عەفرین وفۆبیای ئەردۆگان

عەبدولکەریم هەڵەدنی
ئامانجەکانی فاشیزمی تورک لە هێرشە بەربەریەکانیدا بۆ سەر عەفرین وگەلە خۆڕاگرەکەی وەک فاشیزمێکی نەتەوەیی ودینی بۆ کوردو بۆ جیهان ئاشکرایە ، لە ماوەی چەند ڕۆژەی هێرشەکانی تورکیادا کە بە سودوەرگرتن لە نوێترین تەکنۆلۆجیای چەکی سەردەم بۆ سەر شارێکی بچوک وگەمارۆدراوی سنووریی وەکو عەفرین کە بە شێوەیەکی یەکجار ناهاوسەنگ ونابەرانبەر بەڕیوەدەچێت لەسەرێکەوە ئازایەتی وئیرادەی بەهێزی شەڕڤانان بەجۆرێکە هەمووانی سەرسام کردوە ، لەسەرێکی دیکەوە فۆبیای ئەردۆگان وڕوە چەپەڵە نەتەوەیی وفاشیستیە دینیەکانی ئەو دیکتاتۆرە ملهوڕەمان بۆ دەردەخات ، لە ساتەکانی سەرەتای پەلامارە وەحشیەکانی تورکیاوە بۆ سەر ئەو شارە ئارام وئاشتیخوازە لە پای شکستە یەک لەدوای یەکەکانیدا ئەردۆگان ڕۆژانە وتاری دوورودرێژوفوودراو بە بۆچوونە فاشیستیەکانی خۆی وحیزبەکەی پێشکەش دەکات و هەوڵ دەدات نەک شەقامی تورکی وجەماوەری تورک بۆ پڕوپاگەندە دوژمنکارانەکانی بەرانبەر گەلی کورد تاوبدات ومۆبیلیزەبکات بەڵکو هەوڵدەدات جیهانی ئیسلامی وشەقامی وڵاتانی هەژارودواکەوتوی ئیسلامیش بەو ئاڕاستە پیس وچەپەڵەیدا بجوڵێنێ وگەلی ئاشتیخوازی کورد وەک پیاوکوژودوژمنی ئیسلام نیشانبدات ، بێگومان شەقامی تورکی لەبەر چەندین هۆکاری مێژوویی خۆی ئەو ئامادەیی و مەیلە فاشیستیەی تێدایە بەڵام جوڵاندنی شەقامی جیهانی ئیسلامی لەلایەن ئەردۆگانەوە جیا لەوەی ئامانجی ستراتیجی دوورتری بۆ ئەو وەک خاوەن خەونێکی ئیمپراتۆریانەی نوێ کە خۆی وەک ڕابەروڕۆحی ئیخوانە تێکشکاوەکانی جیهانی ئیسلامی دەناسێنێت لەوەدا کە بە سوپایەکی زەبەلاح وپڕچەک وتەکنۆلۆجیای سەردەمەوە بەرانبەر شارێکی بچوک وجوگرافیایەکی گەمارۆدراوو گەلێکی وەک کوردی عەفرین بێ پشتیوان جگە لەوەی مەوداکانی دڕندەیی وکورتبینی ئەو مەیلە فاشیستیەمان نیشاندەدات سەرەتا بەرەبەیانی شکستی ئەو مەیلە ترسناکەشمان پێدەڵێت ، پەنابردنی ئەردۆگان بۆ شەقامی ناوەودەرەوەو وتارولێدوانە بەردەوامەکانی تاکو ڕادەی پەنابردن بۆ بەکارهێنانی زمانی بازاڕی وقسە بێتام وبێنرخەکانی وسودوەرگرتن لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی وڵاتەکەی لە دەستدرێژیەکانیدا بۆ سەر عەفرین ئەردۆگانی توشی فۆبیایەک کردوە دەکرێت شکست لە زۆربڵێیە پوچ وبێ ماناکانیدا لەسەر دەستی هێزی کەم چەک وکەم ژمارە بەڵام ئیرادەبەهێزی شەڕڤانانی کوردی عەفریندا بخوێنیتەوە ، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە لەسەرێکەوە بێ شەرمی هەندێ سەرکردەی کوردی ئیخوانی وئەردۆگانی وبوونی لایەنگری کوردی ئیخوانی وئەردۆگانیە لەم کاتەدا کە وەک نۆکەروکرێگرتەی هەرزان بەئاشکرا پشتیوانی لە دوژمنان لە قەتڵ وعامی گەلەکەی خۆیاندا دەکەن ، هەروها بەردەوامی نۆکەرایەتی سیاسی خێڵەکی کوردو حیزبە لات ولەوێریەکانی وهەڵویستە سوک ولاوازەکانیان وا لەمرۆڤی کورد دەکات تەنیا شتێک لەم ڕۆژگاروسەردەمەدا شانازی پێوەبکات وشەرم لە کوردبوونی خۆی نەکات ئازایەتی وخۆڕاگری شەڕڤانەکانی عەفرینە کە دەبێت وەک پاڵەوانەکانی کۆبانێ هەتاهەتایە سوپاسگوزاروقەرزاریان بین .
بێگومان سەرکەوتنی عەفرین نابێت بەسەرکەوتنێک بۆ گەلی کورد بەتەنیا بەڵکو لە ناوچەیەکدا کە پڕە لە دەوڵەتی فاشیستی ، حیزب وگروپی دینی ونەتەوەیی فاشیستی ، هێزی خێڵەکی وسیاسی فاشیستی ، تێکشکانی فاشیزمی تورک سەرکەوتنێکی یەکجار گەورەمەزن دەبێت بۆ بەرەی دیموکراسی وئازادیخوازی گەلانی ناوچەکە ، بۆیە پشتیوانیکردن لەعەفرین لە ئیستاداو لەم ڕۆژەدا ئەرکی سەرشانی هەموو مرۆڤێکی دیموکراس وئازادیخوازومرۆڤدۆستە 


24/01/2018



وتارەکانی تری نوسەر