هەرێمی کۆمپانیاکان

عوسمان زیندانی
هەموو کۆمەڵگایەک لەدنیادا دەسەڵات و شێوازی حکومڕانی خۆیی هەیە ، دیارە لەو دەوڵەتانەی تاڕادەیەک پێشکەوتن و مافی مرۆڤ و چەمک و بنەماکانی دیموکراتی تیادایە ، دەسەڵاتێکی ئاشکراو ڕاستەوخۆ هەڵبژێراوی هەیە ، هیچ شتێکی تر جگە لە دامەزراوە شەرعیەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری و کۆمەڵی مەدەنی وجودی نیە و ئەگەر هەش بێت ئەوا دەسەڵاتی نیە یان توانای هەیمەنە کردنی زۆر لاوازە .

بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا بەناو و بەڕووی دەرەوەدا دیموکراتی و دەسەڵاتی حکومەت و پەرلەمان و دادگا هەیە و ڕۆژانە ئەم چەمکانە بووتە قسەی سەرزاری بەرپرسەکانی دەسەڵات کە کارو چالاکی حکومی پێ ڕادەپەڕێن ، بەڵام لە حقیقەتدا لەناو هەرێمی کوردستان ئەوەی وجودی نەبێت ئیرادەی سەربەخۆی حکومەت و دامەزراوەکانیەتی ، ئەوە پەرلەمانە بەحساب نوێنەری گەلن بەڵام لەلایەن گروپی دەستڕۆشتوی ناو دوو حزبی دەسەڵاتەوە سەرۆکایەتیەکەی ئاراستە دەکرێت و حساب بۆ فراکسیۆنەکانی تر ناکەن ، ئەوە حکومەتە هیچ حساب بۆ ناڕەزایەتی و داواکانی خەڵک بەگشتی و مووچە خۆران و چینی کرێکار ناكات و بەردەوامە لە سەر سیاسەتی برسی کردن و بێکار کردنی کرێکاران ، دامەزراوەی دادگا بوەتە مەخسەرەی زەمانە بەدەست دەستێوەردانی سەربازە دەست ڕۆشتوەکانی ناو ئەمن و ئاسایش و سوپا .

بکوژەکانی ژنان و ڕۆژنامەنووسان ڕۆژانە بەبەرچاوی خەڵکەوە دێن دەچن و زۆریان دەڵاڵی بۆ بەرپرساکان دەکەن .

لەم دەستە بچوکراوەی دەرەوەی دامەزراوەکان خراپتر و مەترسیدار تر بوونی دەسەڵاتێکی ترە کە ژیانی ئابووری و بازرگانی و کارو کاسبی جەماوەری کۆنترۆڵ کردوە ئەویش دەسەڵاتی کۆمپانیاکانە کە لەبەر خاتر کۆمپانیاکان ژینگە تێک دەدەن شاخ و باخ
و درەخت و سنەوبەر بە شۆفڵ دادەماڵن و دەڕوخێنن ، دەیکەنە شوقەو بینای بەرز بۆ خۆیان و کۆمپانیاکانیان ، بەسەدان دۆنم  زەوی کشتوکاڵی خراوەتە  خزمەتی کۆمپانیاکانی  هەر دوو حزبی حکومڕان و گروپە بۆرژوازیەکانی دەسەڵات یان کردوەیانە بە بینای دامەزراوەکانی حزبەکەیان بەڵام لەولاشەوە ، هەزاران فەرمانبەر کرێچین و هەزاران گەنج بێکارن و هیچ پرۆژەیەکی کشتوکاڵی نیە تاکاری تیادا بکەن وە هەزاران جوتیار بەرهەمەکانیان نافرۆشرێت بە هۆی هێنانی کاڵا و بەرهەمی دەرەکی کۆمپانیاکانی کوڕی بەرپرسەکان ، لەناو پرۆژە و کۆمپانیاکاندا ڕۆژانە پێشێلکاری یاسایی دەکرێت بەرامبەر کرێکاران و ساڵانە بەدەیان کرێکار گیان لەدەست دەدات بەڵام دادوەری گشتی هیچ هەڵوێستێکی نیە لەبەرامبەر ئەم بێ مافیەدا .

ئەم سیاسەتە دەرئەنجامی نیزامی سیاسی و مۆدێلی حکومڕانی دەسەڵاتە کە لەسەر بنەمای چینایەتی دامەزراوە و کار دەکات و بەرنامە ڕێژی دەکات بۆ کۆکردنەوەی سامان و دارایی بۆ خۆیان و کۆمپانیاکان .

لێرە کۆمپانیا دەسەڵاتی زۆرترە لە یاسادانان .
کۆمپانیا هەیبەتی زیاترە لە حکومەت ودامەزراوەکانی .
کۆمپانیاکان دەسەڵاتیان زۆرترە لە دادگا .
کومپانیا خۆشەوویسترە لە ژینگەی کوردستان و لە باخ و درەخت و سنەوبەرەکان.

ئێرە هەرێمی کۆمپانیاکانە و دەبێت خەبات بکەین بۆ نەهێشتنی دەسەڵاتی نادەستوری و نایاساییی و نادیموکراتی کە دەسەڵاتی شاراوەی دەرەوەی دامەزراوەکانە و دەبێت هەرێمی کۆمپانیاکان بگۆڕین بە هەرێمی گەل و ئینسانەکان کە ئەم پەیامە هەڵگری دیدگا و قوتابخانەیەکی فکری جیاوازە لەم نیزامە بۆگەنە و بنەما و پایەکانی لەسەر ماف وئازادی مرۆڤەکان و پڕەنسیبی یەکسانی و ژیانێکی ئاسودە و هاوبەش دامەزراندووە . 


09/07/2022



وتارەکانی تری نوسەر