بەر لە(١٠٠ ساڵ) لەم هۆتێلەدا کورد هەڕاج کرا

گۆران هەڵەبجەیی
‌کەم کەس هەیە لە ئێمەی کورد ناوی لۆزانی نەبیستبێت، ئەو ناوە نەگریسەی کە وەک مۆتەکە [١٠٠] ساڵە بەدوامانەوەیەو لەهەست و دەرون و ویژدانمان و کەرامەتمان دەخوات.

ناوی لۆزان بۆئێمەی کورد  ناوێکی کارەساتهێن ، بێزارکەرو ناخۆشە وەلێ بە پێچەوانەوە  ئەوناوە بۆخۆدی باژێڕەکە  یانی مەڵبەندی شارستانیەت وگەشت و جوانی  وئارامی. 

‌لۆزان ناوی باژێڕێکی وڵاتی سویسرایە ئەو باژێڕەی بەر لە( ١٠٠)ساڵ لە هۆتێل[ Chateau d Ouchy   ]  وڵاتە زلهێزو  باڵادەستەکان  کوردستانیان بەپێی بەرژەوەندی خۆیان دابەشکرد.

‌پاش کۆتایی یەکەم جەنگی جیهانی، وڵاتە براوەکان و هەندێک وڵاتی دیکە لەوێدا کۆبوونەوە بۆ دابەشکردنی  ئەو دەڤەرانەی لەژێر دەوڵەتی عوسمانیدا بوون ،کە یەکێکبوو لە وڵاتە دۆڕاوەکان.

‌بەو پێیەی کە بەشێکی زۆری کوردستان دەکەوتە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی، هەر بۆیەش دابەشکردنە کوردستانیشی گرتەوە.ئیدی لەوێدا خاکی کوردستان خرایە بازاڕی هەڕاجەوە هەروەک چۆن لە کۆندا مامەڵە بە کۆیلەوە دەکراو بێ خواست و ویستی خۆی دەفرۆشرا، هەرواش کوردستان بەبێ خواستی خەڵکەکەی لەبازاڕی لۆزاندا  سەوداومامەڵەی پێوە کرا.

‌بەهۆی زیرەکی ئەتاتورک وارسی دەوڵەتی عوسمانی و هاوکات بەهۆی سازشی زلهێزەکان بەتایبەت فەرەنساو ئینگلترا ،ئاکامەکەی بەو جۆرە شکایەوە کە خۆیان لەسەری ڕێکەوتبوون و کوردستان  بەفەرمی بەسەر چوار وڵاتدا دابەشکرا.

ئیدی لەوساتەوە زوڵم و ستەم و سڕینەوەی شوناسی کورد بە بەرچاو و بێدەنگی ئەو زلهێزانەوە بەردەوامە.

‌ئەوە ماوە بڵێم ناوی ئەو ڕێکەوتنە بەناوی هەمان باژێڕەوە نراوە، واتە ناوی( ڕێکەوتننامەی لۆزنە) کە  بڕیارەکانی ڕێکەوتننامەی سیڤەری سڕیەوە،کە تێیدا بڕیاری درووستکردنی وڵاتێک بۆکوردکرابوو .

‌لە ناو هوتێلەکە لەتەنیشت[ڕەسەپشیۆن] لەسەر تابلۆیەکی مەزنی مەڕمەڕ،  کاتی  بەستنی کۆنفرانسەکەو  ناوی وڵاتانی بەشداربووی لەسەریاداشت کراوە کە بەم جۆرەیە:

‌ڕۆژی بەستنی کۆنفرانسەکە : ٢٣.٧.١٩٢٣
و‌ڵاتانی بەشداربوو: بەریتانیا، فەرەنسا،ئیتالیا، یابان ڕۆمانیا ،سەربیا ،تورکیا.

23/07/2023



وتارەکانی تری نوسەر