برای زۆر بەڕێزوخۆشەویستم کاک ئەبوبەکر هەڵەدنی

عەبدولکەریم هەڵەدنی

وێڕای سڵاوی گەرم و بێ پایانم
سەبارەت بە ڕونکردنەوەکەتان لەسەر وتەیەکی مامۆستا شێرزاد حەسەنی نوسەروڕۆشنبیرو پەروەردەکار تکایە ڕێگەم پێبدەن چەند ڕاستیەک بخەمەڕوو:

١-مامۆستا شێرزاد هیچ وتەیەکی دژی ئاین نەوتوە و ناڵێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە وەک من لە کۆتایی هەفتاکانەوە دەیناسم ومامۆستام بوە، ئەو بە قوڵی و بەباوەڕی تەواوەوە ڕێز لە هەڵبژاردنی ئازادانەی تاکەکان و بیروبۆچون و ئاینی هەر مرۆڤێک دەگرێت و گرتویەتی، ئەوەی ئەو باسیکردوە مەبەست لە پرۆسەی پەروەردە ومیکانیزمەکانی گەیاندنی پەیامی ئاینیە بە شێوە توندڕەوەکەی کە خۆی شایەتحاڵی ناو بوارەکەیە لەماوەی نزیکەی نیو سەدەدا .

٢-مەبەست لە داعشبون تەنیا ئەو کۆمەڵە چەکدارە توندڕەوە نیە لێرەولەوێ کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام ئەدەن کە ڕوبەڕوبونەوەیان هێندە سەخت و دژوارنیە، بەڵکو مەبەست لە بونی فکری توندڕەوی و فاشیستانەیە بە توندڕەوی ئاینی و نەتەوەیی وخێڵەکی و ....هتد وە بێگومان ئەم دۆخە ناوەکی و ناوخۆییەو لەناو هەناوی کۆمەڵگای کوردی خۆیدا ڕەگوڕیشەی هەیە و ڕۆژانە لە شێوەی ڕق وکینە ودڵڕەقی و توندوتیژی و هەڵوێستی نامرۆڤانە و نەخوازراودا خۆی بەیاندەکات و بەردەوامی هەیە .

٣-مامۆستا شێرزاد حەسەن وەک نوسەر وڕوناکبیر و وەک پەروەردەکارێک هەموو تەمەنی خۆی و ئەدەبەکەی لە خزمەتی پێگەیاندنی مرۆڤی ئازاد و ئاشتیخواز و نەرمونیاندابوە، مرۆڤێک ڕێگە بەخۆی نەدات دەستدرێژی بکاتە سەر ئازادی و بیکردنەوە و ئاین و پەیڕەوی ئەوانیتر، بەڵام لە ئاست پێشێلکردنی مافی ئەوانیتردا، هەرکەسێک بوبێت ( بە ئیسلامیەکانیشەوە) هەرگیز بێدەنگ نەبوەونابێت . 

٤-گەلانی مەزن کەسایەتیە گەورەکانیان بەرز هەڵدەسەنگێنن، شێرزاد حەسەن فیگەرێکی گەورەی ناو ئەدەب و ڕۆشنبیری و پەروەردەی ئێمەیە، دەستبردن بۆ ژیان وکەسایەتی ئەو( کە ڕونکردنەوەکەی بەڕێزتان بەدوای خۆیدا هێنای)ڕاستی بۆچونەکانی مامۆستا شێرزاد حەسەنی سەلماند، من لەو باوەڕەدابوم هەستکردن بە بەرپرسیارێتیتان و تێگەیشتنتان بۆ ئەو ڕاستیانە ڕێگەی ئەوەی نەدەدانێ وەڵامێکی ڕوکەش و سیاسیانەی وتەکانی ئەو نوسەرە ئازیزەمان بدەنەوە، گەر درکتان بە ئاکامی ترسناکی وەڵامدانەوەکەتان نەکردبێت(هیوادارم کەوابوبێت)ئەوەیان بێگومان دەبێت بە ئەزمونێک، گەرچی ئەزمونێکی ترسناکیش بێت، بەڵام دیارە کۆمەڵگای کوردی لێوانلێوە لەوجۆرە ئەزمونانە .

٥-ئێوە خۆتان و بنەماڵەکەتان جگە لەوەی بۆ من کەس وخۆشەویست و ئازیزن و هەمیشە شانازیم پێوەدەکردون و پێتانەوە سەربڵندبوم، لەهەمانکاتدا شەخسی بەڕێزتان بۆ من جێگەی ئومێد وتەماحێکی گەورەبون و لەوەدا وەک ئاینپەروەرێکی هێمن و لەسەرخۆ و ڕۆحانی چاوەڕوانیم لێتان هەبوە و هیوام پێتان هەبوە سنوری دیوە سیاسیەکەی ئاین تێپەڕێنن و(بێگومان کە سیاسەت هەمیشە ناشیرین بوە) دیوە گەش و مرۆڤدۆستیەکەی ئاین زیندووبکەنەوە و گەشەیپێبدەن، بێگومان دەکرێت ئاین ڕۆڵی ئینسانی زۆر گەورە ببینێت و دەشکرێت فکری داعشی لێ بەرهەمبێت، دڵنیام بەڕێزتان وەک ئاینپەروەرێک هەمیشە وەک بەرەولایەنی دیوە مرۆڤدۆستیەکەی ئاین دەبن و دەمێننەوە .
لەکۆتاییدا بەداوای لێبوردنەوە ئەو تێبینیانەی سەرەوەم لێ قبوڵ بکەن.


15/12/2021



وتارەکانی تری نوسەر