ئەوەی لەئێران ڕوویدا لە بارەی کۆرۆناوە!

ئاوات عەلی


بەپێی ئەو داتایانەی تا ئێستا لەسەر زیاتر لە ٨٠ هەزار توشبووەکەی کۆرۆنا لە جیهان و ئەو دەیان وڵاتەی ڤایرۆسەکەی تیادا بڵاوبووەتەوە، ئاماری بڵاوبونەوەی نەخۆشییەکە لەڕووی ستاتیستیکییەوە ئاسایی دابەشبووە، واتە سەرەتا بە ژمارەی توشببوانی کەم و ووردە ووردە بەرزدەبێتەوەو دواتر دەگاتە لوتکە و پاشان نزم دەبێتەوە.


بەڵام ئەوەی ئامارەکان لە ئێران ڕوونیدەکەنەوە، بە تایبەت ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە کە نزیکەی ١٥%ی توشبووان یان زیاترە، ئەوە دەردەخات کە ڤایرۆسەکە زۆر پێشتر لە ١٠ ڕۆژ لەمەوبەر لە ئێران بڵاوبوەتەوەو توشبووان زیاتر لە سەدانی تێپەڕاندبێت. ڕانەگەیاندنی پێش وەختەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە لە ئێران بەهۆی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە بوو، بۆ ئەوەی هاوڵاتیان ترسیان لە بەشداریکردن نەبێت!


چین لە ئێستادا لە قۆناغی کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی ڤایرۆسەکە نزیک بووەتەوەو توشبووانی ڕۆژانە بۆ کەمترین ئاست دابەزیوە، بەڵام ئێران و ئیتاڵیا لە ئێستادا مەترسین بۆ دروستبونی سەرچاوەی تری ڤایرۆسەکە لە دەرەوەی چین.


بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکانی ئەنفلۆنزا هەمیشە سەرەتا و کۆتایی هەیە بۆ بڵاوبونەوە، واتە ووردە ووردە ئامارەکانی زیاد دەکات و دەگاتە لوتکە و نزم دەبێتەوە، بەڵام خۆپارێزی و جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان کاتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە و دامرکانەوەو کۆنتڕۆڵکردنی خێراتردەکات.


باشترین و ئاسانترین خۆپارێزی و بەشداریکردن لە شەڕی کۆرۆنادا، دەستشتنی بەردەوام و نەچونە شوێنی قەرەباڵەغ و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی و خۆپارێزییە لە بری ترس و دڵڕاوکێ!

29/02/2020



وتارەکانی تری نوسەر