نێو بەرمیلە نەوتەکانیش ببینن..

د. ئاراس عه‌بدولکه‌ریم
لە نێو میددیاکانماندا زۆر گوترا و زۆر دەگوترێ لەمەڕ سیاسەتی نەوتیی حکومەتی هەرێم و زۆربەی گوتنەکانیش بە چواردەوری بەرمیلە نەوتەکاندا دەسووڕێنەوە و کەم تا زۆر توخنی نێو بەرمیلەکان ناکەون.

 لە سەر ئەم سیاسەتە و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان زۆر گوترا کە گوایە ئەو بەڵێنانەی کە پێشتر ئەم وەزارەتە لەمەڕ بەرهەمی نەوتیمان دابووی، بەجێی نەگەیاندن و خەڵکی تووشی بێهیوایی کردووە. بەڵام کەم تا زۆر توخنی سەرەکیترین هۆکاری ئەم واقیعە قەیرانبارە ناکەون کە پەیوەستە بە سێ کێشەی سەرەکییەوە، گەر بشێ بڵێم سێکوچکەی کێشەکان کە ئەوانیش (دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعش و تەگەرەکانی بەغدا)ن.

 ساناترین ڕاستی ئەوەیە کە هۆکارێکی سەرەکی کۆی قەیرانی ئابووریمان پەیوەستە بەو دابەزینە خێرا و چاوەڕواننەکراوەی نرخی بەنزینەوە کە جگە لە ئێمە و عێراق زۆر وڵاتی تریشی دووچاری کورتهێنانی دارایی و قەیرانی ئابووری کردووە.

 ئەگەر نرخی نەوت بەو شێوەیە دانەبەزیبایە، تەنها بەرهەمهێنان و فرۆشتنی سێسەد هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەس بوو تا هەرێمی کوردستان زیاد لە ڕێژەی ١٧./٠ی بودجەی عێراق بەو بڕە نەوتە بۆخۆی دەستەبەر بکات، لە کاتێکدا ئێستا زیاد لەو بڕە نەوتەش بەرهەمدەهێنرێ و فرۆشی ناگاتە نیوەی ئەو ڕێژەیەی پێشوو کە ئاماژەم بۆکرد، نەبینینی ئەم ڕاستییە تەنها لە نەزانییەوە نایەت بەڵکو مەیلێکی ئاشکراشی تیایە بۆ شاردنەوە و لەپەراوێزنانی ڕاستییەکە.

 شەڕی داعشیش وەک هەر جەنگێک قەیرانهێن و کارەساتبارە و بەر لەهەر کایەیەک کاریگەریی نەخوازراو بۆسەر ئابووری و باری ژیانی هاوڵاتیان دەخوڵێنێ، لەولایشەوە بیانووەکان و فشار و ئەو تەگەرە جۆربەجۆرانەی کە بەغدا بە بەردەوامی دەیهێنێتە ڕێی هەولێر، بابەتێکە کە نەورووژاندن و خۆلێگێلکردنی هەرگیز نیەتێکی ساف و بێ مەبەستی لە پشتەوە نییە. 

کێشەی سەرەکی بوونی ئەم سێکوچکەی کێشانە نییە، بەڵکو نەبینین و قسەلێنەکردنیانە. ئاماژەکردنە بۆ بەرمیلی نەوتەکان بەبێ ئەوەی باس لە نرخەکەیان بکرێت، قسە کردنە لە دەرەوەی کێشەکە و خۆدزینەوەیە لە کرۆکی بابەتەکە. هەموو مەبەستەکەش یەکسانکردنی سیاسەتی نەوتیی حکومەتە بە شکست، لە کاتێکدا ئەوەی لە ئارادایە واقیعێکی سیاسی- ئابووری- ئەمنی ئاڵۆزی پڕ لە کێشەی نێو دۆخی جەنگ. ئەمە هەرگیز بەو مانایە نایەت کە لە واقیعێکی لەم شێوەیەدا دەبێ سیاسەتی ئابووری سەرکەوتوو نەبێت، بەڵام باسکردن لەم سیاسەتە بەبێ ئاماژەدان بە واقیعە سیاسی-ئابووری-ئەمنییەکەی و کێشە سیاسییەکانی دەرەوەی ئیرادەی خۆی، لەباشترین حاڵەتدا خوێندنەوەیەکی دروست و واقیعبینانە نییە. 


25/03/2015



وتارەکانی تری نوسەر