هاوڕێ سەلام شوعیەکی مەیدانی کەم وێنە

گۆران هەڵەبجەیی
شوعیەت  وێرای  ئەوەی  بیروباوەڕ و ئیلتزامی حیزبیە،هاوکات ،هەڵوێستە،کردارە،چالاکیە،کاری جەماوەریە،ئامێتەبوونە بە چینە  هەژارو  چەوساوەکان، هاوکاریکردنی کەسە بەشمەینەت وکەم دەرامەتەکانە ،بەگژاچوونەوەی دەسەڵاتە گەندەڵ و نادادپەروەرەکانە.
ئەم خاڵانە جەوهەرین و مەرجە لە هەموو  شوعییەکدا  بەرجەستەبکرێت،جا گەر شوعیەک ئەم خەسڵەتە  جەماوەریانەی تێدا نەبوو ،تەنها ئیکتفای  بە ئیلتیزامە حیزبیەکەی کرد و لایەنە گرنگەکانی حیزبایەتی فەرامۆش کرد ،ئەوە  شوعیەکی نووقسانە و پێویستی بە پەروەردەکردنی شوعیانە هەیە.
گەر کەسێک ئیلتزامی حیزبی نەبێت بەڵام دۆستی حیزب بێت و وەک شیوعیەک ناسرابێت ،لە کاری مەیدانی و جەماوەریدا سەرکەوتووبێت،  لەکن من ئەو دۆستە کاراوچالاکە، سەدقات لەپێشترە لە هاوڕێیەکی ناچالاکی قات وڕیبات لەبەری پێڵاو بریقەداری دانیشتووی پشتی مێزی ڕازاوەی نووسینگەکەی کە گوناهە پێی بگووترێت هاوڕێ.
لەماوەی ڕابردوودا هەواڵی نەخۆشکەوتنی هاوڕێ سەلام عەبدوڵای خانەقینمان بیست،ئەم هەواڵە زۆر بەخێرایی بڵاو بوویەوە،هەموانی نیگەران و خەمبارکرد.وێنەکەی هاوڕێ سەلام تا چەندڕۆژێک لە فەیسبووک هەواڵی سەرەکی بوو  .،بەوەی زۆربەی هاوڕێیان و دۆستان هەواڵەکەیان پۆست کردبوو لە پاڵیدا ئومێدی چاکبوونەوەی خێرایان بۆ دەخواست.
دیقەتم دا هەندێک بەڕێز لەوانەی هەواڵی نەخۆشیەکەی هاوڕێ سەلامیان پۆست کردبوو کەسانی زۆر دوورن لە هزری کۆمەنیستی و چەپ،بەڵکو ناشیونالیست یا لیبرال یاخود دوورن لە سیاسەت و ئایدۆلۆژیا ،ئەوەی هەستی ئەوانەی بزوانت کاروچالاکیەکانی هاوڕێ سەلام بوون.
ئاخر هاوڕێ سەلام لەوجۆرە کەسانە نیە حەزبە خۆدەرخستن بکات یا پروپاگەندە بۆخۆی بکات بەڵکو ئەوە چالاکیە[هەرەوەررزیە] جوان و بەرهەمدارەکانین کە گەواهی بۆدەدەن و باڵدەگرن و بە هەموو دەڤەرەکانی کوردستاندا  بڵاودەبنەوە، و لەڕێگەی سوشیالمیدیاوە  دەگەنە لای ئێمەی تاراوگە نشین.
ئەوەی هاوڕێ سەلام کردویەتی بەهەمووکەس ناکریت ،ئەو لەناوجەرگەی شارستنیەتی ئەوروپاوە دەستبەرداری هەموو ئاسانکاری و خۆشیەکانی ژیان بووە و گەرایەوە بۆ باژێڕی خانەقین ،ئەو باژێڕەی بێبەشە لە پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیان .هاوڕێ سەلام جوڵەی خستە باژێڕەکەە ،گەنجانی جوڵاند، ژیان و ئومێد و خەندەی  بۆ  هێنان. بەڵێ ئەو بە کۆمەڵێک خەون و پرۆژەوە گەڕایەوە کەمەبەست لێیان خزمەتکردنی با ژێڕو کەسە نەدارو هەژرەکان بوو .
لە درووستکردنی قوتابخانەوە تا قیرتاوکردنی شەقام نوێژەنکردنەوەو بۆیاخ کردنی قوتابخانەو شوێنەگشتیەکان تادەگاتە دابینکردنی خانوو بۆ خێزانە بێشوێن و ڕێگەو پاشانیش چاندنی نەمام و سەوزکردنی دەورووبەری خانەقین.
دەمێک پرۆژەیەک دەدرێتە  کۆمپانیاکانی دووحیزب ،جگە لەوەی لەکاتی دیاریکراوبۆی دوا دەکەوێت،هاوکات بەسەقەتی و پڕکەمووکووڕی تەسلیم دەکرێت کە پارەیەکی زۆری تێداخوراوە .
لەبەرامبەردا ئەو پرۆژانەی هاوڕێ سەلام جێبەجێیەیان دەکات،یەک دیناری نەدەسەلاتی کوردی نەبەغدا نە ڕیکخراوە بیانیەکان کە لەکوردستان هەن هیچی ئەم لایەنانەی تێدا نیە،بەڵکو بە {هەرەوەرزی} ،بە کۆمەکی دارایی مرۆڤدۆستان لە ناوەو هەندەران،بە بەخشینی کارگە گچکەکانی کوردستان بە بەخشینی بلۆک،چیمەنتۆ،شیش،بۆیاخ وزۆر مەتریالی دیکە.
هاوڕێ عەبدوڵا وێرای ئەوەی خاوەنی بیرۆکەو  داینەمۆی ئەو پرۆژانانەیە هاوکات خۆی وەک کرێکارێکی کارا لەو پرۆژانەدا کاردەکات، بەوەی  چیمنەنتۆ دەگرێتەوە،بلۆک دادەنێت،بۆیازخ دەکات، ئاوڕشێن دەکات و زۆر کاری دیکە.
وێرای کاری پرۆژە هاوڕێ سەلام لەبواری سیاسی کۆمەڵایەتی،پەروەردەیی،هونەری کاردەات،لێرەدا جێگەی خۆیەتی کە ئاماژە بەیەکێک لەو کارانەی بکەم کەپتر لە دەساڵ ئەنجامیدا  ئەویش بیرۆکەی[قەڵەم یا خوێندن بەزمانی دایک] بوو کە کاریگەری نەک هەر لەباشوور بەڵکو گەیشتە باکوورو هەندەرانیش.
ئەوەماوە بڵێم هاوڕێ سەلام ڕێز و خۆشەویستی خەڵکی خانەقین و سەرجەم مرۆڤدۆستانی بۆ خۆی مسۆگەر کردوە.سومبڵی  کاری هەرەوەرزی و ڵسۆزی و لەخۆبووردەیی و پاڵپشتی هەژارانە.
من بەشبەحاڵی خۆم درێغیم نەکردوە لە گرۆیی ماددی بۆ پرۆژەکانی هاوڕێ سەلام ،لەمەودا زیاتر هاوکاردەبم،بۆیە داواکارم کە هەمووان بەتایبەتی ئەو بەڕێزانەی لەنزیکەوە ئاگاداری چالاکیەکانی هاوڕێ سەلامن  پتر دەستی هاوکاری ماددی بۆ درێژبکەن تا لە کارە بەرهەمدارەکانی بەردەوامبێت.
هاوڕێ سەلامی بەکردار شیوعی لە ئێستادا باری تەندرووستی باشەو گەڕاوەتەوە بۆ خانەقین .جێگەی خۆیەتی ستایش و سوپاسی ئەو کەسانە بکرێت کە لەدەوری بوون،هاوکاریان کرد،پەرۆشی تەندرووستی بوون،هەروەها ئەو پزیشک و  نەخۆشخانانەش کە  گرنگیان بە چارەسەرکردنی دا، بەتایبەتی نەخۆشخانەی بەڕێز کاک فاروق کە بێ بەرامبەر چارەسەری هاوڕێ سەلامیان کرد. لەئێستادا هاوڕێ پێویستی بەپشووی جەستەیی و دەروونی هەیە ،بۆیە  ئومێدەوارم پاش وەرگرتنی پشوو بگەڕێتەوە سەر چالاکیە مرۆییەکانی.



08/08/2023



وتارەکانی تری نوسەر