بۆچی ئەوەی لەپەرلەماندا کرا مایەی قبووڵکردن نییە؟

د. ئاراس عه‌بدولکه‌ریم
دەرهەق بەو لێدوانەی سەرۆکی حکومەت لەمەڕ هەڵوێستی پەرلەمانتارانی لایەنە بەشداربووەکانی لیژنەی یاسایی پەرلەمان، لەملاولا دەنگی ناڕەزایی لەو لایەنانە بەرزبووەوە و بە شێوازی جیاجیا کەوتنە وەڵامدانەوە، وەڵامگەلێکی بێ بەڵگە و لۆجیک کە کەم و زیاد بەلای کرۆکی بابەتەکەدا نەچوون، بەڵکو بە دیوێکدا کەوتنە بالۆرەی دروشمگەلی وەک شکۆی پەرلەمان و سەروەریی یاسا، تا ڕاددەی هەندێکیان ئەو لێدوانە بە هەڕەشە بۆسەر پەرلەمان مەزەنە دەکەن!
 
بابەتەکە بۆخۆی سازانی سیاسییە، پرۆسەی سازانیش بریتییە لە ڕەتکردنەوەی پرەنسیپی زۆرینە و کەمینە و تێپەڕاندنی هەرشتێک لە میانەی دەنگی زۆرینەوە. وەک چۆن سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێری پەرلەمان لە بنەڕەتدا سەرۆک و سکرتێری پەرلەمانێکی تەوافوقین و بە سازان ئەو پۆستانەیان وەرگرتووە نەک لە میانەی شایستەیی دەنگی حیزبەکانیانەوە. لەم ڕاستییەوە لۆجیک ئەوەیە کە هەر شتێک بە میکانیزمی دەنگی زۆرینە کاری پێبکرێت دژی بنەمای سازانی سیاسییە، هەربۆیە ئەوەی پێشتر پەرلەمانتارانی ئەم چوار لایەنە کردوویانە و ئەوەش کە لە لیژنەی یاساییدا کراوە و دەکرێ، دەقا و دەق دژی پرۆسەی سازانی سیاسییە لە هەرێمی کوردستاندا. 

ئەو لێدوانەی سەرۆکی حکومەتیش دەقا و دەق لەو بڕوایەوە دێت کە ئەوەی لە پەرلەماندا کراوە دژی پرەنسیپی سازانی نیشتیمانیە بۆیە قابیلی قبوڵکردن نییە. ئیدی بەهەر دیوێکدا ماکینەی میدیایی هەر لایەنێک بیەوێ ڕاستییەکان ئاوەژوو بکات، ناتوانێ ئەو ڕەشە بکاتە سپی و تێکدانی پرۆسەی سازانمان بە هەوڵدان بۆ سازانی نیشتیمانی پێبفرۆشێت. 

با لەوە گەڕێین کە کەسانی سیاسی ئەوتۆ لە سەرەوەی هەرەمی ئەو لایەنانەدا لەم بارەیەوە لێدوانی ئەوتۆیان داوە کە زیاتر بە نوکتەی سیاسی دەچێ، وەک ئەوەی بەڕێزێک فەرمووبووی (ئێمە سوورین لەسەر داخوازییەکانی خۆمان و لەگەڵ سازانی سیاسیداین)!! ئاخر ئەگەر هەر سووریت لەسەر قەناعەتی خۆت، بۆچی باس لە سازان دەکەیت، ئەگەر مەبەستیشت سازانە چۆن دەڵیی سوورین لەسەر داخوازییەکانمان؟! هەی عاقڵ گیان!!


07/08/2015



وتارەکانی تری نوسەر