کورد+ کورد = سفر

د. سه‌ردار عه‌زیز
لەم دواییانەدا هەوڵێک هەبوە بۆ نزیک کردنەوەی باشور و ڕۆژئاڤا. بەڵام هەوڵەکە شکستی هێنا، سەرباری هەوڵی ئەمریکا و فەرەنسا. بۆ من سەرباری ڕێگریی و هۆکاری ئێستایی، لە پشت بێ توانایی کوردەوە بۆ پێکەوەبون هۆکاری قوڵتر هەیە کە دەبێت قسە لە سەر بکەین.
لە ساڵی ٢٠١٨ لێکۆڵەری ئەمریکی ئامی چاو، کتێبێکی نوسی بە ناوی 

Political Tribes: Group Instinct and the Fate of Nations خێڵی سیاسی: غەریزەی گروپی و چارەنوسی گەلان. تێزەکەی ئامی لە سەر ئەو بنەمایە بونیادنراوە کە گەلان، زیاتر خێڵەکین نەک نەتەوە. ئامانجی ئەو ئەوەیە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکی دان بە خێڵکەێتی سیاسیدا بنێت بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ ئەوانیتردا.

ئەوەی دەتوانین لە کتێبەکەی ئامیەوە فێربین لە ڕوانگەی بتوانایی پێکەوەبونی کوردی و کورد، زاڵی غەریزەی تیرەگەرێتی و نەبونی ئاگایی نەتەوەیی. لێرەدا مەبەستم لە ئاگایی نەتەوەیی ئەو هاشوهوشە نیە کە لەو بارەوە لە ئارادایە. بەڵکو نەتەوە و خێڵ وەک دوو یەکەی بەرامبەر یەکتر دادەنێم، یەکەمیان، کە خێڵە، لە سەر بنەمای غەریزە بونیاد دەنرێت. ئەم گروپچێتیە غەریزەییە، لە کۆنترین خەسڵەتەکانی کۆمەڵگا مرۆییەکانە. 

لە بەرامبەر ئەمەدا نەتەوە هەیە، کە داهێنراوێکی مۆدێرنەیە لە سەر بنەمای دروستکردنی هاوبەشی دەستکرد، لە نێوان خەڵکانێکدا کە لە ڕێگای دەزگا و ئاگایی و ناوەندەکانەوە، ئەو هاوبەشییە دەکەنە پرسێکی ڕۆژانەی ناوەکیی کراو، لە پێناو پرۆسەیەکی سیاسی گشتیدا.
لە ناو کورددا، نەتەوە وەک چەمکێک هاتوە، بەڵام خزێنراوەتە ناو جوغزی خێڵەوە. دەکرێت لێرەدا چەمکی خێڵنەتەوەی بۆ دابنێین. خێڵنەتەوە ئەو خەڵکانەن کە چەمک و زاراوە نەتەوەییەکان بەکاردەبەن بە غەریزە و خواستی خێڵەکی.

خێلە سیاسییە کوردییەکان کە بە هەڵە پێیان دەگوترێت پارتی سیاسی، وەک هەر خێڵێکی سیاسی تری ناو مێژوی درێژی مرۆڤایەتی لە سەر بنەمای دژایەتی و بوغز بۆ خێلەکەی تر کار دەکات. بونی ئەم پاشخانەیە کە وەهایکردوە، بۆ نمونە، تورکیا زۆر بە ئاسانی ڕێگریی بکات لە نزیکبونەوەی باشور و ڕۆژئاڤا، بەڵام ئەمریکا و فەرەنسا شکست بخۆن لە هەوڵی نزیکبونەوەیان. بەو مانایە، چونکە لە هەناو هابیتۆسی کوردیدا، ئامادەیی هەیە بۆ پەرتی، دژبون، بوغز، هەر هەوڵێک بۆ پەرتکردن بە ئاسانی سەرکەوتوو دەبێت، بەڵام هەر هەوڵێک بۆ نزیکبونەوە و تێکەڵبون شکست دەهێنێت.

خێڵنەتەوە، دۆخێکی ئاڵۆزە کە نە وەک خێڵی تەقیلیدی ماوە و نە بوە بە نەتەوە، بۆیە لە دۆخێکی دەبڵ سەقەتدا دەژی. 
چۆن پێکەوەبیت؟ تەنها بە ئەوە نابێت کە شیعر هەڵدەیت و ئاخ هەڵکێشیت و دروشم و دەربڕینی ئایدیالیانە بڵێیت. بەڵکو پرۆسەیەکی ئاڵۆزە پێویستی بە هەموو بنەما ماددی و مەعنەوی و ئاگایی و دەزگاییەکان هەیە بۆ لێک نزیکبونەوە.

لە ڕاستیدا تێزی ئەوەی کە نەتەوە بونێکی خەیاڵکراوە و ئەم خەیاڵەش بەرهەمی تەکنەلۆجیای وەک چاپخانە و ڕۆژنامەیە، مانای ئەوەیە کە نەتەوەی پرسێکی تەکنەلۆجییە. بەو مانایە نە سروشتیە، نە هەمیشەییە، نە تایبەتە. 

لە هەمانکاتدا تەکنەلۆجیا بریتیە لە چۆنێتی بەکارهێنانی، چونکە تەکنەلۆجیا دەکرێت بەرهەمهێنی خێڵکەیی بێت جارێکی تر، وەک ئەمڕۆ لە سیاسەتی شوناسی چەپدا دەیبینین.

28/04/2024



وتارەکانی تری نوسەر