەیان و لەهەموو بۆنەیەکدا بێشەرمانە دوبارەی ئەکەنەوە، مەسەلەی ئەدائی سەرۆکی پەرلەمان و کۆبونەوەی ١٩ ی ئابی ٢٠١٥ کە تێدا بڕیاروابوو ئەو پرۆژەیەی چوار حزبی سەرەکی ئامادەیان کردبوو لەسەر یاسای سەرۆکایەتی هەرێم گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
 ئەو رۆژە لە پەرلەمان بوم، پێش ئەوەی برۆمە ژورەوە سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێک لە حزبە بچوکەکانم بینی، وتی تکایە بە کاک یوسف بڵێن با ئەم دانیشتنە دوابخات، وتم بۆ، وتی چونکە هەوڵێک هەیە بۆ رێکەوتنی لایەنەکان، وتم هەر هەوڵێک هەبێت ئەم دانیشتنە پەکی ناخات و ئەمە مەسەلەیەکی یاساییە، بەڵام خۆ گەر  بە باشی ئەزانن دوابخرێت، ئەوا کارێکی زۆر قورس نیە، فەرموو هەوڵ بدە ئیمزای چەند سەرۆک فراکسیۆنێک کۆبکەرەوەو بیخە بەردەمی سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ دواخستنی ئەم دانیشتنە، چونکە سەرۆکی پەرلەمان ئەم دانیشتنەی لەسەر داوای فراکسیۆنەکان سازداوەو تەنها لەسەر داوای ئەوان ئەتوانێت دوای بخات. دیاربو هەوڵی ئەو برا بەڕێزە سەری نەگرت و پارتی دەیویست خۆی داوای دواخستنی نەکات بەڵکو یا سەرۆکی پەرلەمان وەیا فراکسیۆنەکانی گۆڕان و یەکێتی ئەو داوایە بکەن. ئەمەش جۆرێکی تر بوو لە نیەتی راستەقینەی پارتی بۆ پەکخستنی پەرلەمان، چونکە ئەوان لە زوەوە ئەو پلانەیان هەبوو تەنها چاوەرێی بیانویەک بون. پێویست بەوەش ناکات ئەوە بڵێم کە من ئەو رۆژەو دواتر و ئێستاش زۆر پشتگیری لە ئەنجامدانی ئەو کۆبونەوەیە ئەکەم و پێم وایە یەکێکە لەسەروەریەکانی پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی تەمەنی درێژی کەم بەرهەمی خۆیدا.
 لێرەدا بە کورتی چەند خاڵێک لەسەر هۆکاری ئەو دوبارەکردنەوەی قسەکان و بیانوەکانی پارتی دەخەمە روو لە لایەن پرۆ پارتیەکانی زۆرینەی حزبەکانی کوردستانەوە. 
یەکەم: هەر حزب و بەرپرسێک پێی وابێت هۆکاری پەکخستنی پرۆسەی سیاسی و پەرلەمان،سەرۆکی پەرلەمان و دانیشتنەکەی ١٩ی ئابە، ئەوا بێقەید و شەرت پرۆپارتی و سۆزداری پارتیەو لە فەلەکی بەرژەوەندیەکانی پارتیدا ئەخولێتەوە. جا ئەو کەسە لە سەرکردایەتیە سۆزدارەکەی یەکێتی بێت یا یەکگرتو یا تەنانەت لە گۆڕانیش. ئەسڵی کێشەکان وازنەهێنانی مەسعود بارزانیە لە پۆستەکەی دوای تەواو بونی ماوەی یاسایی و ئامادەنەبونی پارتیە بۆ چارەسەرێکی سیاسی و یاسایی ئەو کێشەیە. هەرکەس و لایەنێک ئەم راستیە نەڵێن، هیچ جیاوازیەکیان لەگەڵ پارتیدا نیە. دەی بە قەولی خۆتان هەرزەکارانی پەرلەمان شکستیان هێنا، ئەی ئێوەی حەکیم و دانا بۆ نەتانتوانی دەریچەیەک بۆ ئەو کێشەیە بدۆزنەوە؟ باشە ئەوە سەرۆکی پەرلەمان عینادی کرد و ئەو دانیشتنەی دوانەخست، بەڵام خۆ دانیشتنەکە سەری نەگرت، ئەی بۆ ئێوەی خەمخۆر چارەیەکتان بۆ کێشەکە نەدۆزیەوە؟؟ ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان لە ١٩ ی ئاب تاوانبار بێت، ئەی کێ پێش ١٩ی ئاب تاوانبارەو بۆ کەستان روی رەخنەتانی ئاراستە ناکەن؟؟
دووەم: سەرۆکی پەرلەمان لەسەر داوای چوار فراکسیۆن: کە یەکگرتوو، کۆمەڵ، یەکێتی، گۆڕان بوون ئەو پرۆژەیەی خستە پرۆسەی دەنگدانەوەو ئەو دانیشتنەی رێکخست. ئەو دانیشتنە لەسەر ویستی سەرجەم ئەو فراکسیۆنانە بوو، جا گەر کارێکی خراپ بوو وە دژ بە بەرژەوەندیە باڵاکانی گەلەکەمان بوو، وە بەدژ لە سیاسەتە ئاشکراو نهێنیەکانی ئەو حزبانە بوو، خێرە تائێستا لێپێجینەوەیان لەگەڵ هیچ ئەندامێکی خۆیان نەکردوە؟ ئاخر سەرۆکی فراکسیۆنەکانیان لەو رۆژەدا گڕیان لێ ئەباری و زۆر موتەحەمس بون بۆ ئەو دانیشتنە؟ خێرە هیچ سەرۆک فراکسیۆنێک لانەبرا؟ موحاسەبە نەکرا؟ پاشگەزبونەوەیەکی رەسمیان بڵاونەکردەوە؟؟
سێیەم: ئەم شەڕەی کە بە یوسفەکان و ئارامەکان و دەیانی تر ئەفرۆشرێت، ململانێی نەوەکانە، جەنگی  نوخبەیەکی فاشلی ماندوی بێروح و بێجەوهەرە لەبەرامبەر نەوەیەکی تازەی پڕ لە حەماس و خەون و هیوا. ئەمە شەڕی نوخبەیەکی شکستخواردوە لە ئیدارەدانی هەرێمدا لە هەموو روەکانیەوە: ئابوری، سیاسی، دارایی، هتد. نوخبەیەکە کە ئێستا تەمەڵ و تەوەزلەو رازیە بەو ژیانە هێمن و ئارامەی خۆی و ئامادەیی هیچ هەنگاوێکی نەماوە. نەوەیەکە کە ناوێرێت و ناتوانێت گۆڕانکاری لە ژیانی ئێمەدا بکات. دنیای ئەو تەنها لە چەند کارەکتەرێکی کەمدا کورت بۆتەوەو پێی وایە بەبێ ئەو ژیان ناگوزەرێت. فازڵ میرانی دەڵێت مەسعود هەتاهەتایە سەرۆکە، سەڵاحەدین بەهائەدین پێی وایە بەبێ بارزانی ژیانی سیاسیمان خەلەلی تێئەکەوێت، مەلا بەختیار دەڵێت کەس جورئەتی نەکردوە بڵێ من کاک مەسعودم قبوڵ نیە، تەنانەت لەناو گۆڕانیشدا دەنگانێک هەن پێیان وایە ئەوان بە مانەوەی مەسعود بارزانی رازین بەهەندێک دەسکاری کەمەوە لە دەسەڵاتەکانی و جگە لە کاکە کەس ناتوانێت ئەم وڵاتەمان بۆ بەڕێوە ببات. 
لەم نێوەدا بزوتنەوەی گۆڕان، وەک بەشێک لە کارە مەزنەکانی لە نێو کۆمەڵگای کوردیدا، یوسفێک دێنێتە پێشەوە بۆ ئەوەی گەورەترین دامەزراوەی وڵات بەڕیوە ببات. ئەم یوسفە سەر بە نوخبەی کۆن نییە، پێشتر ئەندامی مەکتەبی سیاسی هیچ حزبێک نەبوەو نیە( وەک عورفی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک و جێگری سەرۆکی پەرلەمان) سەر بە نەوەی پێش راپەرین و سەروەریە پڕ لە زیدەڕەوی تا ئاستی درۆکردندا نیە، ئەو قاچی لە نێو کاستە گەندەڵ و شەڕانگێز وبەرژەوەندخوازەکەدا نیە، ئەو سەر بەنەوەی دوای راپەرینە بەهەموو خەون و خولیاکانیانەوە بۆ سەقامگیری و دەسەڵاتی یاساو یەکسانی و رێزگرتن لە مافی مرۆڤ، واتە هەموو ئەو شتانەی کە نامۆن بەو نوخبە بەرژەوەندخوازەوە. هەر هەوڵێکی یوسفەکان بە پیلانێک سەیر ئەکرێت بۆ وەلاخستنی ئەو نەوە بێفەڕە. ئەو نوخبەیە لە شەرقەوە بۆ غەرب یەکیان گرتوەو هەست بە مەترسی گەورە ئەکەن چونکە وردە وردە نەوەی نوێ بڕوا بە حیکایەتە درۆزنانەکانیان ناکات و واخەریکە دەکەونە بەر نەعلەت و نەعرەتەی میللەت. بۆیە شەڕی ئەوان بۆ دانیشتنێک و پرۆژەیاسایەک نیە کە هیچ بایەخێکی نەبوە لایان، چونکە ئەوان لەسەرەوەی یاساو رێساکانن و لەدەرەوەی کۆمەڵگان، ئەوان( جالەهەر حزبێکدا بن) لە ستایڵێکی تری ژیاندان و بێئاگان لە ئازاری میللەت، شەڕی ئەوان هەوڵی مانەوەی هەژمونی نەوەو عەقڵیەتی کۆنە کە جگە لە کاولکاری و ماڵوێرانی  بێئاسۆیی هیچ خێرێکی تری بۆ گەل نەبوە بەرامبەر بەوەش بەهەشتێکی ئەفسانەییان بۆ خۆیان و دەست و پێوەندیان دروست کردوە.
 ئیتر سەردەمی خاپورکردنی سەڵتەنەتی ئەو دەستەبژێرە فاسدەیە.

:07:24:13.02.2017
زیاتر ...
چۆن دەوڵەتی کوردستان دروست ئەکەین
گەمژەیی وەک بەهرە
چەند سەرنجێک لەسەر پرۆژەکەی یەکێتی
وعاظ السلاطین.. حیکایەتی نوخبەیەکی شکستخواردوی ئێکسپایەر
توندوتیژی مەدەنی.. ژیان بە ئاشتی بە ئاشتی، ناگۆڕدرێت!!
گۆڕان نانی بە تەنوری کەسەوە نەسوتاوە
بۆ گۆڕان لە کۆمەڵگای من رونادات
سێ پەیام
بۆ قوباد تاڵەبانی و مەلا بەختیار
سووڕی ژیانی کامە حزب بەرەو کۆتایی ئەڕوات؟!
ئەگەر گاندی لە کوردستان بوایە
جەماوەری خەڵکی کوردستان.. پیشمەرگە قارەمانەکان
دوو ستراتیج و دوو تەکتیک
کێ ئەتوانێت شەیتان بدۆزێتەوە
کورسیەکەی یوسف مەحەمەد
1234