سەرۆکی حکومەت خاتری گرتوون..دوو پێشنیازەکە (سەیر) نین، سەمەرەن

د. ئاراس عه‌بدولکه‌ریم
هەردوو پێشنیازەکەی چوارلایەنەکە بۆ پارتی، کە تایبەتن بە پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم، لە کورتترین پێناسەدا بریتین لە پەراوێزخستن و ڕاستوچەپ هێنان بە ئیرادە و دەنگی گەلدا. 

لۆجیکی ئەم دوو پێشنیازە (ئەگەر بکرێ بە لۆجیک ناوببرێت) گەورەترین سووکایەتی بە سەرجەم هاووڵاتیانی ئەم هەرێمە دەکات، بەوانەشەوە کە دەنگ و متمانەیان پێداون! ئاخر بەپێی ئەم لۆجیکە دەنگی هاووڵاتیان ئەو سەنگەی نییە کە بۆی هەبێ لە مەسەلەی بڕیاردانی سیاسیی هەرێمەکەیاندا بەشدار بن.

 لۆجیکی ئەم چوار حیزبە بە هاووڵاتیان دەڵێ: ئەگەر بڕیاری  دەستنیشانکردنی سەرۆکی هەرێمەکەمان بەدەست ئێوە بێت، ئەوا ئەو سەرۆکە نابێت هیچ دەسەڵاتێکی هەبێت، بەڵام ئەگەر بڕیار بەدەست ئێمە (حیزبەکان) بێت، ئەوا دەبێ سەرۆکێکی بەدەسەڵات بێت! دیارە ئەم قەناعەتە (سەیرە)ش لەو بروایەیانەوە دێت کە هاووڵاتیان وەک (قاصر) دەبینن و لەو ئاستەدا نایانبینن کە بایی ئەوەندە هۆشیارییان هەبێت بزانن کێ شیاوی ئەو متمانەیەیە کە ببێتە سەرۆکیان. بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە خودی ئەم قەناعەتەش لە دووفاقییەکی (سەیر)دایە، چونکە ئەگەر هاووڵاتیان لەو ئاستەدا بن کە بۆیان هەبێ نوێنەرانیان لە پەرلەمان دەستنیشان بکەن، چما لەو ئاستەدا نین کە بتوانن سەرۆک دەسنیشان بکەن؟!

 بەڕاستی ئەم دوو پێشنیازەی ئەو چوار لایەنە بەڕێزە بە ڕاددەیەک پڕ گرێ و گۆڵن کە بەکارهێنانی زاراوەی (سەیر) بۆیان، وەک ستایشکردن وایە. با لەوەش گەڕێین کە ئەو دوو پێشنیازە کە هەر یەکەیان دوو خاڵ لەخۆ دەگرێت، کامیان بگریت خاڵێکیان ئەوەی دیکەیان ڕەتدەکاتەوە، ئاخر چ بەپێی لۆجیک و عورفی سیاسی و چ بەپێی ئەزموونی هەموو گەلان و چ سوننەتی دیموکراسیش خۆی، ئەو سەرۆکەی ڕاستەوخۆ لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردرا، نابێ و ناکرێ سەرۆکێکی تەشریفاتی بێت.

 بەدەر لە هەموو ئەو خاڵە (سەیر)انەی پێشوو، پرسیاری سەرەکی لەم پرسەدا ئەوەیە کە ئایا کوردستان (بەتایبەت لەم قۆناغە هەستیارەی ئێستایدا) پێویستی بە سەرۆکێکی بەهێزە یان سەرۆکێکی لاواز و کارتۆنی؟! ئایا ئەو کەسایەتییەی کە لەسەر ئاستی دنیا نوێنەرایەتیمان دەکات، پێویستە خاوەن متمانە و پشتیوانیی ڕاستەوخۆ بێت لەلایەن گەلەوە یان زادەی ڕێکەوتن و سەفەقەی حیزبییانە بێت؟ بۆیە دەرهەق بەوانەی کە پێیان وایە کوردستان لەم دۆخە هەستیار و چارەنووسسازەدا پێویستی بە سەرۆکێکی تەشریفاتی هەیە و دەنگ و ئیرادەی گەل ئەو سەنگ و ئیعتیبارەیان نییە کە بە بڕیاری ئەوان سەرۆکێکی خاوەن دەسەڵات و بەهێز دیاریبکرێت، خاوەن لۆجیک و قەناعەتێکی ئەوتۆن کە وشەی (سەیر) بۆ تەعبیرکردن لەو قەناعەت و عەقڵیەییەتە بەرژەوەندخوازە، ستایشکردنە بۆیان نەک تانە لێدان، بۆیە بە بڕوای من سەرۆکی حکومەت کاتێک وشەی (سەیر)ی دەرهەق بەو دوو پێشنیازە بەکارهێنا، بە ڕادەیەک خاتری گرتوون، کە ئەگەر خودی خۆیان، بەڵام بە ویژدانەوە (ویژدانی حیزبییانەیان نا) لەمەڕ ئەو پێشنیازانەیان  بدوانایە، تانە و تەشەری جۆراوجۆریان لێدەدا. 

ئاخر بە ڕاستی ئەو دوو پێشنیازە، ئەگەر سەیر نەبن، ئەوا سەمەرەن..      


30/09/2015



وتارەکانی تری نوسەر