( ئاغا ) لە سلێمانی نییە !

د. ئاراس عه‌بدولکه‌ریم
 سەردەمانێک، وەک دەڵێن "هێشتا مەلیک مابوو"، لە دەڤەری دزەییان، پیاوێکی سەنگین و عاقڵمەند بە ناوی "سۆفی عەوڵا" هەبوو، ناسراو بەهەقبێژی و لەخواترسی، زۆرجار گەر قسەی ڕەقیشی کردبان، هێند بە شیرینی دەریدەبڕی، خەڵکی وەک قسەی نەستەق و حیکمەتێک وەریاندەگرت. ئەم زاتە تا لە ژیاندا بوو کاری سەرەکی هاتنە دەنگبوو لەسەر داوا و گازندەی خەڵکی ڕەش و ڕوت. جارێک بۆ گەیاندنی گلەیی ئەهلی گوندێک لە ڕەفتاری چەند کەسێکی گوندێکی هاوسێیان، ڕێی گوندەی دووەم دەگرێتە بەر و ڕاستەڕێ بەرەو دیوەخانی ئاغا دەچێ و خۆی دەکات بە دیوەخانا و پاش سڵاوکردن و وەڵامی ئەهلی دیوەخان، هەر بە پێوە دەڵێ: -

کامتان کوێخای دەرەجە یەکن؟

- ئامادەبووان لە یەکدی ڕادەمێنن و یەکێکیان دەڵێ:

- تۆ کە هاتوویە دیوەخانی ئاغا، چما لە کوێخا دەپرسیت و پرسیار لە ئاغا ناکەیت؟.

سۆفیش دەڵێ:

- ئەحمەق، ئەمن گوتم کوێخای دەرەجە یەک، نەمگوت کوێخایەکی دەم ڕووتی وەک تۆ.

ئیدی یەکێکیان هەڵدەستێتە سەرپێ و بە ڕێزێکی زۆرەوە فەرمووی سەرەوەی لێ دەکات. ئەویش بێ هیچ پێشەکیەک دەڵێ "گوێگرە کوێخای دەرەجە یەک" و گلەییەکەی گوندی هاوسێیانی بۆ باسدەکات و پێیدەڵێ:

- ئەمە بە ئەمانەت بگەیەنە بە ئاغاتان، ئەگەر ئاغایەکی مەرد بوو، ئەو دەمە سەلامی منیشی پێبگەیەنە.

هێندەی قسە و کەسایەتی سۆفی، ئامادەبووانی سەرسامکرد، دوو هێندەش پرسیارەکەی لەمەڕ "کوێخای دەرەجە یەک"، بۆیە ڕێیان نەدا بڕوا تا وەڵامی نهێنیی ئەو پرسیارەی لێ وەرنەگرن. سۆفی گوتی:

- دەزانم ئێرە دیوەخانی ئاغایە، بەڵام کە هاتمە ژوورێ و سڵاوم کرد، بە نانەجیبیتان لە خوڵق و ماریفەت نواندن بۆ میوانەکەتان و لاپاڵ کەوتن و لینگ بڵاوەپێکردنتان لەمسەری دیوەخانەوە بۆ ئەوسەری، زانیم ئاغاتان لێرە نیە. کە وتیشم کوێخای دەرەجە یەک، چونکە هەر یەکەتان لای خۆیەوە کەوتە وەڕین و زەڕین، یەک دەڵێ ها چت دەوێ؟ یەک دەڵێ خێرە مامۆ؟ و ها برێ و لەم شتانە. تا ئەو کورتەبنەیەتان عارەقەی خەجاڵەتی هەڵیسانە سەرپێ و بە ماقووڵی قسەیکرد، بۆیە زانیم لەنێو ئەم فرەکوێخاییەدا، ئەو کەرەتان کوێخای دەرەجە یەکتانە. ئەوجا خوابکا ئاغاتان لە نەسلی خۆتان نەبێ، بۆیە گوتم ئەگەر مەرد بوو، ئەوجا سڵاوی منی پێبگەیەنە ".

ئێستا بۆ نوخبە و دنیای سیاسەتکردن لە دەڤەری سلێمانی و دەورووبەری، هەبوونی کوێخایەکی دەرەجە یەک نیعمەتێکی ئیلاهییە، بگرە فریادڕەسێکی کەم وێنەیە کە لانیکەم ئەو وێنە ئاڵۆز و ناجۆرە کاڵبکاتەوە کە خەریکە ببێتە وێنەیەکی (نمگی) بۆ فۆرمی سیاسەتکردن و کاری حیزبایەتی و تەنانەت بۆ خودی نوخبەی سیاسیش لەو دەڤەرەدا.

وێنەیەک کە بە ڕاددەیەک هاوشێوەی دیوەخانەکەی نێو سەرگوزشتەکەی سۆفی عەوڵای ڕەحمەتییە، کە ڕەنگە لەوەدا لەپێشتریش بێت کە گوێلێبوون لە قسەی سیاسەتوانێکی ماقووڵ وەختە ببێتە مەحاڵێکی گەورە، وەنەبێ لەبەر ئەوە بێ کە ئەم شارە لە دۆخی قڕانی کەسانی عاقڵمەند و مشوورخۆری دڵسۆز و سەنگیندا بێت، بەڵکو دۆخەکە بە جۆرێکە کە ئەوەی بازاڕی گەرمە هەمیشە قسەی کوێخا دەمڕووتەکانی سیاسەت و میدیان بە حیزبی و ناحیزبییەوە. مەخلوقگەلیک کە زۆربەیان قارچکییانە هەڵتۆقیون و کەس نازانێ لە کام توونی بابای ئەجێندایە و لە کام گیرفانی لایەن و وڵات و دنیای بزنسەوە هاتوون و سنووری بەرژەوەندییەکانیان تا کوێ بڕ دەکات و بە کام تەونی جالجاڵۆکەیی بەرژەوەندیی لەخۆیان گەورەترەوە شەتەک دراون. گرفتی سەرەکی ئەم دۆخە ئەوەیە کە هەرزە دەم ڕووتەکانی سیاسەت تێیدا، وێڕای ئەوەی بۆ ساتێک ماندوویەتیان نەکێشاوە بۆ ەئو دروشمە باق و بریقانەی کە دەیڵێن و دەیڵێنەوە، بە ڕاددەیەک بەرژەوەندیخوازیشن کە هەمیشە لە بەشدا شەریک و لە بەرپرسیارێتیدا تەریکن. ئەم نوخبەیەی ساڵانێکە هێدی هێدی چ لەنێو جەستەی حیزبدا و چ لە دەرەوە و لە دنیای میدیای گرێدراو بە ئەجێندای حیزبی و سیاسی و بازرگانییەوە، تا دێت زیاتر جێ بە دەنگی سەنگین و عەقڵی سەلیم دەکەن لەو دەڤەرەدا. ئاخر بازاڕی ئەوان لە فەوزای دەنگ و قەیرانی عەقڵدایە. ئەوان کودەتایەکی هێمن و بێدەنگیان بەسەر دەنگی عەقڵدا کرد و حەماسیەتی هەرزەکارانەیان لە ناعەقڵانیترین فۆرمدا هێنایە جێگەی. ئەمە ئەو وێنە ناجۆرەیە کە ترسی ئەوە هەیە ببێتە وێنە (نمگی)یەکەی دنیای سیاسی ئەو دەڤەرە کە بێگومان باڵ بەسەر سەرجەم دنیاکانی ئینسانەکانیدا.

بۆ ئەم تەرزە سیاسی و بازرگانانە، هیچ شتێک هێندەی نانەوەی بارگرژی ژینگەی لەباری گەشەکردنیان نیە و هیچ شتێک هێندەی ئارامی و میکانیزمە عەقڵانی و مەدەنیەکان تەنگەنەفەسیان ناکات.

لەم دۆخەدا، ئیدی ئێمە لەبەردەم نوخبەیەکداین کە هەریەکە و لە سووچێکی دیوەخانی حیزبەکەیەوە قاچی لێ ڕاکێشاوە و دەڵێ و دەڵێ. بۆیە مەحاڵە نەک هەر تۆ بتوانی تێیان بگەیت، بەڵکو خۆشیان لەخۆیان تێبگەن؛ ئاخر لای ئەوان کوا لێکتێگەیشتن بابەتی قسەکانیانە؟

دیسان دەڵێم دەنگی عەقڵ و گوتاری سەنگین و هەڵوێستی کردەییانەی دروست بۆ ئەو دەڤەرە فریادڕەسێکی کەم وێنەیە، ئەوەش دەزانم کە ئەمە کارێکی چەند زەحمەتە و تەنانەت بۆ هەر سیاسەتوانێکی سەنگین لەو دەڤەرەدا چ موجازەڤەیەکیشە؛ بەڵام دۆخەکە بە جۆرێکە کە ئەوە دوا هیوامان بێت بۆ کاڵبوونەوە و سڕینەوەی ئەو وێنە قێزەونەی کە نوخبە بەرژەوەندیخوازە بازرگانە هەرزەکانی سیاسەت کردویانەتە لافیتەی سیاسی بە باڵای ئەو دەڤەرەدا بڕیویانە. هەمووشی لەپێناوی خەڵک و لەسەر مافی خەڵک و بەناوی خەڵکەوە و خەڵکیش جگە لە بابەتێک بۆ نێو وتار و بەیاننامە و دروشم هیچیدی نیە. بەبێ گسکدانێکی سەرتاپاگیری ئەو دەڤەرە لەو کوێخا دەمڕووتانەی سیاسەت، گێڕانەوەی ئەو دەڤەرە بۆ ماڵێکی سەنگین و جوانی وەک جاران مەحاڵێکی گەورەیە. ئەوەشم لەیادنەچووە کە تەنها باسم لە کوێخای ماقووڵ و دەرەجە یەک کرد و کەم تا زۆر ناوی (ئاغا)م نەبرد. ئاخر ئاغا لەوێ نیە، (ئاغا) لەو دیوە، ئەودیو..!!



23/12/2017



وتارەکانی تری نوسەر