ئیخوانەکان سەلماندیان بەشێکن لە پڕۆژەی فاشیزم‌و کلکایەتی

عەبدولکەریم هەڵەدنی


ئەمڕۆ ئەردۆگان بە فاشیستیترین سەرکردەی جیهانی ئیسلامی دەناسرێت، حیزبەکەی ئەردۆگان تەنیا هێزێکی ئیسلامی و ئاینی نیە بەڵکو کۆکتێلێکی فاشیستی ئاینی و نەتەوەپەرستی تورکیایە، لە ئاستی ناوخۆدا بەشێکە لە پڕۆژەی نەتەوەپەرستی توندەڕەوی کەمالیزم، لە ئاستی دەرەوەدا بەشێکە لە پڕۆژەی ئیخوانی جیهانی بە ئاڕاستەی تەماع و دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دێرین، ئیخوانەکانی جیهانی ئیسلامی لە مێژووی دێرینی خۆیاندا هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و تیرۆریان تاقیکردەوە و دووچاری شکستی گەورەبوون، دواتر لە ئەزمونی میسردا ئیخوانەکانی ئەو وڵاتە دوای کەوتنی حوسنی موبارەک هەر زوو پڕۆژەی خۆیان لە دژایەتیکردنی ئازادیە مەدەنیەکان و بە ئیسلامیکردنی سەرتاپای کۆمەڵگانیشانیدا و بۆ جیهانیان دەرخست کە ناتوانن وەک هێزێکی مەدەنی بجوڵێنەوە و پەیڕەوی بەهاکانی دیموکراسیەت بکەن، سەرەنجامیش لە  دەسەڵاتی سیاسی دوورخرانەوە و زۆرینەی میسریەکانیش بەو هەنگاوە دڵخۆشبوون . 

دوای ئەوەی ئەردۆگان دەسەڵاتی سیاسی بەدەستەوەگرت و هەندێ دەسکەوتی ئابووری بۆ تورکیا بەدەستهێنا، توانی ئەو دەسکەوتانە بقۆزێتەوە و سیستەمی سیاسی لە تورکیا  بگۆڕێ بۆ سەرۆکایەتی و دەسەڵاتی دەوڵەت لە شەخسی خۆیدا کۆبکاتەوە و دواتریش وەک خەلیفەی موسڵمانانی جیهان ڕەفتار بنوێنێت، ئیتر هەوڵەکانی لە دەستخستنە ناو کاروباری سوریا و لیبیا و ئێراق و هەندێ وڵاتی ئەفەریقی و ئازربایجان و وڵاتانی دیکە بە ئاشکرا دەرکەوتن.

ئەوەی پەیوەندی بە کوردەوە هەیە ئەردۆگان لەسەرەتاوە نیشانیدا دەیەوێت کێشەی کورد لە ڕێگەی گفتوگۆ و ئاشتیەوە چارەسەرکات، بەڵام ئەو هەنگاوە جگە لە هەنگاوێکی سیاسی تەکتیکی و بەشێک لە شەڕی سیاسی دزێوی فاشیستانە شتێکی دیکە نەبوو، گەر جیاوازیەک لە نێوان کەمال ئەتاتوک و ئەردۆگاندا بۆ کورد هەبێت ئەوەیە، ئەتاتورک توانی لە ڕێگەی ئاینەوە کوردەکان لە تاوانی گەورەی کوشتاری بەکۆمەڵی ئەرمەنەکانەوە بگلێنێت، بەڵام ئەردۆگان جگە لەوەی توانی بەناوی ئاینەوە دەنگێکی دیاری کوردانی باکور بۆخۆی مسۆگەربکات لە هەمان کاتدا کاریگەری لەسەر ئیخوانەکانی باشوور لە ئاستێکدابوو بۆ یەکەمینجار لە مێژووی سیاسی کوردستانی باشووردا ئیخوانەکان بێ هیچ شەرم وسڵکردنەوەیەک و بە ئاشکرا پشتیوانی بۆ ئەردۆگان دەرببڕن و ماکینەی دەزگا ئیعلامیەکانی خۆیان دژی کوردانی باکور و بە قازانجی ئەردۆگان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی تورکیادا بخەنەگەڕ .

ئەم هەڵوێستانەی ئیخوانەکانی کوردستان لە کاتێکدایە زیندانەکانی تورکیاسیخناخە لە مرۆڤی کوردی بێتاوان، هەزاران گەنجی کوردی ئازایخواز لە ژوورە تاریکەکانی زیندانەکانی ئەو وڵاتە پەستێنراون، سەرکردەکانی دادگایی ناعادیلانە دەکرێن، ، ڕۆژانە سەدان تاوانی گەورە و قێزەون دژ بە کوردانی باکور و ڕۆژئاوا ئەنجامدەدرێن، کوردستانی باشوور بێوچان بۆردومان دەکرێت و دارستانەکانی دەبڕدربێتەوە وهاوڵاتیانی شەهید دەکرێن، بەڵام ئیخوانەکانی کوردستان وەک ئەوەی تەنیا مرۆڤی ئیخوانی بە ئیسلام بزانن پشتیوانی ئەردۆگان دەخەنە سەروو ژیان  وماف و کەرامەتی کوردێکی سادەی موسڵمان و خواناسەوە، گەر پێشتر بۆ لەکارلادانی محمد مورسی دەگریان ئەوا ئیمڕۆ بە زیندانیکردنی ئۆجەلان و سەلاحەدین دەمیرتاش خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕن، هەروەک چۆن ساڵانی ڕابردوو بۆ کوشتنیمنداڵێکی نزیک لە حەماسی فەلەستینی دەگریان( بێگومان ئەوە  ئازادیخوازانن دژی تاوانی کوشتنین لە هەموو شوێنێک وهەموو دۆخێکدا) بەڵام ئەوەی تورکیا و گروپە ئیسلامیە تیرۆریستیەکانی سەر بە تورکیا هەزاران خێزانی هەژاری کوردی موسڵمانیان لە عەفرین ئاوارە دەکرد وفەلەستینیان لە جێگەیان نیشتەجێ دەکردن کێشەی ئەوان نەبوو   .

ئەم هەڵوێستە ئاشکرا و بێ شەرمانەی ئیخوانیەکانی کوردستان ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەخەن کە ئەم هێزانە ترسناکترین بزوتنەوەی  سیاسی وکۆمەڵایەتی کۆمەڵگای ئێمەن بەر لە گەشە وپێشکەوتنی کۆمەڵگای کوردی دەگرن و مەترسی گەورەن بۆ سەر بوون و ئازادی مرۆڤی کورد و ئایندەی. ئیخوانەکانی کوردستان کاتێ وەک ئۆپۆزسیۆن قسەدەکەن و باس لە گەندەڵی دەسەڵاتی کوردی دەکەن قسەکانیان لە درۆی شاخدار زیاتر هیچیدکەنین، گەر دەسەڵاتی کوردی لە ڕووی ئابووریەوە وابەستەی تورکیابێت ئەوا ئیخوانەکان لە ڕووی فکری و ئایدۆلۆجیەوە بەجۆرێک وابەستەی تورکیانچاویان لە تاوانە گەرەکانی ئەردۆگان و ڕژێمەکەی تەواو کوێرکردوە و وەک خەلیفەی خۆیان دەیبینن، گومانی تیانیە دەسەڵاتی گەندەڵی کوردی و هێزە ئیخوانیەکان تەواوکەری یەکترن و هاوپەیمانی ستراتیجی ڕاستەوخۆ وناڕاستەوخۆی یەکترن و بوون و مانەوەیان بەیەکەوە پەیوەستە.

بێدەنگبوون لەم هەڵوێستە پڕ لە شەرمەزاریەی ئیخوانەکانی کوردستان مەترسی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئیخوانەکان وەک چۆن لە ئاستی کۆمەڵگادا ڕۆژانە لە هێرش و پەلاماری بەردەوامدان بۆ سەر ئازادیە شەخسی و کۆمەڵایەتیەکان لە ئاستی سیاسیشدا جگە لەو هەڵوێستە شەرمەزاریانەی خزمەت بە دوژمنان و داگیرکەرانی کورد دەکات هیچ بەرهەمێک و هیچ خێروبێرێکی دیکەیان نابێت. 


16/05/2023



وتارەکانی تری نوسەر