خاڵە هاوبەشەکانی نێوان گەنجە جنێوفرۆشەکان

گۆران هەڵەبجەیی
شاراوەنیە کە هەرێمی کوردستان لەمێژە گیرۆدەی دەستی  ڕەوتێکی ئیسلامی تووندڕەوی جیهادی بووە. ڕابەرانی ئەم ڕەوتە لە زۆرێک لە مەلاو بانگخواز پێک دێن، کە هەرشتێک لەخۆیان نەچێت دژایەتی دەکەن و ڕەتی دەکەنەوە، باگەر گرووپ و حیزب و تاکی تەواو ئیمانداریش بن.

لەکن ئەمانە هەمووخۆشی و جوانیەکانی ژیان هیچ بایەخێکی نیەو تەنها پێوەریان بۆ چالاکیەکانی ژیان گەڕانەوەیە بۆ  [١٤٠٠]ساڵ لەمەوبەر ،واتە گونجاندنی کۆمەڵگایە لەگەڵ ئەو سەردەمەدا نەک گونجاندنی خۆیان لەگەڵ سەردەم و پێشکەوتنەکانیدا.

ئەم ڕابەرە تاریکپەرستانە بە هەڵوێست و خیتابە مەترسیدارەکانیان  مێشکی   ژمارەیەکی یەکجار  زۆر گەنجیان  شۆردوەتەوە، بەجۆرێک   لە شارستانیەت و زانست و خۆشیەکانی ژیان دایانبڕیون  و لەخۆیان هارتر و تووندهاژۆترن.

کاریگەری ئەم  مەلا تاریکپەرستانە گەشتووەتە هەندەرانیش بەوەی  زۆرێک لە  گەنجەکان پەیڕەوی هەمان خیتاب و ئەقڵیەت دەکەن و هەندێک جار زیادەڕۆیی تێدا دەکەن .

ئەوەی جێگەی سەرنجە خاڵەهاوبەشەکانی نێوان  ئەم گەنجانەیە کە وەک خەسڵەتێکی نەرێنی کۆیان دەکاتەوە کە گرنگەکانیان  ئەمانەن:

 + زۆربەی هەرەزۆریان لەئاستێکی زۆر نزمی خوێندەواریدان، بەئەندازەی  بێ تواناییان لە نووسینی  ڕستەیەکی بێ هەڵە.

+ لەبارەی خوێندنیشەوە ،زۆرینەیان قۆناغی بنەڕەتیان تێنەپەڕاندوە.

+ناشارەزاییان لەزمانی عەرەبیدا کە قورئانی پێ نووسراوە.

+نامۆییان بە شەریعەت و قورئان و حەدیس و تەفسیری ئایەتەکان ،بەجۆرێک لە کاتی پرسیاردا لەوبارەوە خۆیانی لێ دەدزنەوە.
+ بەهۆی پێگەی کۆمەڵایەتیانەوە کە دەرفەتی ژیانێکی باشیان بۆ هەڵنەکەوتوە  بەکاردەهێنرێن.

+دووریان لەدنیای کتێب و هونەرو ئەدەب و خۆپڕچەککردن بە بابەتەکانی ڕووناک کردنەوەی هزر.

+مزگەوت یەکەم وێستگەی ئاشنابوونیانە بە ئاین و بیستنی ختابی کەراهیەت لەدەمی مەلاکانەوە. 

+بەکارهێنانی بەردەوامی  تاکە چەکی دەستیان کە ئەویش جنێو،قسەی ناشیرین،تەکفیر کردنی بەرامبەرە ، بەتایبەتی بەکارهێنانی وشەی[مولحید] کە بە ناوهێنانی زۆر خۆشحاڵ دەبن.

+ئەمانە لەدایک بووی ساڵانی دوای ڕاپەڕینن ،واتە لەژێر دەسەڵاتی کوردی خۆماڵیدا گەورەبوون و پەروەردەی ئەو سەردەمەن.

+ خاک ،وڵات، نیشتمان، نەتەوە لەکن ئەمانە هیچ بایەخێکی نیەو دەیانکەنە قوربانی مسوڵمانێکی ئیماندار ،ئیدی لەهەرکوێ بێت.{یەکێک لەم گەنجانە لەفەیسبووک بێ شەرمانە نووسیبووی ،هەموو کوردوکوردستان دەکەمە قوربانی تاکێک پێڵاوی مسوڵمانێکی لەخواترس لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بێت.}

+ خۆیان دوورخستوەتە لە خۆشیەکانی ژیان و زۆربەی کاتیان بەفێڕبوونی خیتابی کەراهیەت بەسەردەبەن..
+دابڕاون  لەکۆمەڵگا ،وشک و گۆشەگیر و کەمدوون.

+هەوڵەدەن کۆنترۆڵی ڕەفتاری خێزانەکانیان بەتایبەتی خوشکەکانیان بکەن  بەجۆرێک  هەندێک جار فشارەکان هێندە بەهێز بووە خوشک بەرگەی نەگرتووە  بە خۆکووشتنی خوشک کۆتایی هاتوە ،یا لەلایەن براوە لەسەر شتێکی بێبایەخ کوژراوە. 

پرسیار ئەوەیە لە ئایندەدا ئەم گەنجانە بەم فکرە مەترسیدارایەنەوە چ کارەساتێک بۆکۆمەڵگا دەخولقێنن؟

13/07/2023



وتارەکانی تری نوسەر