خۆپیشاندانەکان بەرەو کوێ؟

عوسمان زیندانی
 
‎ لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا خۆپیشاندانەكانی مووچە خۆران  بەردەوامی هەبووە و بەشێوەیەكی شارستانی دوور لە توندو تیژی بەڕێوە چووە و هەمیشە  جەخت لە پێدانی مووچە كراوەتەوە ، بەنەفەسێكی درێژ بەردەوامیدراوە بەكار و چالاكی بۆ بەدیهێنانی مافەكانیان ،لە ڕاستیدا ئەمە شێوازیكی ڕاستەقینەی تێكۆشانی چینێك یان توێژێكی كۆمەڵایەتیە لە چوار چێوەی ماف و یاسا و ڕێسا دیموكراسیەكان ، بەڵام هەردوو دەسەڵاتی هەرێم كوردستان بێدەربەستانە مامەڵەیان لەگەڵ ڕەوشی ناڕەزایەتی و داخوازیەكانی موچە خۆران كردوە كە بە شێوازی مەدەنی كار و چالاكی  ئەنجامداوە٠

‎لێرە بەدواوە  پێویست دەكات خۆپیشاندانەكان گۆڕانگاری بەسەردا بێت لە ڕووی  بەرنامە و دروشم و شێوازەكەیەوە   داواكردنی مووچە بگۆڕێت بۆ نەهێشتن و كەنار خستنی ئەو سیاسەت وبەرنامانەی بونەتە مایەی قەیرانی ئابووری  و نەدانی مووچە ، پێویستە دروشمەكان تەواو سیاسی بن و  دەست بخەنەسەر برینی ڕاستەقیەنەی سەر جەستەی زامداركراوی كۆمەڵگەی كوردستان و بەرفراوانتر لەمووچە داوا بكرێت هەوڵی گۆڕانگاری بدرێت٠

‎یەكەم :هەوڵ بدرێت سەرجەم چین و توێژەكانی تری ناو كۆمەڵگە بكرێنە هاوبەش لەناڕەزایەتیەكان و  فرسەتیان بۆ بڕەخسێنرێت تا گوزارشت لە مەینەتیەكانی خۆیان بكەن بۆ نموونە (بێكاران )بكرێنە بەشێك لە دروشمەكانی خۆپیشاندەران و هەلی كاری گونجاو بۆ هەموان وەك ئەركێكی حكومەت بخرێتە ڕوو و ببێتە دروشمی دەستی مووچەخۆران.

‎دووەم : ئەنجومەنێك پێك بهێنرێت بۆ دانەمەزراوەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان كە زیاترلە دەساڵە دانەمەزراون و لەكەرتی تایبەتیش هیچ هەلێكی كار نیە بۆیان كەبەپێی جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤ كاری گونجاو بەندێكی سەرەكی و مافێكی بێ ئەملاوئەولای مرۆڤە٠
‎سێیەم :نوێنەرانی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و چالاكوانان بەبەرنامەیەكی داڕێژراو و بەهەڵوێستێكی هاوبەشەوە لەنێوان ڕێكخراوەكانیان دروشمەكان دابڕژن و بێنە مەیدانی ناڕەزایەتیەكان چونكە ئەوانیش بەشێكی گرنگی ناو ململانێكانی كۆمەڵگەن لەهەمان كاتدا بەشێكی قوربانی ئەو بێ مووچەیی و نەهامەتیانەن٠

‎ چوارەم: كرێكاران و ڕێكخراو وسەندیكا كرێكاریەكان و ئەندازیاران و تەكنكیكاران  داواكاریەكانیان بكەنە بەرنامەیەك و هاوبەشی و ڕێكیبخەن لەگەڵ داخوازی مامۆستایان و مووچە خۆران ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی٠

‎پێنجەم :  ڕۆشنبیران و نوسەران هونەرمەندان بەگوتار و لێدوان و بەنووسین و بەرهەمەكانیان فشار دروست بكە لەسەر دەسەڵاتی هەرێم بۆ ئاڵوگۆڕی سیاسەتی حوكمڕانی و ڕوانگەی بەڕێوەبردنی ژیانی سیاسی و نەخشەی ئابووری و كار گێڕی لە هەرێمدا  چوونكە بەڕاستی ڕۆڵی  ئەمان لەمێژووی شۆڕش و ڕاپەڕین و ئاڵوگۆڕەكانی دنیادا ڕۆڵێكی سەرەكی بووە و نابێت لەهەرێمی كوردستانیش ڕۆشنبیران و نوسەران ئابەم  هەڵوێست و دابەش بوون و شێوەی ئێستا بمێنەوە٠

‎شەشەم : لەنێوان ئەم دەستە و چین وتوێژ وڕێكخراوانەدا سەركردایەتیەك یان ناوەندێكی نوێ دروست بكرێت بۆ سەرپەرشتی ناڕەزایەتیەكانیان و داڕشتنی بەرنامە و دروشم و داخوازی گشتگیر تر لەڕووی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی وكلتوریەوە كەسەرچاوە وبنەما بن بۆ لەبەینبردنی ئەم سیاسەتی برسی كردن وپەراوێزخستنی توێژە كۆمەڵایەتیەكان و چەوسانەوەی كرێكاران و پێشێلكردنی یاسایی مافی مووچە و دەرماڵە و زۆر شایستەی تری ئیداری و ئابووری ، ئەم ناوەندە سەرپەرشتی و بانگەوازی  كاری  جدی بكات بۆ ڕووبەڕووبونەوەی دەسەڵاتداران.

‎حەوتەم: حزب ولایەنە سیاسیەكانی دەرەوەی دەسەڵات پێكەوە و دوور لە و خاڵ وبەرنامە جیاوازانەی هەیانە لەسەر چەند خاڵێكی سەرەكی و گشتی ڕێبكەون كەهاوبەشن تیایدا لە چۆنیەتی ململانێ كردنی دەسەڵات لەسەر شەقام و لەڕاگەیاندن و ناو مەیدانی جەماوەریدا و پشتگیری كردن و هاوبەشی كردنی ناڕەزایەتیەكانی چین و تۆێژەكان و مووچە خۆران ، چوونكە دەسەڵات بەبەرنامە  باڵاترین دامەزراوی یاسادانان وچاودێری كردنی پەك خست و خۆی بەهانەی یاسایی دایە دەستی دادگای فیدراڵی عێراق بۆ لەكار خستنی پەرلەمانی كوردستان  ، دیارە هەموان دەزانین لە ناوەندی عێراقدا نیەت وعەقلیەتی دژ بە قەوارەی  هەرێم هەیە  بەڵام سەرۆكایەتی پەرلەمان كە یەكێتی و پارتین پێكەوە و بەئەنقەست هەڵبژاردنیان دواخست  وئەم مەیدانیەی چاودێركردنەیان پەك خست.

‎لەبەشی سێیەمی ئەم بابەتەدا  باسی شێواز و ئاراستەی و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەكەین كەنابێت لەم شێواز و ئاراستەی ئێستایدا بمێنێتەوە   ٠


21/12/2023



وتارەکانی تری نوسەر